گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکانی نێوانی ئەمریکا و ئێران لە مەسقەت بەڕێوەدەچێت

12-06-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی عومان رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە وڵاتەکەی میوانداریی گەڕی شەشەمی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان هەردوولا روو لە هەڵکشانە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2025، بەدر بن حەمەد بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "خۆشحاڵم پشتڕاستی بکەمەوە، کە گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا رۆژی یەکشەممە لە مەسقەت بەڕێوەدەچێت."
 
تاران و واشنتن لە مانگی نیسانەوە تاوەکو ئێستا، پێنج گەڕی دانوستاندنیان ئەنجامداوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی، کە جێگەی رێککەوتنەکەی ساڵی 2015 بگرێتەوە، کە دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە.
 
راگەیێندراوەکەی عومان چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کارمەندانی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی "مەترسیدار" دەگوازێتەوە.
 
ترەمپ دووپاتیکردەوە، کە رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەمەش لەکاتێکدایە گومانەکان لەبارەی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران زیادیکردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، ئێران هەڕەشەی کرد کە ئەگەر هەر جۆرە پێکدادانێک رووبدات، هێرش دەکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
 
سەرۆکی ئەمریکا تاوەکو ئێستا گەشبینیی خۆی بە دانوستاندنەکان نیشان دەدا، بەڵام لە چاوپێکەوتنێکدا کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، رایگەیاند کە متمانەی بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران کەمبووەتەوە. 
 
لەدوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی کانوونی دووەمی رابردووەوە، ترەمپ جارێکی دیکە سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ـی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، کە تێیدا پشتگیری لە دیپلۆماسیی ئەتۆمی دەکات، بەڵام هاوکات هۆشداریی لە بژاردەی سەربازی دەدات ئەگەر دانوستاندنەکان شکست بهێنن.
 
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، گوشاری خستووەتە سەر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بۆئەوەی هێرش نەکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و دەرفەتێک بە دانوستاندنەکان بدات، بەڵام ئاماژەکانی ئەوە نیشان دەدەن، کە وەردە وردە ئارامیی لەدەستدەدات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 باڵەخانەیەک لە کیێڤی ئۆکراینا بۆردوومان کراوە. وێنە: AFP

ترەمپ دەڵێت رێککەوتنی ئاشتیی ئۆکراینا "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە"

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە"، ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن رایگەیاند، گەرەنتیی ئەمنیی "هاوشێوەی ناتۆ"ی پێشكێش بە کیێڤ کردووە و بڕوای وایە مۆسکۆ قبووڵی دەکات.