رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێ، ئەوەی لە چەند هەفتەی رابردوودا سوپای عەرەبی سووریا بەرامبەر هێزەکانی سووریای دیموکرات و کورد کردی، بە هیچ شێوەیەک شیاوی قبووڵکردن نییە. هەر لەنێو هۆڵی کۆبوونەوەکە، وێنەی ئازاردانی ژن و منداڵانی کورد پێشاندرا.
نێردەی پێشووتری سەرۆکی ئەمریکاش بۆ شەڕی دژی داعش دەڵێ، ئێستا دۆزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەو جۆرە سەیر دەکرێ کە شتێكی گرێدراوە بە کۆمەڵێک مافی بنچینەیی گەلی کوردەوە. سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئازادییە ئایینیەکانی ئەمریکاش ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەیەک لە بەرپرس و چەکدارانی نێو سوپا و هێزە ئەمنییەکانی سووریا پێشتر لە لایەن ئەمریکاوە سزادراون، بەهۆی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و "قاچاخیکردن بە ژن و کچان"ی کوردی ئێزدییەوە.
رۆژی سێشەممە، 10-2-2026، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسی پێشوو و شارەزای دۆخی سووریا و ناوچەکە دانیشتنێکی لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکادا رێکخست.
ئەوەی بەرامبەر هەسەدە کرا شیاوی قبووڵکردن نییە
لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا براین ماست، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گوتی: "ئامانج لە دانیشتنی ئەمڕۆ بریتییە لە باسکردنی ئەو نیگەرانییانەی پەیوەندییان بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە هەیە؛ هەروەها باسکردن لەو ئاستەنگە زۆرانەی کە دەبێ مامەڵەیان لەگەڵ بکات بۆ ئەوەی قۆناخی راگوزەری سووریا سەرکەوتن بەدەست بێنێت، لەوانەش ئەو پرسەی پەیوەندی بە تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان، مافی کەمینەکان، دادپەروەری و لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکان هەیە".
براین ماست باسی دۆخی سووریای لە ساڵی 2011ەوە کرد و گوتی، ئێستا بەشار ئەسەد نەماوە و حکومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع دەستبەکاربووە.
ماست رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و خەڵکی سووریاش وڵاتێکیان دەوێ کە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە و "شتێک بۆ ناوچەکە و جیهان زیاد بکات".
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێ گۆڕانکاری نوێ لە سووریادا بێتە ئاراوە بە جۆرێک هاووڵاتییانی ئاوارە و پەناخواز بتوانن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، نەوەک خەڵکی زیاتر ناچار بن ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
ئەو ئەندامەی کۆنگرێسی ئەمریکا باسی لەوە کرد، لە هەر گۆڕانکارییەکی هاوشێوەی ئەوەی سووریادا کە دەسەڵات گۆڕدرا، "رووداو" روودەدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا "رووداوی زۆرمان لە تووندوتیژی تائیفی دژی کەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەکان بینیوە".
براین ماست گوتی، ئاستەنگ زۆرن لە سووریادا بۆ ئەوەی "بەڕێوەبردنێکی ئاشتیانە و دیموکراسی" لەو وڵاتەدا هەبێ و رایگەیاند: "ئەحمەد شەرعم بینی و لەبارەی هەندێک شت قسەمان کرد، لەوانەش هەبوونی چەکداری بیانی لەنێو هێزە ئەمنییەکان کە ژمارەیەکی بەرچاویان لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتیان دەکرێ، کردارەکانی ئەم دواییە بەرامبەر هێزەکانی سووریای دیموکرات کە هاوبەشی ماوە درێژمان بوون لە شەڕی دژی داعش، هەروەها هاوپەیمانە کوردەکانمان، و ئەوەش شیاوی قبووڵکردن نییە. هەندێک جووڵە هەبوون دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە سێنتکۆمی ناچارکرد شوێنی 7 هەزار چەکداری داعش لە ناوەندەکانی راگرتن لە سووریاوە بۆ عێراق بگوازێتەوە".
ئەمریکا ئەو پێشکەوتنەی بەدڵ نییە لە سووریادا بەدەستهاتووە
براین ماست ئاماژەی بەوەکرد، ئەحمەد شەرع پێشتر خۆی چەکداری قاعیدە بووە و لە مانگی تشرینی دووەمدا لە واشنتن بینیویەتی و ئەو پرسیارەی لێکردووە کە چ شتێک وا دەکات چی دیکە وەک دووژمن سەیری یەکدی نەکەن، لە وەڵامدا سەرۆکی سووریا گوتوویەتی، "دەمەوێ خۆم لە رابردوو رزگار بکەم و هەنگاوی شکۆمەندانە بۆ گەلەکەم و وڵاتەکەم بنێم".
ماست گوتی، لە هەمان سەرداندا ئەحمەد شەرع چاوی بە دۆناڵد ترەمپ کەوت و لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا سووریا ببێتە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و ئەوەش "مایەی ئومێد" بوو، بەڵام "راستییەکەی ئەوەیە سووریا نزیک نییە لەو خاڵەی کە دەبێ تێیدا بێ. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو پێشکەوتنەی بەدڵ نییە کە سەرۆک شەرع بەدەستی هێناوە. دەمانەوێ سەرۆک شەرع کاری باشتر بکات".
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا باسی لە تووندوتیژییەکانی ساڵی رابردووی ناوچە کەناراوییەکانی سووریا بەرامبەر عەلەوییەکان، پارێزگای سوەیدا بەرامبەر دروزەکان و چەند هەفتەی رابردووش بەرامبەر کورد لە حەلەب و رۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی: "هەنگاوەکانی ئەم دواییە بەرامبەر دروزەکان، کوردەکان، عەلەوییەکان هەنگاو بوون بە ئاراستەی هەڵە" و ئەو هەنگاوانە متمانە دروست ناکەن بۆ دروستکردنی ئەوەی کە ئەحمەد شەرع "پێی گوتم، داهاتوویەکی پڕ شکۆ بۆ خەڵکی سووریا".
هەڵگرتنی سزاکانی قەیسەر و داواکاری بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵێک مەرج
هەر لە دانیشتنەکەدا براین ماست باسی لەوە کرد، لە 18-12-2025دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزاکانی قەیسەری لەسەر سووریا هەڵوەشاندنەوە، چونکە ئەو خاڵانەی بوونەهۆی سەپاندنی ئەو سزایانە نەماون، کە بەشار ئەسەد و پرسە گرێدراوەکانی بوون، بەڵام "روونیشمان کردەوە کە دەبێ لە بەرامبەردا مەرجەکان جێبەجێ بکرێن. تێکەڵکردنی سەربازی، پاراستنی کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکان و بەشداریکردنیان لەنێو حکومەتی سووریادا، کارکردن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەو مەرجانە بوون".
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گوتی، "کۆنگرێس خۆشحاڵە" بە رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا، "بەڵام ئەمە سێیەمین رێککەوتنی لەو جۆرەیە واژۆ بکرێ. ویلایەتە یەکگرتووەکان چاوەڕێی هەنگاو دەکات، نەوەک وشەی بەتاڵ".
مافی گەلی کورد لە سووریا
هەر لە دانیشتنەکەدا جەیمس جێفری، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە تورکیا و عێراق و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش باسی لە گرنگی هەبوونی ئارامی و ئاسایش لە سووریادا کرد و رایگەیاند: "دەبێ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت لە سەرکردایەتیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ یەکخستن و سەقامگیرکردنی دەوڵەتی نوێی سووریا. ئەمەش پێویستی بە کۆتاییهێنان بە ململانێ نێوخۆییەکان، تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییە جیاوازەکان، بنیاتنانی ئابووری، دوورخستنەوەی ئێران و میلیشیاکانی، تێکشکاندنی هەمیشەیی داعش و سنووردارکردنی هەژموونی رووسیاوە هەیە".
جەیمس جێفری جەختی لە پێویستی یەکدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە گوتی: "ئەم هەوڵە پێویستی بە سەرچاوە و پارەی زۆری ئەمریکا نییە، بەڵکو زیاتر پێویستی بە سەرنجی بەردەوامە، بە تایبەتی بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەیڕەوی لە سیاسەتێکی هاوبەش بەرامبەر سووریا دەکات. دیمەشق تەنیا ئەو کاتە هەنگاوە قورس و پێویستەکان دەگرێتە بەر بۆ ئاشتەوایی نێوخۆیی و بونیادنانەوەی ژێرخانە وێرانبووەکە، ئەگەر ئەو لایەنانەی پشتگیری دەکەن بە یەک دەنگ قسە بکەن لەسەر چۆنییەتی نزیکبوونەوە و جێبەجێکردنی مەرجەکان."
جەیمس جێفری ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا نزیکبوونەوەیەک لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەرێمی کوردستان هەیە و تەنانەت هەموو کوردێک دۆزی کورد لەو پارچەیەی کوردستان بەو جۆرە دەبینێت کە دەبێ "مافە تاکە کەسییەکان و خۆبەڕێوەبەری" لە رۆژئاوای کوردستان هەبێت.
جێفری باسی لە پێشهاتەکانی چەند هەفتەی رابردووی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کرد و گوتی، ئێستا بەرپرسانی باڵای پەکەکە توانای ئەوەیان لەدەستداوە قسەی خۆیان بەسەر هەسەدە و هێزە پێکهێنەرەکانیدا بسەپێنن و "تەنانەت هەسەدە و حکومەتی سووریاش دەستیان بە هاوئاهەنگی کردووە".
قاچاخیکردن بە ژن و کچی کوردی ئێزدییەوە
هەر لە دانیشتنەکەدا نادین ماینزا، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی قسەی کرد و باسی لە هێزە پێکهێنەرەکانی نێو سوپا و هێزە ئەمنییەکانی سووریا کرد و رایگەیاند، چەکداریان تێدایە کە مێژوویەکی لەگەڵ بزووتنەوەی قاعیدە هەیە، ئەندامیان هەیە لۆگۆی داعش دەبەستێت و "کاری خراپ و دڕندانە بەرامبەر کەمینەکان ئەنجام دەدەن. پێم وایە هێزە ئەمنییەکانی سووریا کێشە راستەقینەکەن".
ئەو داکۆکیکارەی ئازادییە ئایینییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێوسوپا و هێزە ئەمنییەکانی سووریادا کەسانێک هەن کە ئەندام و بەرپرسی ئەو گرووپە چەکدارانەن پێشتر لە "باکووری سووریا" بوون و لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە سزادرابوون، ئەوەش بە تۆمەتی "قاچاخیکردن" بە ژنان و کچانی کوردی ئێزدی و پێشێلکاری جیدی مافەکانی مرۆڤ، و هەربۆیە دەبێ گوشار لە ئەحمەد شەرع بکرێ بۆ دوورخستنەوەی ئەو کەس و گرووپانە لەنێو سوپا و هێزە ئەمنییەکان.
نادین ماینزا گوتی، دەبێ رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریا جێبەجێ بکرێ و رایگەیاند، "ئەم رێککەوتنە هێزە ئیسلامییەکان لە دەرەوەی شوێنی خەڵکی کەمینەدا دەهێڵێتەوە، بەڵام هێشتا نەکشاونەتەوە و دەبوایە پێش کۆتایی ئەمڕۆ لەوێ نەمابان".
ماینزا رایگەیاند، دەبێ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێگە نەدات ئەو کەس و گرووپانە لەنێو گوندی کوردی ئێزدی رۆژئاوای کوردستاندا بن.
پیشاندانی وێنەی ئازاردان و ئەشکەنجەدانی کورد
هەر لە دانیشتنەکەدا سکۆت پێری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گوتی، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) رایگەیاندووە، دەستبەرداری "جیهاد"ی جیهانی دەبێت، بەڵام دەستبەرداری نەبووە لە سووریا و ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ دەرخستنی تووندوتیژی لە سووریادا "گرتە ڤیدیۆیەک پیشان دەدەین. پێشوەختەش دەمەوێ پێتان بڵێم ئەگەر ناتانەوێ هەندێ شتێ شۆکئامێز و دڕندانە ببینن، چاوتان دابخەن، ڤیدیۆیکە نزیکەی 40 چرکەیە".
سکۆت پێری گوتی، "ئەوان لەسەر تەرمی ئەم ژنانە کە کوشتوویانن خۆشحاڵن، هەر بە کوشتنیشیان ناوەستن، بەڵکو سووکایەتی بە تەرمەکانیان دەکەن. ئەو پیاوە لە شەڕڤان ناچێت، ئەو ژنەش لە شەڕڤان ناچێت، هێشتا زیندووە، ئەم ژنە لێرە هێشتا زیندووە و قسەی پێ دەڵێن؛ تەماشاکەن، هێشتا زیندووە. لێرە چیدیکە زیندوو نییە. ئەمە ژیانە لە سووریا بۆ کەمینەکان. دەتوانی ریشی کەسایەتییەکی ئیسلامی کورت بکەیتەوە و قاتێکی لەبەر بکەیت و بە جیهاندا بیگێڕێ".
لە وەڵامی ئەو دیمەن و قسانەدا نادین ماینزا گوتی، ئەو ڤیدیۆیانە ئەم بەیانییە لە حەسەکەوە بۆی نێردراون کە پیشانی دەدات "ژنان دەستدرێژییان کراوەتەسەر".
ماینزا رایگەیاند، "ئەو هێرشە سەربازییەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کرا پێویست نەبوو، دەکرا رووینەدابا و دەکرا بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر کرابایە. ئەو راستییەش کە کەسانی ئیسلامی ئاڵای داعشیان لە رەققە بەرزکردەوە، هەرچەندە زوو هێندرایە خوارەوە، پیشانی دەدا کە ئەوە بەشێکی ئایدۆلۆژیاکەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ