رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە 08-05-2025 رۆبەرت پرێڤۆست وەک پاپای نوێی ڤاتیکان هەڵبژێردرا و ناسناوی (لیۆ)ـی هەڵبژارد. پرێڤۆست 14ـەم پاپای ڤاتیکانە ناسناوی لیۆی هەڵبژاردبێت.
لە دەنگدانەکە 133 کاردیناڵ لە کەنیسەی سیستین دوای سێ جار دەنگدان، دواجار ناوی پاپای نوێیان ئاشکراکرد. پاپا لیۆ خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و لە شیکاگۆ لەدایکبووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پیرۆزبایی لە پاپا لیۆ کرد و گوتی: "شەرەفێکی گەورەیە کە زانیم ئەو یەکەم پاپای ئەمریکییە. چ پەرۆشی و چ شەرەفێکی گەرەیە بۆ وڵاتەکەمان. هیوادارم لەگەڵ پاپا لیۆی چواردەیەم کۆببمەوە، ساتێکی زۆر بایەخدار دەبێت."
دوای هەڵبژاردنی، پاپا لیۆ چووە باڵکۆنی کەنیسەی سان پیتەر و داوای لە خەڵککرد، "لە رێگەی گفتوگۆوە بەیەک بگەن" و داوای ئاشتی بۆ "هەموو خەڵک" کرد.
پاپا لیۆ کێیە؟
ناوی تەواوی رۆبەرت فرانسیس پرێڤۆستە و لە 14-09-1955 لەدایکبووە. لە مێژوودا یەکەم پاپای ڤاتیکانە کە خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بێت.
پاپا لیۆ وەڵاتینامەی پیرۆیی- ئەمریکی هەیە و لە 2015 بۆ 2023 وەک ئوسقوف لە پیرۆ دەستبەکار بووە و دواتر لەلایەن پاپا فرانسیس، پاپای پێشووی ڤاتیکان وەک کاردیناڵ دەستنیشانکراوە. پاپا لیۆ دەتوانێت بە زمانەکانی ئینگلیزی، ئیسپانی، ئیتاڵی، فەرەنسی و پۆرتوگالی قسەبکات و بە لاتینی و ئەڵمانیش بخوێنێتەوە. پاپا لیۆ 267ـەم پاپای ڤاتیکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ