رووداو دیجیتاڵ
کریس ڤان هۆڵن، ئەندامی ناسراوی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت، پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ماوەیەکی زۆرە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەناسێت.
ئەمڕۆ هەینی 14-2-2025 کریس ڤان هۆڵن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەی بۆ رووداو کرد.
کریس ڤان هۆڵن گوتی، ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەک دەناسن، بۆیە چاوی لەوەیە پێکەوە دوایین مژارەکان تاوتوێ بکەن، لەوانەش پەیوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق.
ئەو ئەندامەی کۆنگرێس بە رووداوی گوت، یەکێک لەو مژارانەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوتوێی دەکات بریتییە لە دۆخی سووریا و ئاماژەی بەوەشکرد، هەمیشە پاڵپشتیکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بووە.
رۆژی پێنجشەممە 13-2-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن گەیشتە شاری میونشنی ئەڵمانیا.
دەقی پرسیار وەڵامی رووداو و کریس ڤان هۆڵن
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆنە؟
کریس ڤان هۆڵن: پەیوەندییەکە لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی کوردستان و بەدڵنیاییەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی و هەموو عێراقیش زۆر بەهێزە. چاوم لەوەیە پەیوەندییەکان لێرە لە میونشن لە رێگەی کۆبوونەوەکانەوە بەهێزتر بکەین.
رووداو: پشتگیرییەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن؟
کریس ڤان هۆڵن: بەڵێم پێم وایە ویلایەتە یەکگرتووەکان درێژە بە پەیوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ خەڵکی کوردستان و هەموو عێراق دەدات.
رووداو: لە دیدارتان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی چی دەکەن؟
کریس ڤان هۆڵن: ماوەیەکی زۆرە یەک دەناسین، بۆیە سەرەتا چاوم لەوەیە دوایین مژارەکان تاوتوێ بکەین. بەدڵنیاییەوە زۆر پرسی جێگەی بایەخی پەیوەندیدار بە پەیوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ کوردستان و عێراق هەن. یەکێک لەو پرسانەی بەردەوام دێتە پێشەوە پرسی (هەناردەکردنەوەی) نەوتە لە رێگەی بۆریەوە بۆ تورکیا. دەزانم کە بەم دواییانە عێراق پڕۆژە یاسایەکی نوێی پەسندکرد و هەربۆیە ئومێدەوارین ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت. بەدڵنیاییەوە زۆر پرسی دیکەی جێگەی بایەخ هەن کە پێم خۆشە لەبارەیان قسەی لەگەڵ بکەم، لەوانەش گۆڕانکارییەکانی سووریا،کە (ئەو وڵاتە) لە کاتێکی جێگەی مەترسی و جێگەی دەرفەتیشدایە. هەربۆیە پێم خۆشە قسەی لەگەڵ بکەم لەبارەی دیدگەی بۆ ئەوێ. من هەمیشە پاڵپشتیکارێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات بووم. ئەوان لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا کارێکی زۆر باشیان لە شەڕی دژی داعش کردووە.
رووداو: پێت وایە ئیدارەی ترەمپ بەردەوام بێت لە هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان؟
کریس ڤان هۆڵن: ئومێدەوارم بەو جۆرە بکات. پێم وایە هێشتا بە وردی نازانین هەڵوێستی لەبارەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، عێراق و کوردستان چۆن دەبێت، بەڵام ئەگەر بێتو سەیری ئیدارەی پێشووی بکەیت، دەزانین پەیوەندییەکی بەهێزمان هەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ