رووداو دیجیتاڵ
لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا کۆبووەوە، پەیامنێری رووداو دەڵێت، ''وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا پێیڕاگەیاندین، هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە زۆر گرنگە.''
ئەمڕۆ هەینی 14-02-2025، 61ـــەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەستیپێکرد کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدارە و تاوەکو 16ـی شوبات بەردەوام دەبێت.
هەر ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا بە جیا لەگەڵ بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکەیان، گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''کۆبوونەوەیەکی نایابمان لەگەڵ سەرۆکە نایابەکە کرد. گفتوگۆمان کرد سەبارەت بە سووریا و عێراق".
پاشان سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش کۆبووەوە و دووبارە پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش تاوتوێ کراوە.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، گفتوگۆ لەسەر رۆڵی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ناوچەکەدا کراوە و ''وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بە شێوەی فەرمی و پڕۆفیشناڵ، بە روویەکی زۆر هاوڕێیانەوە پێشوازیی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و زۆر تامەزرۆی بینینی بوو".
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بە ئاڵا شاڵی راگەیاندووە، ''ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵم کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبینم، بێگومان پەیوەندییەکان و هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە گرنگە".
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، لەگەڵ بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگريی ئەڵمانیا باسيان له پەیوەندییەکانی ئهڵمانيا لهگهڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پهيوهندييهكانى ههولێر ـ بهغدا كرد و دهربارهى ههڕهشهكانى داعش و پێشهاتهكانى ناوچەکە بهتايبهتى سووريا، بيروڕايان گۆڕييهوه.
بەپێی راگەیێندراوەکە، "نێچیرڤان بارزانی پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ يارمهتيدان و پشتيگريى ئهڵمانيا له عێراق و ههرێمى كوردستان دەربڕی، ههروهها جهختى له گرنگی و پێويستيى ههرێمى كوردستان به بەردەواميی ئەم هاوکارییانه کردهوه".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لاى خۆیەوە، بهڕێز وهزيرى بهرگريى ئهڵمانيا پابەنديى ئەڵمانیای بە پشتگیريی هەرێمی کوردستان دووپات كردهوه، ههروهها بەهێزکردنی هاريكاريى هاوبهشى ئهڵمانياى لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان بۆ بهرهنگاربوونهوهى تيرۆر به پێويست له قهڵهم دا".
هەردوو وڵاتی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشن و تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پاڵپشتیی سەربازی و داراییان پێشکێشی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە.
بەگوتەی ئاڵا شاڵی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین کۆبوونەوەی دیکەی لەگەڵ بەرپرس و سەرکردەی وڵاتان دەبێت.
کۆنفرانسی میونشن، گرنگترین کۆنفرانسەکانی ئاسایشی جیهانییە کە ساڵانە لە شاری میونشنی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. ئەم کۆنفرانسە لە ساڵی 1963ـەوە دەبەسترێت.
هەموو ساڵێک سەدان کەسایەتی گرنگی جیهانی لەم کۆنفرانسەدا بەشداری دەکەن و باس لە گرنگترین کێشە و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی جیهانی دەکەن. کۆنفرانسەکە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە نزیککردنەوەی روانگەکان و دروستکردنی متمانە لە نێوان وڵاتاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ