رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئایاڤایای هۆڵەندی کابینەیەکی تایبەت بە کەمکردنەوەی گوشاری دەروونیی دروستکردووە و لە پێشانگەی تەکنەلۆجیی نێودەوڵەتییە لە لاس ڤێگەس نمایشی کرد. بە گوتەی بەرپرسانی کۆمپانیاکە، کابینەکە لە ماوەی 20 خولەکدا بە تەواوی ئارامی بە جەستە دەبەخشێت.
جاسپێر مۆما، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئایاڤایا دەڵێت، "چوار جۆر تەکنەلۆجیای تێدا بەکارهاتووە. بەشی سەرەکیی بریتییە لە چارەسەر بە ئاو، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێنج سەدە پێش ئێستا. ئامێرێکە بە پلەی گەرمی، پەستان و بڕی دیاریکراو، ئاو بە راست و چەپی نێوچەواندا دەپرژێنێت و کەسەکە دەخاتە تێڕوانینی قووڵەوە؛ هاوکات میوزیک، رووناکی و بۆن وەکو چارەسەر دەبەخشێت."
پسپۆڕان دەڵێن، بەردەوامیی گوشاری دەروونی دەبێتە هۆی لاوازیی ماسوولکەکان، ناڕێکیی لێدانی دڵ و هەناسەدان، لاوازبوونی بەرگریی جەستە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئایاڤایا ئاماژە بەوە دەکات، ''بەکارهێنانی ئامێرەکە ئاسانە لەبەر ئەوەی پێویست ناکات جلوبەرگ لاببەیت، تەنیا پەنجە بە دوگمەکەدا بنێ و بۆ ماوەی 20 خولەک پاڵبکەوە، دواتر بە تەواوەتی جەستەت ئارام دەبێتەوە، ئەگەر هەفتانە چوار جار ئەمە بکەین، جەستەت بەرهەڵستی لە تووشبوون بە گوشاری دەروونی دەکات."
نرخی ئامێرەکە 25 هەزار دۆلارە و ئەندازیارانی کۆمپانیاکە دەڵێن، زۆر گونجاوە لە هۆتێل، هۆڵەکانی لەشجوانی و فڕۆکەخانەکان دابنرێت و دەروونی تاکەکان لە ژینگەی جەنجاڵیی رۆژانەیان ئاسوودە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ