رووداو دیجیتاڵ
شازادە عەبدولمەتینی 32 ساڵ، کوڕی سوڵتانی برۆنای لەگەڵ ئەنیشای 29 ساڵ ژیانی هاوژینی پێکهێنا و ماوەی هەشت رۆژە ئاهەنگگێڕان بەردەوامە و لەو رێوڕەسمەشدا پێنج هەزار میوان بەشدارن.
شازادە عەبدولمەتین، زاوایە دەڵێت، "رازیم بە مارەکردنی ئەنیشا رۆزنای کچی ئادەم بە مارەیی 750 دۆلاری کاش."
سوڵتان حەسەن بەلقییە لە مزگەوت ئەو کچەی لە کوڕەکەی مارەکرد و نزای بۆکردن. سەرکردە و نوێنەری بەشێکی وڵاتانی ئاسیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە رێوڕەسمەکە ئامادەبوون.
سوزانا کوروس، مامۆستای قوتابخانەیە لەو وڵاتە، لەبارەی ئاهەنگی شازادەکەیانەوە گوتی، "ئەمڕۆ هەموومان لەم ئاهەنگە شاهانەیە پێکەوەین و چێژ وەردەگرین. هیوادارم دەرفەتمان هەبێت لە نزیکەوە بیانبینین، دڵمان بە بینینی شازادەی وڵاتە خۆشەویستەکەمان خۆشە و بە پەرۆشین."
شازادە عەبدولمەتین چوارەم کوڕ و منداڵی دەیەمی سوڵتانی برونایە و فڕۆکەوانە لە هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە. ئەنیشای بووکیش نەوەی راوێژکاریی سوڵتانە و براندی تایبەتی جلوبەرگی خۆی هەیە.
دوو هاوژینەکە بە ئۆتۆمبێلەکەیان بەرەو کۆشکی نورول ئیمان کە هەزار و 788 ژووری هەیە، بەڕێکەوتن.
برونای سەڵتەنەتێکی بچووک بەڵام دەوڵەمەندی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیایە؛ 460 هەزار و 345 کەسی لێ دەژی. سوڵتانەکەی خاوەن 30 ملیار دۆلارە و 7000 ئۆتۆمبێلی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ