رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی 19ی ئەم مانگە، "بۆردی ئاشتی" بۆ چارەسەری پرسی غەززە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بکات. کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە گفتوگۆکردن لەسەر کۆکردنەوەی هاوکارییە داراییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە، ئەوەش دوای بانگێشتنامەیەکی فەرمیی کۆشکی سپی بۆ 26 وڵاتی جیهان.
رۆژی 8ی شوباتی 2026، میدیاکانی ئەمریکا ناوەڕۆکی بانگێشتنامەکەی کۆشکی سپییان بڵاوکردەوە. تێیدا هاتووە کە 26 وڵات ئامادەییان دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن لەم بۆردەدا کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی قەیرانەکانە.
ئەرکی بۆردەکە چییە؟
ئەم بۆردە لە بنەڕەتدا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە پێکهێنرا، بەڵام بەگوێرەی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی بۆردەکە، ئەرکەکانی فراوانتر دەکرێن و لە داهاتوودا کار بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان لە تەواوی جیهاندا دەکات.
بەرپرسێکی ئەمریکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بە میدیاکانی راگەیاندووە: "کۆبوونەوەکە بەشێکی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری داراییە، بەڵام هێشتا کار لەسەر وردەکارییەکان دەکرێت."
ئەمە دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی گروپەکە دوای ئەوەی مانگی رابردوو لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆسی سویسرا، رێککەوتنی پێکهێنانی بۆردەکە واژۆکرا. ماڵپەڕی 'ئەکسیۆس'ی ئەمریکی یەکەم سەرچاوە بوو، کە هەواڵی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاستی نوێنەرایەتیی وڵاتان لە کۆبوونەوەی 19ی مانگدا بەتەواوی روون نییە.
پلانەکەی ئیدارەی ترەمپ تەنیا بۆ وەستاندنی شەڕ نییە، بەڵکو گۆڕینی سیمای غەززەیە. مانگی رابردوو جارید کوشنەر، راوێژکاری ترەمپ، پڕۆژەیەکی 11 لاپەڕەیی خستەڕوو کە تێیدا دیدگایەکی جیاوازی بۆ غەززە نیشان دا؛ پلانەکە دروستکردنی زیاتر لە 150 هەوربڕ لەخۆدەگرێت کە بە درێژایی کەناراوەکانی غەززە ریز دەکرێن.
کوشنەر جەختی لەوە کردەوە کە ئەم "پلانە سەرەکییە" هیچ بەدیلێکی نییە و سەرکەوتنیشی بەستراوەتەوە بە مەرجێکی سەرەکی، ئەویش: "داماڵینی چەکی حەماس"ـە.
کۆمەڵێک وڵاتی کاریگەر لە ناوچەکە و جیهان واژۆیان لەسەر بەشداریکردن لەم دەستەیەدا کردووە، لەوانە، ئیمارات، سعودیە، میسر، قەتەر، بەحرەین، تورکیا، پاکستان، هەنگاریا، مەغریب، کۆسۆڤۆ، ئەلبانیا، بولگاریا، ئەرجەنتین و پاراگوای، کازاخستان، مەنگۆلیا، ئۆزبەکستان، ئەندۆنیزیا و ڤێتنام.
لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە رۆژی چوارشەممە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە واشنتن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە. نووسینگەی نەتەنیاهوو رایگەیاندووە، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە پرسی ئێران دەبێت، بەڵام چاودێران پێیانوایە پرسی غەززە و پلانی ئاوەدانکردنەوەش بەشێکی گرنگی گفتوگۆکانیان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ