سەرۆکوەزیرانى هەڵبژێردراوى هەنگاریا: وڵاتەکەمان تاڵان کراوە

دوێنێ کاژێر 11:02
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پیتەر مایار، سەرۆکی پارتی "تیزا" لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەنگاریا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و کۆتایی بە 16 ساڵ دەسەڵاتی ڤیکتۆر ئۆربان هێنا.
 
رۆژی دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026 دوای جیاکردنەوەی زیاتر لە 98%ـی دەنگەکان، دەرکەوت کە پارتی "تیزا" بە سەرۆکایەتی پێتەر مایار توانیویەتی 138 کورسی لە کۆی 199 کورسیی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.
 
ئەم ئەنجامە زۆرینەی دوو لەسەر سێ دەداتە پارتی براوە تاوەکو بتوانێت دەستوور هەموار بکاتەوە و کۆتایی بە سیستەمەکەی ئۆربان بهێنێت. لە بەرامبەردا، هاوپەیمانیی "فیدیس" بە سەرۆکایەتی ڤیکتۆر ئۆربان تەنیا 55 کورسی (38.4%) بەدەستهێنا.
 
پێتەر مایار، کە پێشتر لەنێو بازنەی دەسەڵاتی ئۆرباندا بوو و ئێستا لە شوێنى ئەو سەرۆکوەزیرانى هەڵبژێردراوە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی نێودەوڵەتیدا لە بوداپێست رایگەیاند، هەنگاریا بەرەو "سەردەمێکی نوێ" هەنگاو دەنێت. 
 
مایار گوتی: "وڵاتەکەمان کاتی نییە بۆ بەفیڕۆدان. هەنگاریا لە هەموو روویەکەوە لە تەنگژەدایە؛ تاڵان کراوە، خیانەتی لێ کراوە، قەرزدار کراوە و وێران کراوە."
 
مایار داوای لە سەرۆکی هەنگاریا کرد هەرچی زووە پەرلەمان کۆبکاتەوە و جەختی کردەوە کە رێژەی بەشداریی خەڵک (79.5%) کە بەرزترینە لە مێژووی نوێی وڵاتەکەدا، مانای ئەوەیە گەل "گۆڕینی دەسەڵاتی" دەوێت نەک تەنیا گۆڕینی حکومەت. 
 
یەکێک لە هەنگاوە سەرەکییەکانی، سنووردارکردنی خولەکانی سەرۆکوەزیران دەبێت بۆ تەنیا 2 خول، ئەمەش بۆ رێگری لە گەڕانەوەی ئۆربان لە داهاتوودا.
 
مایار تۆمەتی قورسی ئاراستەی  پێتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی پێشوو کرد و رایگەیاند، لە وەزارەتی دەرەوە خەریکی لەنێوبردنی بەڵگەنامە نهێنییەکانی پەیوەست بە سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا بوون تاوەکو "پەیوەندییە نێوخۆییەکانیان لەگەڵ رووسیا" بشارنەوە. 
 
بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، مایار رایگەیاند کە هەنگاریا دەستبەجێ دەچێتە پاڵ داواکاری گشتیی ئەورووپا تاوەکو رێگە بۆ ئازادکردنی ملیاران یۆرۆ لە هاوکارییەکانی ئەورووپا خۆش بکات.
 
ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوانە، هێنانەوەی نزیکەی 20 ملیار یۆرۆ لە هاوکارییە سڕکراوەکانی یەکێتیی ئەورووپایە بۆ هەنگاریا. ئەم پارانە پێشتر بەهۆی نیگەرانییەکانی یەکێتییەکە لە سەروەریی یاسا و گەندەڵی لە سەردەمی ڤیکتۆر ئۆرباندا سڕکرابوون.
 
"رووسیا لێرە دەمێنێتەوە"
 
سەبارەت بە هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکانی، مایار سوپاسی رووسیا و چینی کرد بۆ "قبووڵکردن"ی ئەنجامەکان و گوتی بوداپێست ئامادەیە بۆ هاوکاریی کردەیی لەگەڵ مۆسکۆ و پەکین، بەتایبەت لە کەرتی وزەدا. مایار گوتی: "رووسیا لێرە دەمێنێتەوە و هەنگاریا پێویستی بە وزە هەیە."
 
لەسەر پرسی ئۆکراینا، مایار هەڵوێستێکی تووندی نیشاندا و رایگەیاند، پشتگیری لە بەئەندامبوونی خێرای کیێڤ لە یەکێتیی ئەورووپا ناکەن. مایار گوتی: "ئێمە باس لە وڵاتێک دەکەین کە لە جەنگدایە؛ زۆر مەحاڵ و بێمانایە وڵاتێک کە لە نێو شەڕدایە، بچێتە نێو یەکێتیی ئەورووپا." 
 
هەروەها بڕیاری دا کە هەنگاریا بگەڕێتەوە بۆ نێو دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کە ئۆربان لێی کشابووەوە.  ئەمەش بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕانەوەی متمانەی یەکێتی ئەورووپا.
 
ئۆربان پەیوندییەکانی لەگەڵ ئەم دادگایە سست کردبوو و رەخنەی تووندی لێ دەگرت، بەتایبەت دوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ڤلادیمێر پوتین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ناوچەی سووری پاکستان، ئەو شوێنەی گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکانی تێدا بەڕێوەچوو. وێنە: AFP

ئەگەری بەڕێوەچوونی گەڕی نوێی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا هەیە

بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دەڵێ، هەرچەندە ئێران خوازیاری راگرتنی شەڕە، بەڵام ئاگربەست وەک دەرفەتێک بۆ "پاکتاوکردنی حساباتی خۆی" لە ناوچەکە و گوشارخستنە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەکاردەهێنێت و نموونەش بەوە دەهێنێتەوە کە لە حەوتەم رۆژی ئاگربەست دا چەند درۆنێک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کران. شارەزایەکی کاروباری ئێرانیش دەڵێت، تاران و واشنتن بەرەو رێککەوتنێک هەنگاو دەنێن و هەردوولا نەرمییان نواندووە.