رووداو - هەولێر
باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا پیوایە، ''دەبێت سەرکردانی کوردی سووریا لەگەڵ دیمەشق رێکبکەون و بەپێچەوانەوە ناتوانن ئاسایشی زیاتر بۆ خۆیان دابین بکەن و ئاشتی زیاتریش لە نێوان باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و بەشەکانی دیکەی ئەو وڵاتە نابێت''.
رۆبەرت فۆرد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا لەکاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنێکی هەواڵەکانی رووداو وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی دۆخی سووریا، رێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا لەبارەی ناوچەی ئارام و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دایەوە.
سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان هێزە کوردییەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا گوتی: "من نازانم چۆن ئەوان دەتوانن ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمییان لەباکووری رۆژهەڵاتدا هەبێت بێ جۆرێك لە رێكکەوتن لەگەڵ دیمەشق. ئێمە بەگوێرەی ئەزموونی خۆمان کە لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەد هەمانە، حکومەتی سووریا دژ بەو ئۆتۆنۆمییە دەوەستێت ئەگەر هاتوو ئەنجامدرا و خرایە بەردەمی، بۆیە چ لەڕێگەی گفتوگۆکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤی سویسرادا بێت یان گفتوگۆی دیکە بێت، هەر چۆنێک بێت پێموایە سەرکردەکانی کوردانی سووریا پێویستیان بەوەیە لەگەڵ دیمەشقدا رێکبکەون".
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو لەبارەی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تورکیا سەبارەت بە ناوچەی ئارام لە سووریا گوتی: " پێموانییە کە ئەوان هێشتا رێککەوتنێكی تەواویان لەبارەی ئەو بابەتە هەبێت و بێگومان ئەو بابەتە ئاڵۆزە، چونکە چەندین شارۆچکە هەن کە دەکەونە نێو چوارچێوەی ئەو ناوچە ئارامەوە و لەوێ هێزی سەربازیی تورکیش لەو شارۆچکانە دەبن. پێموایە ئەوە پرسێكی زۆر هەستیارە و پێشموایە هەردوو حکومەت کار لەسەر ئەو پرسە هەستیارە دەکەن".
رۆبەرت فۆرد گوتیشی: "پێموانییە کە تورکیا بەتەنیا بچێتەنێو باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هێشتا لەوێ سەربازی ئەمریکی هەن و لەهەمووشی گرنگتر بوونی هێزی ئاسمانیی ئەمریکایە بە ئاسمانی ناوچەکە و ئەگەر هێزەکانی تورکیا بچنەنێو باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئەوا ئەو کاتە لەوانەیە رووبەڕووی مەترسی هێرشێكی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ببنەوە و پێموایە نە واشنتن و نە ئەنقەرەش نایانەوێت شەڕێكی راستەقینە لەنێوان تورکیا و ئەمریکا لە باکووری سووریادا رووبدات. بۆیە من پێموایە تورکیا لەو بارەیەوە زۆر بەوریایی مامەڵەی کردووە".
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو لەگەڵ رۆبەرت فۆرد
رووداو: بەگوێرەی ئەو وردەکارییانەی لەسەر رێککەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و تورکیا راگەیێندراوە، پێتوایە ئەم رێککەوتنە بتوانێت تەنگژەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا لەسەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا چارەسەربکات؟
رۆبەرت فۆرد: هیوادرام، هیوادرام کە رێککەوتنەکە دەستبکات بە چارەسەرکردنی پرسی تایبەت بە داهاتووی ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. رێککەوتنەکە هێشتا نوێیە و وردەکاری تێدا نییە و دەبێت چاوەڕێ بین و ببینین ئایا چوارچێوە یان بیرۆکە و پرەنسیپەکانی رێککەوتنەکە دەکرێت بۆ کردەوە لەسەر زەوی بگوازرێنەوە یان نا.
رووداو: وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت رێگە نادەن ئەم رێککەوتنەش وەکو رێککەوتنەکەی منجبی بەسەربێت، ئەمە واتای ئەوەی تورکیا متمانەی تەواوی بە ئەمریکا نییە، پێتوایە ئەمریکا لەم رێککەوتنە جیددی دەبێت یان دووبارە ناکۆکی دروستدەبێتەوە لە داهاتوودا؟
رۆبەرت فۆرد: پێموایە گومانێك نییە لەوەی کە ئەنقەرە متمانەی بە واشنتن نییە سەبارەت بە ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئەوەش بەڕوونی لە راگەیێندراوی سێ ساڵی رابردووی حکومەتی تورکیادا دیارە. تورکیا چەندینجار رەخنەی لە رێککەوتنی منبج گرتووە. بۆیە زۆر گرنگ دەبێت کە چاوەرێ بین ببینین لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا کە ئایا واشنتن و ئەنقەرە دەتوانن بە رێککەوتنێك بگەن لەسەر پێکەوەکارکردنی راستەقینەی سەربازیی نێوانیان بەدرێژایی سنووری نێوان تورکیا و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
رووداو: بەگوێرەی رێکەوتنەکە، ئەمریکا ژمارەیەک هەنگاوی بەپەلە جێبەجێدەکات بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا لەسەر سنوور، بێ ئەوەی روونبکرێتەوە ئەو هەنگاوانە چین، هەنگاوی بەپەلە کە ئەمریکا دەتوانێت جێبەجێیان بکات چین؟
رۆبەرت فۆرد: دووبارە دەیڵێمەوە، دەبێت چاوەڕێی وردەکارییەکان بین کە ئەنقەرە و واشنتن لەبارەوەیان رێکدەکەون. پێموایە ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەکاری بۆ دەکات بۆ ئەوەی ئەنجامیبدات، مەبەستم ئیدارەی ترەمپە، بریتییە لە جێگیرکردنی هێزی سەربازیی ئەمریکی بەدرێژایی سنووری نێوان تورکیا و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و لەوانەیە هاوئاهەنگی بکەن لەنێوان ئەو هێزانە لەگەڵ ژمارەیەکی دیاریکراو لە هێزە سەربازییە تورکەکان، بەڵام دەبێت هاوئاهەنگی هەبێت، پێموانییە واشنتن ئامادە بێت چرای سەوز بۆ تورکیا هەڵبکات بۆئەوەی کۆنترۆڵی سەربازی بەسەر دیوی سووریادا بکات.
رووداو: پێشتریش ناکۆکی ئەمریکا و تورکیا لەبارەی ناوچەی ئارام بریتیبووە لە قوڵایی و قەبارەی ناوچەکە. ئەم رێککەوتنەش باسی ئەوە ناکات کە قوڵایی و قەبارەی ئەو ناوچەیە چەند دەبێت، پێتوایە هەردوولا لەسەر ئەمە رێککەوتوون یان هێشتا ناکۆکن لەسەر ئەو خاڵە؟
رۆبەرت فۆرد: بەڵێ، ئەمە پرسیارێكی زۆر گرنگە، مەبەستم سەبارەت بە قووڵی ئەو ناوچە ئارامەیە. پێموانییە کە ئەوان هێشتا رێککەوتنێكی تەواویان لەبارەی ئەو بابەتە هەبێت و بێگومان ئەو بابەتە ئاڵۆزە، چونکە چەندین شارۆچکە هەن کە دەکەونە نێو چوارچێوەی ئەو ناوچە ئارامەوە و لەوێ هێزی سەربازیی تورکیش لەو شارۆچکانە دەبن. پێموایە ئەوە پرسێكی زۆر هەستیارە و پێشموایە هەردوو حکومەت کار لەسەر ئەو پرسە هەستیارە دەکەن.
رووداو: رێککەوتنەکە باس لەگەڕانەوەی ئاوارە دەکات بۆ سووریا، کورد لەمبارەیەوە نیگەرانن و ترسیان لە گۆڕانی دیموگرافی هەیە، پێتوایە ئەو ئاوارانە کێ دەبن و لەکوێ جێگیردەکرێن؟
رۆبەرت فۆرد: پێموانییە ئەمریکییەکان رازیبووبن لەسەر گواستنەوەیەکی گەورەی خەڵک بۆ ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، پێموانییە واشنتن ئەمەی پەسەند کردبێت. من تێدەگەم بۆچی کوردانی سووریا نیگەرانن، چونکە تورکیای سەردەمی عوسمانی چەندینجار گواستنەوەی گەورەی خەڵکی لە عێراق و سووریا و لوبنان ئەنجامداوە. بۆیە تێدەگەم بۆچی خەڵک لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بەو بابەتە نیگەرانن. پێموانییە واشنتن رازیبووبێت و هەروەها پێشموایە ئەو بابەتە دەبێتە یەکێکی دیکە لە بابەتە هەستیارەکانی نێوان تورکیا و واشنتن. گوشارێكی گەورە لە تورکیادا هەیە بۆئەوەی دەستبکرێت بە ناردنەوەی پەنابەرە سوورییەکان بۆ سووریا، گوشارێكی گەورەی سیاسی لە تورکیادا هەیە، بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان چۆن ئەو بابەتە چارەسەر دەکات، ئەوە بەڕاستی بۆ ئەو قورسە و هەروەها بابەتەکە بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سووریاش قورسە
رووداو: لە رێکەوتنەکەدا باس لەوە ناکات چ هێزێک لە ناوچەی ئارام دەبێت و هەروەها هەسەدە و یەپەگە لەو ناوچەیە چییان بەسەردێت، پێتوایە ئەمە هێشتا یەکلانەکراوەتەوە لەنێوان تورکیا و ئەمریکا بۆیە باس نەکراوە؟
رۆبەرت فۆرد: نەخێر، پێموانییە ئەم جۆرە بابەتانە کۆتاییان پێهێنرابێت. پێموایە لەوانەیە ئەمریکییەکان داوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە بکەن کە بۆ دوورییەکی کەم لە سنووری تورکیا بکشێنەوە، بەڵام هێشتا کێشەی شارۆچکەکان دەمێنێتەوە کە کێ بەرگرییان لێدەکات و پێشموانییە کە هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارە بزانین. دواجاریش ئێمە هێشتا نازانین هێزەکانی سووریای دیموکرات دەبێت چەند لە سنوورەکان بێنەدواوەوە. بەڵام ئێمە دەزانین کە حکومەتی ئەمریکا پلانی هەیە بۆ بەردەوامبوون لە پشتگیریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەروەها بونیادنانی هێزی ئەمنی ناوخۆیی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لە پارێزگای حەسەکە و پارێزگای دێرەزوور. ئەوان دەیانەوێت هێزێكی ئەمنی ناوخۆیی دروستبکەن کە لەوانەیە زیاتر لە 100 هەزار چەکدار لە خۆبگرێت کە ئەوە بەڕاستی ژمارەیەکی گەورەیە. 100 هەزار چەکدار و ئەمریکا نایەوێت ئەو هێزە تێکەڵ بە سوپای عەرەبی سووریا بێت، بەڵکو دەیەوێت ئەو هێزە جودا بێت. بێگومان تورکیا دژی ئەوەیە، بۆیە هێشتا زۆر بابەتی گەورە لەنێوان ئەنقەرە و واشنتندا هەن".
رووداو: ئایا سوپای ئەمریکا لە سووریا دەمێنێتەوە یان دەکشێتەوە؟
رۆبەرت فۆرد: هەمیشە قورسە بۆئەوەی بزانیت سەرۆک ترەمپ چی دەکات. هەمیشە قورسە پێشبینی کاری داهاتووی سەرۆک ترەمپ بکەیت. هەندێکجار دەبێت تەماشای تویتەر بکەین تاوەکو بزانین ئەو بیر لە چی دەکاتەوە. بەڵام من دەتوانم دوو بابەت بڵێم: یەکەم، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و وەزارەتی بەرگی ئەمریکا- پێنتاگۆن، هەردوولا پشتگیری لەوە دەکەن کە ئەمریکییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بمێننەوە، هەردوولا کاتێكی دیاریکراو لەسەر مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا دانانێن، بەڵام خاڵی دووەم ئەوەیە کە سەرۆک ترەمپ لە دوایین هەڵمەتی بانگەشەیدا گوتی کە ئەو دەیەوێت کۆتایی بە بوونی سەربازییانەی ئەمریکا لە سووریا بهێنێت لەدوای تێکشکاندنی داعش، ئەو دواجار لەمانگی رابروودا ئەو قسەیەی کرد واتە لە مانگی تەممووز. بۆیە دەبینین کە هاوئاهەنگی لەنێوان راگەیێندراوەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لەلایەک و کۆشکی سپی لەلایەکی دیکەوە نییە. هەروەها لە کۆنگرێسی ئەمریکادا گوشار هەیە بۆئەوەی هەندێک لە هێزە ئەمریکییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بهێڵدرێنەوە. بۆیە من یەک ساڵ لەمەوبەر پێموابوو کە ئەمریکا لە سووریادا بەخێرایی دەکشێتەوە، بەڵام ئێستا من دڵنیا نیم لەو بابەتە. پێموایە سەرۆک ترەمپ دەیەوێت بکشێتەوە بەڵام لە واشنتن گرووپی گوشار هەن کە پێشنیاز بۆ ترەمپ دەکەن بۆئەوەی هێزەکانی ئەمریکا بمێننەوە.
رووداو: ئایا تورکیا دەتوانێت بەتەنیا ناوچەی ئارام دروستبکات؟
رۆبەرت فۆرد: نەخێر، پێموانییە کە تورکیا بەتەنیا بچێتەنێو باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هێشتا لەوێ سەربازی ئەمریکی هەن و لەهەمووشی گرنگتر بوونی هێزی ئاسمانیی ئەمریکایە بە ئاسمانی ناوچەکە و ئەگەر هێزەکانی تورکیا بچنەنێو باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئەوا ئەو کاتە لەوانەیە رووبەڕووی مەترسی هێرشێكی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ببنەوە و پێموایە نە واشنتن و نە ئەنقەرەش نایانەوێت شەڕێكی راستەقینە لەنێوان تورکیا و ئەمریکا لە باکووری سووریادا رووبدات. بۆیە من پێموایە تورکیا لەو بارەیەوە زۆر بەوریایی مامەڵەی کردووە".
رووداو: بە بۆچوونی ئێوە، سوپای ئەمریکا لە عێراق دەکشێتەوە؟
رۆبەرت فۆرد: بابەتی عێراق بۆ واشنتن ئاسانترە، چونکە لەم کاتەدا لە عێراق شەڕ نییە، بۆیە ئەرکی ئەمریکا لە عێراق لەچوارچێوەی راهێناندا خۆی دەبینێتەوە و دەشتوانن بەردەوام بن لەو ئەرکە تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتی عێراق دەیەوێت ئەوان بمێننەوە. هێندەی ئەرکەکەیان لە سووریا قورس نییە.
رووداو: چ رێنماییەکتان بۆ کوردی رۆژئاوای کوردستان هەیە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و پاراستنیان؟
رۆبەرت فۆرد: من چەندین شتم هەیە کە بیڵێم، ژمارە یەک: بێگومان سوورییەکان لە سەرجەم پێکهاتەی کۆمەڵایەتی سووریا، هاووڵاتی سوورین، چ لە خێزانی کوردی، عەرەبی، ئاشووری، سریانی یان کلدانی هاتبن، هیچ گرنگ نییە، ئەوانە هەموویان سوورین و دەبێت هەموویان هەمان مافیان هەبێت وەک سووریەکانی دیکەی نێو سووریا. من نازانم چۆن ئەوان دەتوانن ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمییان لەباکووری رۆژهەڵاتدا هەبێت بێ جۆرێك لە رێكکەوتن لەگەڵ دیمەشق. ئێمە بەگوێرەی ئەزموونی خۆمان کە لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەد هەمانە، حکومەتی سووریا دژ بەو ئۆتۆنۆمییە دەوەستێت ئەگەر هاتوو ئەنجامدرا و خرایە بەردەمی، بۆیە چ لەڕێگەی گفتوگۆکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤی سویسرادا بێت یان گفتوگۆی دیکە بێت، هەر چۆنێک بێت پێموایە سەرکردەکانی کوردانی سووریا پێویستیان بەوەیە لەگەڵ دیمەشقدا رێکبکەون، بەپێچەوانەوە ناتوانن ئاسایشی زیاتر بۆ خۆیان دابین بکەن و ئاشتی زیاتریش لە نێوان باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و بەشەکانی دیکەی ئەو وڵاتە نابێت. من بە ئەزموونی خۆم دەزانم کە تا چ رادەیەک حکومەتی ئەسەد دەتوانێت تووندوتیژی و دڕندە بێت. بەڵام دواجار پێموایە تەنیا بە رێککەوتنێک لەنێوان هەموو سووریەکان، دەکرێت دواجار ئاشتی و سەقامگیری بۆ هەموو سووریا بگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ