جیهان
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و وتیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا کۆبوونەوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی کۆبوونەوەی نێردەکەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، کۆبوونەوەکە بنیاتنەرانە بوو. یاریدەدەرێکی سەرۆکی رووسیاش هەمان بۆچوونی هەیە. ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە 8ـی ئاب، دوایین مۆڵەتی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا تەواو بێت.
رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، لە مۆسکۆ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆبوونەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال نووسیویەتی، کۆبوونەوەکە "بنیاتنەرانە بوو و پێشکەوتنی گەورەش دروستبوو؛ هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانیشم لەوە ئاگادار کردەوە." دەشڵێت، "هەمووان هاوڕان کە پێویستە کۆتایی بەم جەنگە بێت و هەموو رۆژ و هەفتەیەک بەو ئاراستەیە کاردەکەین".
یوری وشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "گفتوگۆیەکی سوودبەخش و بنیاتنەرانە" بەڕێوەچوو. دەشڵێت، هەردوولا هەڵوێستی خۆیان بۆ پرسەکان بەتایبەت جەنگی ئۆکراینا خستنەڕوو.
پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، پێویستە واشنتن گوشارەکانی لەسەر مۆسکۆ بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ زیاتر بکات.
دوێنێ، سەرۆکی ئۆکرانیا لە ئێکس بڵاویکردەوە، لە گفتوگۆیەکی بەرهەمداردا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا وردەکارییەکانی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و چڕکردنەوەی گوشارەکانیان لەسەر رووسیا باسکرد.
بەگوێرەی سەرۆکی ئۆکراینا، لە کۆبوونەوەکە جەختیان لەسەر پێویستیی راگرتنی دەستبەجێی کوشتنی خەڵک و گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە کردەوە.
زیلینسکی سوپاسگوزاریی خۆی بۆ هەوڵەکانی ترەمپ لەپێناو گەیشتن بە "ئاشتییەکی دادپەروەر و بەردەوام" دەربڕیوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، پێویستە کوشتاری خەڵک بە زووترین کات بووەستێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ترەمپ بە تەواوی ئاگاداری چڕبوونەوەی هێرشەکانی رووسیایە بۆ سەر کیێڤ و شارەکانی دیکەی ئۆکرانیا.
یەکێکی دیکە لە پرسە گرنگەکانی گفتوگۆکە، پلانی سەپاندنی سزای نوێ بووە بەسەر رووسیادا. زیلینسکی گوتی، ئابووریی رووسیا "بەردەوامە لە پووکانەوە" و هەر بۆیەش مۆسکۆ هەستیارە بەرامبەر بەم پرسە. ئەو پێیوایە پلانی ترەمپ بۆ سەپاندنی سزاکان دەبێتە هۆی "گۆڕانکاری زۆر."
پێشتر زیلینسکی داوای لە ئەمریکا کردبوو کە سزاکانی سەر رووسیا تووندتر بکات. وڵاتانی رۆژئاوا پێشتر چەندین پاکێجی سزایان بەسەر کەرتەکانی وزە، دارایی و پیشەسازیی رووسیادا سەپاندووە.
کۆتایی مانگی تەممووز، سەرۆکی ئەمریکا تاوەکو 8ی ئابی بۆ رووسیا دیاریکرد کە کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا بهێنێت، ئەگەرنا سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ