رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن بڕیاری دا واز لە پۆستەکەی بهێنێت، ئەوەش دوای ئەوەی پارتەکەی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیراندا رووبەڕووی شکست بووەوە.
شیگیرو ئیشیبای تەمەن 80 ساڵ کەمتر لە ساڵێک لەمەوبەر لەسەر لیستی پارتی لیبراڵ دیموکراسی دەسەڵاتی گرتەدەست، بەڵام لەو کاتەوە دوو هەڵبژاردنی گرنگ کراون کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران بوون و لە هەردووکیاندا پارتەکەی زۆرینەی لەدەستداوە.
لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ژاپۆندا پارتەکەی ئیشیبا 191 کورسی بردەوە و بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو 68 کورسی کەمکرد.
تەمموزی ئەم ساڵیش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران بەڕێوەچوو و پارتی دەسەڵاتدار 39 کورسی بردەوە و بەو جۆرەش ژمارەی کورسییەکانی لە ئەنجوومەنە 248 کورسییەکەدا بوونە 101 کورسی.
میدیای ژاپۆن قسەی جیاواز لەبارەی هۆکاری بڕیارەکە دەکەن. بەشێکی میدیاکان باس لەوە دەکەن، ئیشیبا بڕیارەکەی دا دوای ئەو گوشارە زۆرەی لەسەری بوو بۆ دەستلەکارکێشانەوە. بەشێکی دیکە دەڵێن، خۆی بڕیارەکەی داوە بۆ ئەوەی رێگری لە هەر جۆرە کێشەیەک لەنێو پارتەکەی بکات.
چاوەڕوان دەکرێ ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی رێکبخات و دەستلەکارکێشانەوە رابگەیێنێت.
بڕیارە رۆژی دووشەممەش پەرلەمانتارانی پارتی لیبراڵ دیموکراسی و بەرپرسانی دیکەی پارتەکە لەو وڵاتە داوای دیاریکردنی کەسێکی دیکە بۆ سەرۆکایەتییکردنی پارتەکە و سەرۆکوەزیران بکەن.
ماوەی دەسەڵاتی ئیشیبا وەک سەرۆکی پارتەکە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2027 کۆتایی دەهات و سەرەکیترین رکابەریشی بریتییە لە سانای تاکایشی.
مانگی رابردوو راپرسییەک کرا و ئەنجامەکەی ئەوەی دەرخست کە تاکایشی لە لایەن ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەوە بە گونجاوترین جێگرەوەی ئیشیبا دادەنرێ و دوای ئەویش شینجیرۆ کۆیزوومی وەزیری کشتوکاڵ دێ.
بەڵام زۆرن ئەو کەسانەش کە پاڵپشتی لە ئیشیبا دەکەن و تەنانەت هاشتاگی (ئیشیبا واز مەهێنە) لە سۆشیاڵ میدیا راگەیێندراوە.
پارتی لیبراڵ دیموکراسی لە ساڵی 1955ەوە لە ژاپۆن زۆربەی کات لە دەسەڵات بووە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییشدا ژمارەی ئەندامانی کەمبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکان، دابەزینی ستاندەردی ژیان و توڕەیی لە گەندەڵی لەو هۆکارانەن کە وایکردووە دەنگدەران لە سیاسەتی پارتەکە نیگەران بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ