رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپیی ئەمریکا نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە مامەڵەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دژی خۆپێشاندەران دەردەبڕێت و بە "چەوساندنەوەی نیگەرانکەر و تۆقێنەر" ناوی دەبات.
کارین ژان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی رۆژی دووشەممە 03-10-2022 رایگەیاند، بەکارهێنانی "تووندوتیژی و دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دژی خۆپێشاندەرانی ئاشتییانە، "نیگەرانکەر و تۆقێنەرە."
گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کرد، خوێندکارانی خۆپێشاندەر "مافی ئەوەیان هەیە وەڵامی شێوازی مامەڵەی حکومەت لەگەڵ ژنان و کچان و هەڵمەتی ئەمنیی تووندوتیژیی بەردەوام دژی خۆپێشاندانە ئاشتییانەکان بدەنەوە."
کارین ژان پیێر جەختی لەوە کردووەتەوە، "هەڵمەتەکانی سەرکوتکردن هەمان ئەو شتانەن کە وای لە ئێرانییەکان کردووە، لەنێویاندا گەنجانی خاوەن بەهرە، بە هەزاران کەس وڵاتەکە جێبهێڵن، بۆئەوەی بەدوای شکۆمەندی و دەرفەتی ژیان لە شوێنەکانی دیکەدا بگەڕێن."
وێڕای گرژییەکان، کارین ژان پیێر روونیکردەوە، ئەمریکا دۆخی خۆپێشاندانەکانی ئێران لە دانوستاندنەکانی چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی جیادەکاتەوە.
ناوبراو ئەوەیشی خستووەتەڕوو، ئەوان "نیگەرانییان بەرامبەر بە ئێران" هەیە، بەڵام هێشتاش رێککەوتنی ئەتۆمی بە "باشترین رێگە" دەبینن بۆ رێگرتن لە گەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی.
گوتەبێژی کۆشکی سپی پێیوایە، "تاوەکو لەو بڕوایەدا بین کە بەردەوامبوون لە گفتوگۆکانی رێککەوتنی ئەتۆمی لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکادایە، ئەو کارە دەکەین، بۆیە لە هەمانکاتدا بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی ئامرازەکانی دیکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی دیکەی هەڵسوکەوتی ئێران."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ