رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینى، 06-02-2026 بەکاتى واشنتن (بەرەبەیانى شەممە 07-02-2026 بەکاتی هەولێر) رایگەیاند، واشنتن گفتوگۆی "زۆر باشی" لەگەڵ تاران ئەنجامداوە. وێڕای دەربڕینی گەشبینی بۆ بەردەوامیی دانوستاندنەکان، ترهمپ هۆشداری دا کە ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، "لێکەوتەکان زۆر قورس دەبن."
دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی و لەکاتی چوونی بۆ فلۆریدا، بە رۆژنامەڤانانی گوت، "لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا جارێکی دیکە کۆدەبینەوە."
ئەم لێدوانانەی ترهمپ دوای ئەوە دێن، شاندەکانی هەردوولا لە مەسقەتی پایتەختی عومان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و بە نێوەندگیریی وەزیری دەرەوەی عومان کۆبوونەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کە سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکرد، دوێنێ دوای کۆبوونەوەکە باسی لە هەبوونی "کەشێکی ئەرێنی" کرد.
شاندی ئەمریکا لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆکایەتی دەکرا و شاندی ئێرانیش لە لایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ