سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رەتیدەکاتەوە دەستلەکاربکێشێتەوە

09-02-2026
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی کییەر ستامەر رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، "ئەو سەرنجی تەواوی لەسەر کارەکانیەتی"؛ ئەوەش لە کاتێکدایە شەپۆلێکی دەستلەکارکێشانەوە لەنێو تیمەکەیدا دەستیپێکردووە.
 
رۆژی دووشەممە، 9ـی شوباتی 2026، گوتەبێژێکی حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا "گەشبین و متمانەی بەخۆیە" و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کارمەندانی نووسینگەکەی لە "داونینگ ستریت" جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت بەرەو پێشەوە بچن و بیسەلمێنن سیاسەت دەتوانێت "هێزێک بێت بۆ چاکە".
 
ئەو گوشارانە دوای ئەوە دێن، تیم ئەلان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی نووسینگەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەی رێگە بۆ بونیادنانی "تیمێکی نوێ" خۆش بکات، دەستلەکارکێشانەوەی راگەیاند؛ پێشتریش رۆژی یەکشەممە مۆرگان مەکسوینی، سەرۆکی دیوانی سەرۆکوەزیران پۆستەکەی جێهێشتبوو.
 
هۆکاری سەرەکیی گوشارەکان و ناڕەزایەتییەکان لەنێو پارتی کرێکاران و پەرلەمانی بەریتانیا، دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری دامەزراندنی "لۆرد ماندیلسۆن" وەک باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەمریکا. ناڕەزایەتییەکان بەهۆی پەیوەندیی ماندیلسۆنە لەگەڵ جێفری ئێپستین، کە ساڵی 2008 بە تاوانی سێکسی لەگەڵ منداڵان سزادرابوو.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا سەرۆکوەزیران ئەمڕۆ دەستلەکار دەکێشێتەوە؟ گوتەبێژەکەی ستامەر گوتی: "نەخێر، سەرۆکوەزیران خەریکی کارەکانیەتی بۆ گەیاندنی ئەو گۆڕانکارییەی بەڵێنی بە وڵات داوە". ئاماژەی بەوەش کرد، ستامەر متمانەی تەواوی بەوە هەیە کە سەرجەم ئەندامانی کابینەکەی پشتیوانی دەکەن.
 
بڕیارە درەنگی ئەمڕۆ، کییەر ستامەر لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی کرێکاران لە پەرلەمان ئامادە بێت، بۆ ئەوەی وەڵامی راستەوخۆی ئەو رەخنە و تووڕەییانە بداتەوە کە سەبارەت بە دۆسیەی ماندیلسۆن دروستبوون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تەنگەی هورمز.

ئوسترالیا و ژاپۆن داواکەی ترەمپ بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ تەنگەی هورمز رەتدەکەنەوە

دوای داواکەی ترەمپ بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانیی ئەمریکاوە بۆ پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز، هەریەکە لە سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن و وەزیری گواستنەوەی ئوسترالیا ئاشکرای دەکەن کە ئەوان هیچ کەشتییەکی جەنگی بۆ تەنگەی هورمز نانێرن.