جیهان
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی بەشدارییکردنی لە بانگەشەیەکی هەڵبژاردن لەگەڵ ویس مۆر یەکێک لە بەربژێرەکان لە ویلایەتی میریلاند . وێنە؛ Mandel NGAN / AFP
رووداو - هەولێر
رۆژی سێشەممە هەڵبژاردنی نیوەوەرزی کۆنگرێسی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ لەسەر هەموو 435 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەدرێت و لە 100 کورسییەکەی ئەنجوومەنی پیرانیش، دەنگ لەسەر 35یان دەدرێت. هەروەها لە کۆی 50 حاکمی ویلایەتەکان، دەنگ لەسەر 36یان دەدرێت.
هەڵبژاردنی نیوەوەرزی کۆنگرێسی ئەمریکا بە گشتپرسیێک لەسەر سەرکەوتوویی سەرۆکی ئەو وڵاتە دادەنرێت. راپرسییەکان پێشانیدەدەن، دیموکراتەکان کورسییەکانیان لە کۆنگرێس لەدەستدەدەن، چونکە لە ماوەی دوو ساڵی سەرۆکایەتیی جۆ بایدنی دیموکراتدا رێژەی هەڵاوسان، تاوان و کۆچی نایاسایی لە ئەمریکا زیادیکردووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گوتی، بۆ رزگاربوونی ئەمریکا لەو دۆخە، پێویستە لەم هەڵبژاردنەدا کۆنگرێس لە دەستی دیموکراتەکان دەربهێنرێت و دەشڵێت "ئەگەر دەتانەوێت سەلامەتی بۆ خێزانەکانتان و ئاساییش بۆ کۆمەڵگەکانتان بگەڕێتەوە، پێویستە بە دەنگی خۆتان هەموو دیموکراتێک لە کار لابدەن و دەنگ بە کۆمارییەکان بدەن."
زیادکردنی وەبەرهێنان لە چیپی ئەلیکترۆنی، بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و بەرگریکردن لە مافی لەباربردنی منداڵ ئەو کارانەی ئیدارەی بایدنن کە دیموکراتەکان هیوا دەخوازن دەنگی پێ کۆبکەنەوە.
بەڵام راپرسییەکان پێشانیدەدەن، بەهۆی زیادبوونی گرانی، ئەو کارانەی بایدن وەکو پێویست سەرنجی دەنگدەری ئەمریکییان رانەکێشاوە.
دیموکراتەکان لە بانگەشەکانیاندا هۆشدارییان بە خەڵکی ئەمریکادا لە بەرامبەر زیادبوونی پشتیوانیی کۆمارییەکان بۆ دۆناڵد ترەمپ، ئەو سەرۆکەی کە بە هاندانی تووندوتیژی و پێشێڵکردنی دیموکراسی تۆمەتبار دەکرێت.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت "ئێمە لە خاڵێکی وەرچەرخانداین، بە جیدی، ئەو شتەی کە لە دوو ساڵی داهاتوودا روودەدات، زیاتر لە هەر شتێک کاریگەریی لەسەر 20 ساڵی داهاتووی ئەم وڵاتە دەبێت."
لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا، دەنگ لەسەر هەر 435 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران، 35 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران و 36 حاکمی ویلایەتەکان دەدرێت.
راپرسییەکان پێشانیدەدەن کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران کۆمارییەکان دەبنە زۆرینە، بەوەش دەتوانن لەم دوو ساڵەدا ئاستەنگی یاسایی گەورە لە بەردەم بڕیارەکانی جۆ بایدنی دیموکراتدا دروست بکەن. چونکە هیچ یاسایەک ناتوانرێت بێ رەزامەندیی کۆنگرێس پەسەند بکرێت.
جگە لە پڕۆژەیاسای بودجە، هەموو پڕۆژەیاساکانی دیکە پێویستی بە دەنگی 60 سیناتۆر هەیە. هەروەها ئەو کەسانەی سەرۆک بۆ پۆستە گرنگەکان دەستنیشانیان دەکات، پێویستیان بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی پیران هەیە، لەوانەش وەزیری دەرەوە، دادوەرانی دادگەی باڵا و بەڕێوەبەرای ئێف بی ئای.
هەروەها پەیماننامەکان و راگەیاندنی جەنگ پێویستیان بە رەزامەندی ئەنجوومەنی پیران هەیە. هەروەها سیناتۆرەکان دەتوانن لێپرسینەوە لە سەرۆک بکەن.
چەند زانیارییەک لەبارەی هەڵبژاردنی نیوەوەرزی کۆنگرێسی ئەمریکا
- لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ لەسەر هەموو 435 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەدرێت.
لە 100 کورسییەکەی ئەنجوومەنی پیرانیش، دەنگ لەسەر 35یان دەدرێت.
لە کۆی 50 حاکمی ویلایەتەکان، دەنگ لەسەر 36یان دەدرێت.
بەگوێرەی راپرسیێکی ریەل کلیر پۆڵەتیکس، لەو 35 کورسییەی ئەنجوومەنی پیران، کۆمارییەکان 24 کورسی و دیموکراتەکان 11 کورسی دەبەنەوە. بەوەش، زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران دەکەوێتە دەستی کۆمارییەکان کە 53 کورسیان دەبێت بەرامبەر بە 47 دیموکراتەکان.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانیشدا، بەگوێرەی راپرسیێکی سی ئێن ئێن، کۆمارییەکان 51٪ دەنگەکان و دیموکراتەکان 47٪ دەنگەکان بەدەستدێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ