شەهیان تەحسین لە ئەمریکا خەڵاتی تۆڕی میدیایی جیهانیی پێبەخشرا

13-11-2019
راوچی حەسەن @Rawchihasan
جەیمس هێوس، سەرۆکی فیدراسیۆنی جیهانیی میدیایی کە لە ساڵی 1925 دامەزراوە، لەکاتی پێشکەشکردنی خەڵاتەکە بە هاوکارمان شەهیان تەحسین: ئەمساڵ خەڵاتی رێزلێنان دەدەینە چەند میدیاکارێک، یەکێکیان کارێکی زۆر مەزنی کردووە و کاریگەریی هەیە، شەهیان تەحسین لە کوردستان
جەیمس هێوس، سەرۆکی فیدراسیۆنی جیهانیی میدیایی کە لە ساڵی 1925 دامەزراوە، لەکاتی پێشکەشکردنی خەڵاتەکە بە هاوکارمان شەهیان تەحسین: ئەمساڵ خەڵاتی رێزلێنان دەدەینە چەند میدیاکارێک، یەکێکیان کارێکی زۆر مەزنی کردووە و کاریگەریی هەیە، شەهیان تەحسین لە کوردستان
نیشانەکردن شەهیان تەحسین ئەمریکا
A+ A-
رووداو - لاسڤێگاس 
 
کاژێر 19:30 خولەک بەکاتی ئەمریکا و 6:30 خولەک بەکاتی هەولێر، شەهیان تەحسین پێشکێشکاری بەنێوبانگی تۆڕی میدیایی رووداو، بەهۆی بەرنامەی بەرپرسیار و کاریگەرییەکانی لە چارەسەرکردنی دەیان کێشە لە کۆمەڵگەی کوردستان، لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بڵاوكراوە خولییەكان FIPP لە ئەمریکا خەڵاتکرا.
 
جەیمس هێوس، بەڕێوەبەری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بڵاوكراوە خولییەكان FIPP لەکاتی پێشکێشکردنی خەڵاتەکە بە شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری دیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: " ئەمساڵ خەڵاتی رێزلێنان دەدەینە چەند میدیاکارێک، یەکێکیان کارێکی زۆر مەزنی کردووە و کاریگەریی هەیە، شەهیان تەحسین لە کوردستان. ئەو کارێکی زۆر مەزنی ئەنجامداوە و پیشانیداوە کە لە کوردستان چی روودەدات و چی روویداوە. ئەو کارێکی زۆر داهێنەرانەی ئەنجامداوە".
 
ئەو خەڵاتەی شەهیان تەحسین پێیبەخشرا تایبەتە بەو گەنجە داهێنەرانەی کە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە هەیە. دەستنیشانکردنەکەش لەلایەن لیژنەیەکەوە بووە. بەڕێوەبەری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بڵاوكراوە خولییەكان FIPP  گوتی "ئەمساڵ پێنج براوەمان لەو بوارەدا هەن".
 
شەهیان تەحسین، پێشکێشکاری دیاری تۆڕی میدیایی رووداو لەدوای وەرگرتنی خەڵاتەکە لە نووڕۆژی دۆستان سەبارەت بە خەڵاتەکە قسەی کرد و رایگەیاند، کە بەهۆی بەرنامەی بەرپرسیارەوە ئەوان لە ئەمریکا ئەو خەڵاتەیان وەک تۆڕی میدیایی رووداو وەرگرتووە و گوتی "زۆر دڵخۆشم و سوپاسی ئەوکەسانە دەکەم کە بوونە میوانی بەرنامەکەم، چونکە چەند ئێمە هاوکاریی ئەوانمان کردووە و دەنگی ئەوانمان گەیاندووەتە لایەنی بەرپرسیار، بە هەمان شێوە ئەوانیش هاوکاریی منیان کردووە. من سوپاسی هەموو رووداو و هاوکارانم دەکەم. هەموویان لەگەڵ کارەکەی مندا ماندووبوون و ئەو خەڵاتەش کە من وەرمگرتووە هی هەموو رووداوە".

 

 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شەهیان تەحسین گوتی، خەڵاتەکە وەک رێزگرتن بوو لەبەرامبەر ئەو کەیسانەی کە لەبەرنامەی بەرپرسیاردا باسکراون. کاری ئێمەش لە رووداو خزمەتکردنی مرۆڤایەتییە. هەروەها ئەگەر هاوکارانی منیش نەبان لە رووداو من نەمدەتوانی ئەو خەڵاتە وەربگرم. وەرگرتنی ئەو خەڵاتەش بۆ من زۆر گرنگە و لەمەوداش کاری ئێمە لە بەرپرسیار قورستر دەبێت.
 
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بڵاوكراوە خولییەكان FIPP
 
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بڵاوكراوە خولییەكان FIPP خۆی وەك "تۆڕی میدیای جیهانی"ی دەناسێنێت. كۆمەڵەیەكی نێودەوڵەتییە و ئامانجی پەرەپێدانی نێوەڕۆكی میدیایە لەڕێگەی بەشكردن و گواستنەوەی زانیاری، كاری هاوبەشی فرەلایەن، دروستكردنی هاوبەشی ستراتیژی.
 
700 كۆمپانیا و ناوەند ئەندامن لە FIPPدا، لە ساڵی 1925 لە فەرەنسا دامەزراوە. دواتر بارەگاكەی گوازراوەتەوە بۆ لەندەنی پایتەختی بەریتانیا.
 
دووساڵ جارێك كۆنگرەی جیهانی دەبەستێت و كۆنگرەكە هەرجارەو لە وڵاتێك دەبێت. لە ساڵی 2017 كۆنگرەكە لە مانگی تشیرنی یەكەم لە لەندەن بەڕێوەچوو. هاوكات ساڵانە لووتكەیەكی تایبەت بە داهێنەرە دیجیتاڵییەكان لە بەرلین ساز دەكات .
 
ساڵانە گۆڤارێك دەردەكات و نوێنترین و سەركەوتووترین میدیاكاران دیاریدەكات و یەكەمجار بەو گۆڤارە نێوبانگی دەركرد.
 
شەهیان تەحسین، بەهۆی بەرنامەی (بەرپرسیار) بەتایبەتیش بەهۆی ئەو بەرنامەیەی كە لەسەر گێچەڵ پێكردنی شۆفێرانی تاكسی بە ژنان پێشكێشیكرد بە شایەنی ئەو خەڵاتكردنە دانراوە.
 
لەماوەی دووساڵی رابردوو لە رێگەی بەرنامەی بەرپرسیارەوە کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، كێشەی دەیان كەسی هەژار و كەمدەرامەت و نەخۆش چارەسەركراوە، كە دیارترینیان چاندنی دڵ و سییەكان بوو بۆ دوو منداڵ، دروستكردنی خانوو بۆ سێ خێزان، دروستكردنی قوتابخانەیەك بۆ گوندێكی سنووری سلێمانی، گەڕاندنەوەی قەرەبووی بەشداربووانی گوندی كۆری، تاپۆكردنی پارچە زەوی 4500 پێشمەرگە و دابینكردنی هاوكاری تەندروستی و دارایی بۆ سەدان كەسی دیكە.
 
لە دوو ساڵی رابردوودا بەرپرسیار 475 کەیسی جۆراوجۆری تایبەت بە کێشەکانی خەڵك باسکردووە و لەو کەیسانەش لە 70%ی چارەسەرکراون. 
 
ژیننامه‌ی شەهیان تەحسین
 
كەسێكی بە دیسپلینە لە كاركردن، بەردەوام ئارەزووی پێشكێشكردنی بەرهەمی باشتری هەیە. بەهۆی بەرنامەی (بەرپرسیار)ەوە وەك پێشكێشكارێكی خەمخۆر لە كێشەكانی خەڵك و چارەسەركاری كێشەی كەسانی خاوەن كێشە ناسراوە.
 
شەهیان تەحسین، لە ساڵی 2015ەوە لە تۆڕی میدیایی رووداو وەك پێشكێشكاری نووڕۆژ و پێشكێشكاری هەواڵ دەستی بەكاركردن كردووە. بەشداری چەند خولێكی راهێنانی رۆژنامەڤانی رووداوی كردووە.
 
لە ماوەی كاركردنی لە تۆڕی میدیایی رووداو بەرنامەكانی (تاكسی رەمەزان، سیتیزن، شەهیانی هەڵبژاردن، بەرپرسیار)ی پێشكێشكردوون.
 
لە رێگەی بەرنامەی بەرپرسیارەوە، كێشەی دەیان كەسی هەژار و كەمدەرامەت و نەخۆش چارەسەركراوە، كە دیارترینیان چاندنی دڵ و سییەكان بوو بۆ دوو منداڵ، دروستكردنی خانوو بۆ سێ خێزان، دروستكردنی قوتابخانەیەك بۆ گوندێكی سنووری سلێمانی، گەڕاندنەوەی قەرەبووی بەشداربووانی گوندی كۆری، تاپۆكردنی پارچە زەوی 4500 پێشمەرگە و دابینكردنی هاوكاری تەندروستی و دارایی بۆ سەدان كەسی دیكە.
 
شەهیان تەحسین، بەشداربووە لە رووماڵی رووداوە گرنگەكانی كوردستاندا . لەوانەش كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال لەلایەن هێزی پێشمەرگە، لەكاتی گشتپرسی سەربەخۆیی كوردستان راستەوخۆ لە ستۆدیوی رووداو و لەنێو خەڵك رووماڵی كردووە، بەرنامەی تایبەتی هەبووە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە حوزەیرانی 2018 و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە ئەیلوولی 2018.
 
چەندین دیبەیت و رووماڵی پێشانگە نێودەڵەتییەكان و كۆنفرانسەكانی بەڕێوەبردووە. هەڤپەیڤینی لەگەڵ بەرپرس و كەسە دیارەكانی كوردستان و بیانی ئەنجامداوە.
 
شەهیان تەحسین، ساڵی 1988 لە شاری دهۆك لەدایكبووە.
 
بەكالۆریۆسی لە بەشی شارستانی كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی دهۆك وەرگرتووە.
 
 لە ساڵی 1999 دەستی بە كاری راگەیاندن كردووە بە پێشكێشكردنی بەرنامەی منداڵان لە تەلەڤزیۆنی ئاسمانیی كوردستان. پێشكێشكاری تەلەڤزیۆنی وار بووە.
 
یەكێكبووە لە قسەكەرانی تێدئێكس لە دهۆك لەساڵی 2018 . رێكخەری ئیڤێنتەكانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك بووە لە ساڵی 2013.
 
زمانەكانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بە باشی دەزانێت.
 
ئەوانەی لەڕێگەی بەرپرسیار کێشەکانیان بۆ چارەسەرکراوە باسی شەهیان تەحسین و بەرپرسیار دەکەن 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە