رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا سزای بەسەر وەزیری ناوخۆ و 10 بەرپرس و کەسایەتیی دیکەی ئێرانیدا سەپاند؛ ئەمەش لە چوارچێوەی چڕکردنەوەی گوشارە نێودەوڵەتییەکانە لەسەر تاران.
ئەم بڕیارە کە لە 2ی شوباتی 2026 دەرچووە، بەگوێرەی وەزارەتەکە، "وەڵامێکی راستەوخۆ دەبێت بۆ پێشێلکارییە بەردەوامەکانی مافی مرۆڤ و سەرکوتکردنی تووندوتیژانەی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، سزاکان بریتین لە بلۆککردنی سەرمایە، قەدەخەکردنی گەشتکردن بۆ ناو خاکی بەریتانیا و رێگری لە هەر جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی.
ئەم لیستە نوێیە کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای وەزارەتی ناوخۆ، فەرماندەی پۆلیس، دادوەر و تەنانەت کەسایەتییەکی دارایی ناسراویش دەگرێتەوە. وەزارەتەکە دەڵێت، "تۆمەتبارن بەوەی دەستیان هەبووە لە بێبەشکردنی هاووڵاتییان لە مافە سەرەتاییەکانیان و بەکارهێنانی تووندوتیژی دژی خۆپێشاندەران."
28ی کانوونی یەکەمی پار، هاووڵاتییانی ئێران لە تارانەوە دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزای و خۆپێشاندان کرد. دواتر، هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە تووندوتیژیان دژی خۆپێشاندەران بەکارهێنا.
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی هرانا، تاوەکو ئێستا کوژرانی زیاتر 6800 کەس پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام حکومەتی ئێران باس لە کوشتنی 3117 کەس دەکات.
ئەو کەسانەی خراونەتە لیستی سزاکان
ئەسکەندەر موئمنی
پۆست: وەزیری ناوخۆ و جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ کاروباری پۆلیس
هۆکاری سزا: بەرپرسیارێتی لە تووندوتیژی دژی خۆپیشاندەران لە ساڵانی 2025 و 2026.
محەممەد رەزا هاشمیفەر
پۆست: سەرۆکی پۆلیسی پارێزگای لوڕستان
هۆکاری سزا: سەرکوتکردنی ئازادی رادەربڕین و کۆبوونەوەی ئاشتییانە
ئەحمەد ئەمینی
پۆست: عەقید و بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری نوور
هۆکاری سزا: سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی باڵاپۆشی بە زۆر
محەممەد قەنبەری
پۆست: فەرماندە لە سوپا
هۆکاری سزا: تێوەگلان لە ئەشکەنجەدان، تووندوتیژی سێکسی و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران
ئەحمەد دەروێش گوفتار
پۆست: دادوەر لە لقی 1ی دادگای شۆڕشی رەشت
هۆکاری سزا: پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە رێگەی کارە دادوەرییەکانییەوە
مەهدی رەسەخی
پۆست: دادوەر لە دادگای شۆڕشی رەشت
هۆکاری سزا: پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ
محەممەد زەمانی
پۆست: بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران
هۆکاری سزا: دەستهەبوون لە کوشتنی خۆپیشاندەرێک و ئەندامێتی لە رێکخراوێکی سەرکوتکەر
سەید مەجید فەیز جەعفەری
پۆست: بەرپرسی پەیوەندیدار بە چالاکییە ئەمنییەکان
هۆکاری سزا: پێشێلکردنی مافی ئازادی رادەربڕین و کۆبوونەوەی ئاشتییانە
یەدوڵڵا بوعەلی
پۆست: بەرپرسی سەربازی/ئەمنی.
هۆکاری سزا: پێشێلکردنی مافی ژیان و ئازادی رادەربڕین
بابەک زەنجانی
پۆست: بازرگان و سەرمایەدار
هۆکاری سزا: دابینکردنی هاوکاری دارایی بۆ ئەو کەسانەی مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن
هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی
پۆست: دامەزراوەی پۆلیسی ئێران.
هۆکاری سزا: سەرکوتکردنی کوشندەی خۆپیشاندەران لە سەرانسەری وڵات لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی 1ی 2026
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ