رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی جێبەجێکاریی واژۆ کرد، کە رێگەدەدات بە واشنتن بۆئەوەی وڵاتانی جیهان وەکو سپۆنسەری دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی دیاری بکات و رێوشوێنی سزادانیان بەسەدا بسەپێنێت، لەوانەش سزای ئابووری، بۆ هەر وڵاتێک کە بە نایاسایی هاووڵاتییانی ئەمریکای دەستبەسەر کردووە.
رۆژی هەینی 5ی ئەیلوولی 2025، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا رایانگەیاند، ئیدارەی ترەمپ ئەو وڵاتانە دەکاتە ئامانج کە هاووڵاتییانی ئەمریکا بە نایاسایی دەستبەسەر دەکەن، بەتایبەتی وڵاتانی وەکو چین، ئێران و ئەفغانستان کە سیاسەتی "دیپلۆماسیی بارمتە" پەیڕەو دەکەن.
بەم فەرمانە نوێیە ئەمریکا دەیەوێت قۆناخێکی نوێ لە سیاسەتی دەرەوەی دەستپێدەکات، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتییانی ئەمریکی بە نایاسایی دەستبەسەر دەکەن یان وەک بارمتە بەکاریان دەهێنن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی واژۆکردنی فەرمانەکەدا رایگەیاند، ئەو بڕیارە رێگە خۆشدەکات بۆ دەستنیشانکردنی ئەم وڵاتانە و سەپاندنی سزای تووند بەسەریاندا. ئەم هەنگاوە نوێیە وەکو پەیامێکی روون و تووند بۆ ئەو وڵاتانە تەماشا دەکرێن، کە بە قسەی بەرپرسانی ئەمریکا، هەوڵیان داوە سوود لە هاووڵاتییانی ئەمریکی وەربگرن بۆ بەرژەوەندیی سیاسی یان ئابووریی خۆیان.
"سیاسەتە نوێیەکە و رێوشوێنەکان"
فەرمانی جێبەجێکارییەکە دەسەڵاتی تەواو بە ئەمریکا دەدات بۆ دەستنیشانکردنی هەر وڵاتێک کە بە "سپۆنسەری دەستبەسەرکردنی نایاسایی" هاووڵاتییانی ئەمریکی دادەنرێت.
دواتر، واشنتن چەندین رێوشوێنی سزادان دژی ئەو وڵاتانە دەگرێتەبەر، کە هاوشێوەی سزاکانی دژی رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان دەبێت. ئەم سزایانە دەکرێت سزای ئابووریی تووند، کۆنترۆڵکردنی هەناردە و قەدەخەکردنی گەشتکردن بۆ ئەمریکا بگرێتەوە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی بەشدارن لە دەستبەسەرکردنی نایاسایی.
بەرپرسانی باڵای ئیدارەکە روونیان کردەوە، ئەمریکا سەرەتا ئاگاداری ئەو وڵاتانە دەکاتەوە و کاتێکی دیاریکراویان پێدەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، پێش ئەوەی سزاکان جێبەجێ بکرێن، لەگەڵ ئەگەری هەڵگرتنی سزاکان ئەگەر پێشکەوتنێک هەبێت. ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە هەر هەوڵێكی ئەو وڵاتانە کە بە قووڵی بیر بکەنەوە، پێش ئەوەی هاووڵاتییەکی ئەمریکی دەستبەسەر بکەن.
کاریگەرییە چاوەڕوانکراوەکان و نموونەی وڵاتان
چاوەڕوان دەکرێت ئەم سیاسەتە نوێیە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت لەسەر کەمکردنەوەی دیپلۆماسیی بارمتە و خێراکردنی ئازادکردنی هاووڵاتییانی ئەمریکی لە دەرەوەی وڵات.
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ ئاماژەیان بە چەند وڵاتێک کرد، کە ئێستا هاووڵاتیی ئەمریکییان دەستبەسەر کردووە یان ئەگەری هەیە بکەونە ژێر چاودێریی ئەم سیاسەتەوە؛ لەوانە چین، هەروەها ئێران کە 8 هاووڵاتیی ئەمریکیی دەستبەسەر کردووە و لەژێر سزای قورسی ئەمریکادایە. رووسیاش، کە بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا 9 هاووڵاتیی ئەمریکیی دەستبەسەر کردووە، و ئەفغانستان و ڤەنزوێللاش وەکو وڵاتانی دیکە ناویان هاتووە.
لەوەتەی گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە، دۆناڵد ترەمپ گرنگییەکی زۆری بە ئازادکردن و گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانە داوە کە لە وڵاتانی دیکە دەستبەسەرن. لەو ماوەیەشدا، 72 هاووڵاتیی ئەمریکیی لە رووسیا و ئەفغانستان گەڕاندووەتەوە.
کاردانەوەکان
لەسەر ئەم سیاسەتە نوێیە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "پوختەی بابەتەکە ئەوەیە؛ هەر کەسێک هاووڵاتییەکی ئەمریکی وەک کارتێکی مامەڵە بەکاربهێنێت، باجەکەی دەدات. ئەم ئیدارەیە نەک تەنیا پرسی ئەمریکا دەکاتە پێشەنگ، بەڵکو هاووڵاتییانی ئەمریکاش دەخاتە پێشەوە."
بەرپرسێکی دیکەی ئیدارەکەش، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە میدیای ئەمریکای راگەیاندووە، "ئەمڕۆ، هەموو شتێک دەگۆڕێت سەبارەت بەو رژێمانەی کە پێیانوایە دەتوانن بە ئاسانی مامەڵە لەگەڵ ئەمریکییەکان بکەن."
هەروەها رێکخراوی گلۆبەڵ ریچ، کە رێکخراوێکی ئەمریکییە و کار بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریکییە دەستبەسەرکراوەکان دەکات، ستایشی ئەم هەنگاوەی ترەمپی کرد و رایگەیاند، "ئەم هەنگاوە شتێکە کە کاریگەرییەکی راستەقینەی دەبێت بۆ هەوڵەکانی حکومەتی ئەمریکا بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئەمریکییانەی دەستبەسەر کراون، رێگری لە وڵاتە سەرپێچیکارەکانیش دەکات لە پەیڕەوکردنی دیپلۆماسیی بارمتە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ