رووداو دیجیتاڵ
ژماردنی دەنگەکانی هەڵبژاردنی نیوەیی ئەمریکا بەردەوامە. کۆمارییەکان تائێستا لە ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران لە پێش دیموکراتەکانەوەن. لە ئەنجوومەنی پیران کۆمارییەکان 49 کورسی و دیموکراتەکان 48 کورسییان بردووەتەوە. دوو کورسیی دیکەیش بۆ لایەنەکانی دیکە یەکلابوونەتەوە. هێشتا یەک کورسی ماوە یەکلابکرێتەوە، هەر کام لە کۆماری یان دیموکراتەکان بیباتەوە، دەبنە زۆرینە.
لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش کۆمارییەکان تاوەکو ئێستا لە پێشەوەن، 202 کورسییان بەدەستهێناوە و دیموکراتەکانیش 184 کورسی، بەڵام هێشتا زۆر زووە بزانرێت لە ئەنجامی کۆتاییدا کێ دەیباتەوە، چونکە هێشتا دەنگی ویلایەتە گرنگەکان ماوە یەکلابکرێتەوە، لەوانەش نیڤادا، جۆرجیا و ئەریزۆنا.
بەڵام ئەو "شەپۆلە سوورە"ـی کۆمارییەکان چاوەڕێیان دەکرد، ویلایەتە شینەکان بگرێتەوە، پێشبینییەکەی نەهاتەدی. بەشێک لە کۆمارییەکان ئەنجامەکە دەخەنە ئەستۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی مشتومڕهێنی ئەمریکا کە تۆمەتباردەکرێت بە پێشێلکردنی دیموکراسی و هاندانی تووندوتیژی.
چاوەڕێدەکرێت چەندین رۆژ یان هەفتەی پێ بچێت تا یەکلابێتەوە کێ لە ئەنجوومەنی پیران دەبێتە زۆرینە، بەتایبەتی لە ویلایەتی جۆرجیا، دەکرێت لە کانوونی یەکەم، هەڵبژاردن لە نێوان بەربژێرانی دیموکرات و کۆماریدا دووبارە بکرێتەوە، چونکە 96٪ی دەنگەکانی ویلایەتەکە هەژمارکراون و بەربژێری کۆمارییەکان تەنیا بە 0.5٪ لە پێش بەربژێری دیموکراتەوەیە و هیچ یەکیان 50٪ی دەنگی پێویستی تێپەڕنەکردووە.
میدیای ئەمریکی پێشبینی دەکات کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران 220 کورسی بەدەستبێنن، بەوەش زۆرینەیەکی نزیک لە یەکسانیان دەکەوێتەدەست.
دەکرێت ئەنجامەکە جیاوازی زۆر بۆ جۆ بایدنی سەرۆک دروستبکات کە بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکانی، پشتی بە دیموکراتەکانی کۆنگرێس بەستووە.
جگە لە هەردوو ئەنجوومەنەکەی کۆنگرێس، ملیۆنان خەڵکی ئەمریکا ئەمڕۆ لەسەر سندووقەکانی دەنگدان، ژمارەیەک حاکم و سکرتێری ویلایەتەکانی هەڵبژاردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ