ئیندۆنیزیا لێکۆڵینەوە لەو دوو فڕۆکەوانە دەکات کە لەکاتی گەشتێکدا خەویان لێکەوت

09-03-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی گواستنەوەی ئیندۆنیزیا بڕیاریداوە لێکۆڵینەوە لە رووداوی خەولێکەوتنی دوو فڕۆکەوان بکات کە لە مانگی کانوونی دووەم لە ماوەی گەشتێک بۆ ماوەی نیو کاژێر خەویان لێکەوتبوو. 
 
رۆژی شەممە، 09-03-2024، وەزارەتی گواستنەوەی ئیندۆنیزیا رایگەیاند، "لێکۆڵینەوە لە دوو فڕۆکەوانی هێڵی ئاسمانیی باتیک ئێر دەکەین کە لەکاتی گەشتەکەیان بۆ ماوەی نزیکەی نیو کاژێر خەویان لێکەوت."
 
لیژنەی ئاسایشی گواستنەوەی نیشتیمانی KNKT لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، "رۆژی 25-01-2024 دوو فڕۆکەوانی هێڵی ئاسمانیی باتیک ئێر بۆ ماوەی 28 خولەک خەویان لێکەوت، ئەمەش کاتێک فڕۆکەکە لەباری فڕین بوو لە باشووری رۆژهەڵاتی سولاوێزی بۆ جاکارتای پایتەخت."
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، رووداوی خەولێکەوتنەکە بووە هۆی دروستبوونی چەند کێشەیەکی تەکنیکی "بەڵام فڕۆکەکە بە 153 سەرنشینەوە بە سەلامەتی لە پایتەختی ئیندۆنیزیا نیشتنەوە."
 
وەزارەتی گواستنەوە راشیگەیاندووە، "بە تووندی سەرکۆنەی هێڵی ئاسمانیی باتیک ئێر دەکەین و داوا لە هەموو کۆمپانیاکان دەکەین زیاتر ئاگاداری کاتی پشووی کارمەندەکانیان بن."
 
کریستی ئێندا مورنی، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی ئاسمانی گوتی، "لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەکەین و بە گەشتە ئاسمانییەکانی شەواندا دەچینەوە."
 
لە بەرامبەردا، کۆمپانیای باتیک ئێر ئەمڕۆ (شەممە) رایگەیاند، "بە سیاسەتی پشووی کارمەندەکان دەچینەوە و هەموو رێوشوێنێکی سەلامەتی جێبەجێ دەکەین."
 
بەگوێرەی کۆمپانیاکە، ئەو دوو فڕۆکەوانەی کە خەویان لێکەوتبوو "ئێستا لە کارەکانیان سڕکراون."
 
بەگوێرەی راپۆرتەکەی KNKT یەکێک لە فڕۆکەوانەکان شەوی پێش گەشتەکە پشووی تەواوی نەدابوو بۆیە لەماوەی گەشتەکە داوای لە وێستگە کردبوو مۆڵەتی بدەن بخەوێت و یاریدەدەرەکەی فڕۆکەکە لێبخوڕێت، بەڵام دوای خەوتنی فڕۆکەوانی سەرەکی، یاریدەدەرەکەشی خۆنەویستانە خەوی لێدەکەوێت بەهۆی ئەوەی هاوژینەکەی بەمدواییانە دووانەیەکی بووە و لە کاروباری رۆژانە یارمەتیی هاوژینەکەی داوە."
 
لیژنەی ئاسایشی گواستنەوەی نیشتیمانی هەروەها دەڵێت، دوای چەند خولەکێک وێستگەی فڕۆکەخانەی جاکارتا پەیوەندی بە فڕۆکەوانەکان دەکەن و هیچ وەڵامێک وەرناگرن. 
 
دوای 28 خولەک فڕۆکەوانەکە لە خەو هەڵدەستێت و دەبینێت یاریدەدەرەکەی خەوی لێکەوتووە و فڕۆکەکە لە هێڵی خۆی لایداوە. فڕۆکەوانەکە دەتوانێت بە سەلامەتی فڕۆکەکە بهێنێتەوە سەر هێڵی راست و بنیشێتەوە.
 
تیمی لێکۆڵەران ناوی دوو فڕۆکەوانەکەیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام دەڵێن، هەردووکیان ئیندۆنیزین و تەمەنیان 32 ساڵ و 28 ساڵە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە