رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی رووسیا رایدەگەیێنێت، گوشارە ئابووری و سەربازییەکانی سەر کوبا "قبووڵنەکراون"، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئیدارەی ئەمریکا هەڕەشەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە زیاتر کردووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی سەرۆکایەتی واژۆ کردووە، تێیدا هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگی زیادە دەکات بەسەر هەر وڵاتێکدا نەوت بە کوبا دەفرۆشێت؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کوبا بەدەست خراپترین قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت.
میگێل دیاز کانێل، سەرۆکی کوبا بڕیارەکەی ئەمریکای بە هەوڵێک بۆ "خنکاندنی" ئابووریی وڵاتەکەی ناودەبات.
هاوکات بەگوێرەی راگەیێندراوی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ برونۆ رۆدریگێز، وەزیری دەرەوەی کوبا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختی کردووەتەوە لەوەی "پچڕانی دابینکردنی وزە بۆ دوورگەکە مەترسییە بۆ سەر خراپتربوونی دۆخی ئابووری و مرۆیی وڵاتەکە."
لاڤرۆڤ دووپاتیشی کردەوە کە مۆسکۆ پابەندە بە بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی پاڵپشتیی سیاسی و مادیی پێویست بە کوبا.
ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و هاڤانا دوای ئەوە زیاتر بوون کە ئەمریکا دەسەڵاتی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلای رووخاند، کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوت بوو بۆ کوبا.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەڕەشەکانی ئەمریکا، خەڵک لە هاڤانای پایتەختی کوبا لەبەردەم وێستگەکانی سووتەمەنی ریزی درێژیان بەست.
لە دوای رووخانی یەکێتی سۆڤییەت، کوبا رووبەڕووی پچڕانی بەردەوامی کارەبا و سەختترین قەیرانی ئابووری بووەتەوە، لەبەر ئەوەی پێش رووخانی سۆڤییەت، کوبا نزیکەی 85٪ـی بازرگانییەکەی لەگەڵ سۆڤییەت بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ