براوەی خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی راگەیێندرا

03-10-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راگەیاندنی ناوی براوەکانی خەڵاتەکانی ئەمساڵی نۆبڵ دەستیپێکرد و تاوەکو 10ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، کە لە شەش بواردا بە داهێنەران دەدرێت. لە یەکەم رۆژیشدا خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی بە زانایەکی سوێدی لە بواری زانستی بۆماوەیی درا، کە دۆزینەوەی لەسەر شێوەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ و پێکهاتەی جۆرێکی دیکەی مرۆڤ کردووە کە پێشتر نەزاندراو بووە بەناوی دێنیسۆڤا.
 
لە ساڵی 1901ـەوە خەڵاتەکانی نۆبڵ بەو کەس و رێکخراوانە بەخشراون کە کارەکانیان بوونەتە هۆی پێشکەوتنی گەورە لە ژیانی مرۆڤدا، ئەوەش لەسەر داوای ئالفرێد نۆبڵ بووە، کە داهێنەری خەڵاتەکەیە.
 
خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی
 
رۆژی دووشەممە، 3ی تشرینی یەکەمی 2022 خەڵاتی نۆبڵ بۆ بواری پزیشکی راگەیێندرا. براوەی ئەمساڵی خەڵاتەکە، سڤانتێ پابۆی سوێدی، زانای بواری زانستی بۆماوەیی بوو. خەڵاتەکەش بۆ دۆزینەوەکانی لە بواری زنجیرەی بۆماوەیی مرۆڤی نیاندەرتاڵ و دۆزینەوەی پێکهاتەی مرۆڤی دێنیسۆڤا پێدرا.
 
مرۆڤی نیاندەرتاڵ شێوە مرۆڤێکن کە وا مەزەندە دەکرێت پێش 300 بۆ 400 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا لە دەرەوەی ئەفریقا گەشەیان کردبێت و لە ئەوروپا و رۆژئاوای ئاسیا نیشتەجێ بووبن. هەرچی مرۆڤی دێنیسۆڤایە بەپێی دۆزینەوە زانستییەکان لە 40 بۆ 70 هەزار ساڵ پێش ئێستا ژیاون. 
 
لە ساڵی 2008دا پابۆ و تیمەکەی بۆهێڵێکیان لە پارچە ئێسکێکی تەمەن 40 هەزار ساڵی لە ئەشکەوتێکی باشووری سایبیریا دۆزییەوە کە لە مرۆڤە لەنێوچووەکانی دێنیسۆڤا بۆ مرۆڤی ژیری ئێستا گوازراوەتەوە. لەوبارەیەوە، لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ پزیشکی رایگەیاند، "بە ئاشکراکردنی جیاوازیی بۆماوەیی، کە هەموو مرۆڤەکانی ئێستا لە مرۆڤی لەنێوچوو جیادەکاتەوە، دۆزینەوەکانی دەبنە بنچینەی گەڕان بەدوای ئەو شتەی کە وادەکات ئێمە مرۆڤ بین."
 
ساڵی رابردوو، خەڵاتی نۆبڵ بۆ بواری پزیشکی بە هەریەک لە دەیڤید جولیوس و ئادەم پاتاپۆتیان درا. ئەوەش بۆ دۆزینەوەکانیان لە بواری هەستەوەرەکانی پلەی گەرمیی لەش و دەستلێدان کە لە پەرەپێدانی چارەسەری چەند نەخۆشییەکی وەکو ئازاری ماوەدرێژ سوودی لێ دەبیندرێت.
 
خەڵاتەکانی دیکەی نۆبڵ لە چ بوارێکدا دەبەخشرێن؟
 
وەرزی ئەمساڵی دابەشکردنی خەڵاتەکانی نۆبڵ بەردەوام دەبێت و رۆژی سێشەممە خەڵاتی نۆبڵ بۆ فیزیا و رۆژی چوارشەممەش خەڵاتی نۆبڵ بۆ بواری کیمیا دەبەخشرێن.
 
دواتریش، رۆژی هەینی خەڵاتی نۆبڵی بواری وێژە و رۆژی شەممەش خەڵاتی نۆبڵی بواری ئاشتی رادەگەیێندرێت و رۆژی 10ی مانگ بە راگەیاندنی خەڵاتی نۆبڵی ئابووری کۆتایی بە دابەشکردنی خەڵاتەکان دەهێندرێت.
 
ئەوەی زیاتر لە هەر خەڵاتێکی دیکە چاوی لەسەرە، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە. بەربژێرانی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەش پێشبینی دەکرێت ئەمانە بن: دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ لە ئۆکراینا؛ ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی بەندکراوی ئۆپۆزیسیۆنی رووسی و گرێتا سەنبێرگ، چالاکڤانی سوێدی بۆ بواری کەشوهەوا.
 
لە ساڵی 1901ـەوە تاوەکو ساڵی 2021، لە شەش بواردا 609 خەڵاتی نۆبڵ بە 975 کەس دراون، بەم جۆرە: فیزیا 115 خەڵات؛ وێژە 114 خەڵات؛ کیمیا 113 خەڵات؛ پزیشکی 112 خەڵات؛ ئاشتی 103 خەڵات و زانستە ئابوورییەکانیش 53 خەڵات.
 
خەڵاتی دوای مردن
 
لە ساڵی 1974ـەوە رێساکانی نۆبڵ رێگە بە پێدانی خەڵاتەکە بە کەسانی کۆچکردوو نادات، بەڵام ئەوانەی کە لە ماوەی نێوان راگەیاندنی خەڵاتەکان لە مانگی ئۆکتۆبەر و رێوڕەسمی فەرمی لە مانگی دیسێمبەر کۆچی دوایی دەکەن، خەڵاتەکانیان پێدەدرێت.
 
پێش ساڵی 1974 تەنیا دوو کەس خەڵاتی نۆبڵیان لەدوای کۆچی دوایی وەرگرتووە. یەکێکیان داگ هامارسکجۆڵدی سوێدی بوو کە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو و لە ساڵی 1961دا لە کاتی تێکشکانی فڕۆکەکەیدا گیانی لەدەستدا. دواتر، لە مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێدرا.
 
پێش ئەوەش، لە ساڵی 1931 خەڵاتی نۆبڵ بۆ وێژە بە کەسێکی دیکەی سوێدی بەناوی ئەلێکس کاڕڵفێڵد بەخشرا.
 
لە ساڵی 2011شدا لە رووداوێکی کەموێنەدا، لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ پزیشکی، خەڵاتەکەیان بە راڵف ستەینمەنی کەنەدی دا، کە سێ رۆژ پێش راگەیاندنی خەڵاتەکە گیانی لەدەستدابوو، بەڵام لیژنەکە ئاگاداری کۆچی دوایی ئەو نەبوون؛ بەڵام دامەزراوەی خەڵاتەکانی نۆبڵ خەڵاتەکەیان لێنەسەندەوە.
 
خەڵاتی نوێ
 
لە ساڵی 2002دا فینلاند خەڵاتێکی یەک ملیۆن یۆرۆیی بەناوی میلینیۆم تێکنۆلۆژی راگەیاند، بۆئەوەی رێز لەو کەسانە بگرێت کە لە بواری تەکنەلۆژیدا کار دەکەن و ئاڵنگارییە جیهانییەکان چارەسەر دەکەن.
 
لە ساڵی 2008دا خەڵاتەکانی کاڤڵی لە نەرویج کە بەهاکەی یەک ملیۆن دۆلار بوو راگەیێندرا، کە بەو کەسانە دەدرێت داهێنان و دۆزینەوەی نوێ لە بوارەکانی فیزیای بۆشایی ئاسمان، زانستی ئەتۆم و زانستی مێشک و دەماردا دەکەن.
 
نوێترین و گرانبەهاترین خەڵاتیش لەم کاتەدا، خەڵاتی برێکسروویە کە لە ساڵی 2010 لەلایەن گرووپێکی وەبەرهێنەرانی کۆمپانیای سلیکۆن ڤالێی بواری فیلمسازیی ئەمریکی داهێندرا. خەڵاتەکە بە "خەڵاتی ئۆسکار بۆ زانست"ـیش دەناسرێت و چەکێک بە بەهای سێ ملیۆن دۆلاری ئەمریکیی پێشکێش دەکەن، کە ئەوەش سێ هێندەی بەهای خەڵاتی نۆبڵە.
 
بەهای خەڵاتی نۆبڵ چەندە؟
 
خەڵاتی نۆبڵ کە مێدالیایەکی زێڕی عەیار 18یە لەگەڵ 10 ملیۆن کرۆنی سوێدی، یان 905,000 دۆلاری ئەمریکی بە کەسی براوە دەدرێت. کێشی مێدالیاکە 196 گرامە کە 150 گرامی لە زێڕ دروستکراوە.
 
لە ساڵی 2021دا دیمیتری موراتۆڤ، رۆژنامەڤانی رووسی خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی بردەوە. موراتۆڤ خەڵاتەکەی فرۆشت بۆئەوەی یارمەتیی منداڵە ئاوارەکانی ئۆکراینا بدات کە لە ساڵی 2014وە بەهۆی جەنگەوە ئاوارە بوون. مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ خەڵاتەکەی لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە بەهای 103.5 ملیۆن دۆلار فرۆشرا. بەوەش ریکۆردی بە بەهاترین مێدالیای نۆبڵی شکاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی هێرشکارەکە

لە هێرشێکدا لە زانکۆیەکی ئەمریکا 2 کەس کوژران و 9ی دیکە بریندار بوون

لە زانکۆی براون لە ویلایەتی رۆد ئایلەند، کەسێک تەقەی لە خوێندکاران کرد، 2 کەسی کوشت و 9 کەسی دیکەشی بریندار کرد، بەو هۆیەوە زانکۆکە داخرا و سەتان پۆلیس بەدوای گومانلێکراوەکەدا دەگەڕێن. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، هێرشکارەکە رایکردووە و ناسنامەی دیار نییە