ترەمپ: پووتین زۆر قسەی پووچمان بۆ دەکات

08-07-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا هێرشی تووند دەکاتە سەر سەرۆکی رووسیا و دەڵێت، قسەکانی ڤلادیمیر پووتین "پڕوپووچ"ن. ئاماژە بەوەش دەکات، بە جیدی بیر لەوە دەکاتەوە سزای زیاتر بەسەر رووسیادا بسەپێنێت.
 
رۆژی سێشەممە 8ی تەممووزی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی کابینەکەی لە کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لەبارەی هەوڵەکانی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین بۆ رێککەوتن لەسەر ئاگربەست بۆ جەنگی ئۆکراینا رایگەیاند، "ئەگەر راستییەکەتان دەوێت، پووتین زۆر قسەی پووچمان بۆ دەکات. هەمیشە زۆر بەڕێزە، بەڵام دەردەچێت کە قسەکانی بێمانان."
 
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی هەڵوێستی بۆ پرۆژەیاسایەک کە لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە بۆ سزای زیاتر بەسەر رووسیادا پێشنیاز کراوە، ترەمپ گوتی، "زۆر بە جیدی تەماشای دەکەم."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت بە زووترین کات جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا کۆتایی بێت، "زۆر خەڵک دەکوژرێن؛ دەبێت ئەوە بووەستێت. پووتین بە شێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ مرۆڤەکان ناکات. ئەو خەڵکێکی زۆر دەکوژێت. بۆیە هەندێک چەکی بەرگری دەنێرین و ئەوەم پەسند کردووە."
 
لەبارەی هەڵوێستی بەرامبەر سوپا و بەرپرسانی ئۆکراینا، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئۆکراینییەکان ئازا بوون، بەڵام دەبێت بڵێم ئێمە باشترین چەک و پێداویستیی جیهانمان پێدان."
 
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، ئیدارەکەی پلانی هەیە چەک و کەرەستەی زیاتری سەربازی بۆ کیێڤ دابین بکات.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ترەمپ بەڵێنی داوە 10 سیستمی بەرگریی ئاسمانیی دژە مووشەک، ناسراو بە پاتریۆت بۆ ئۆکراینا بنێرێت.
 
ئەو لێدوانە تووندانەی ترەمپ لە کاتێکدان، هەفتەی رابردوو بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کرد و دواتریش بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "نائومێد بووە" لە رووسیا بۆ گەیشتن بە ئاگربەست.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە