رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەهۆی گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکەدا، لەسەر دۆخی سووریا راوێژیان پێدەکرێت؛ گوتیشی، ''خەڵکیش بە گرنگییەوە لە تێڕوانینەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڕوانن''.
ئەمڕۆ هەینی 14-02-2025، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن قسەی بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ''هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدایە و لە هەمانکاتدا بەهۆی شەڕی دژی تیرۆر و پارێزگاری لە ئاشتیی جیهانی، خاوەن تایبەتمەندییە.''
61ـــەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەستیپێکرد و بڕیارە تاوەکو 16ـی شوبات بەردەوام دەبێت. بەگوتەی دڵشاد شەهاب، هەرێمی کوردستان بەگشتی 10 جار و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش شەش جار لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بووە، ''ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی پێگە و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بێگومان جێگەی تێڕوانینی زلهێزەکانە.''
وەک گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆنفرانسی میونشن، بۆ خوێندنەوەی رووداوەکان گرنگییەکی تایبەت بە بۆچوونی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی دەدرێت، ''چونکە لە سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دۆخی عێراق و کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی سووریا، کاراکتەرێکی (یاریکەر) سەرەکین و خەڵکیش بۆ ئەم پرسانە بە گرنگییەوە لە تێڕوانینەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڕوانن.''
8ـی کانوونی یەکەمی 2024 رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا و ئێستا وڵاتەکە بە گۆڕانکارییەکی بەرچاودا تێدەپەڕێت. دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەدا، گۆڕانکارییەکانی سووریا لە چەند بوارێکەوە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ''بەشێکی سنووری نێوان عێراق و سووریا دەکەوێتە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی سووری لێرە هەن، هەروەها برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان هەن. بۆیە بێگومان ئەوان (زلهێزەکان) پرسیاری تێڕوانینی ئێمە دەکەن.''
دڵشاد شەهاب باسی لە پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی، ''پەیامی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ برایانمان ئەوەیە کە یەکبن و بەشداریی کارایان لە بیناکردنی سووریای نوێدا هەبێت.''
کۆنفرانسی میونشن، گرنگترین کۆنفرانسەکانی ئاسایشی جیهانییە کە ساڵانە لە شاری میونشنی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. ئەم کۆنفرانسە لە ساڵی 1963ـەوە دەبەسترێت.
هەموو ساڵێک سەدان کەسایەتی گرنگی جیهانی لەم کۆنفرانسەدا بەشداری دەکەن و باس لە گرنگترین کێشە و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی جیهانی دەکەن. کۆنفرانسەکە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە نزیککردنەوەی روانگەکان و دروستکردنی متمانە لە نێوان وڵاتاندا.
دەقی قسەکانی دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
رووداو: گرنگیی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ هەرێمی کوردستان چییە؟
دڵشاد شەهاب: خۆی ئێستا کێشەکانی جیهان، بەتایبەتی کێشە ئەمنییەکان تەنیا ئەوە نین کە پەیوەندیدار بن بە سنوورێکی دیاریکراو، هەر کێشەیەکی ئەمنی لە هەر کوێ رووبدات، رەنگدانەوەی بەسەر ئابووریی جیهانەوە دەبێت، رەنگدانەوەی بەسەر کۆچکردن دەبێت، رەنگدانەوەی بەسەر هەموو ئەو گرفتانەی کە بەرۆکی جیهانی بە شێوەیەکی گشتی گرتووە، دەبێت.
ئێستا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکێک لەو ناوچانەی کە گۆڕانکاریی خێرای تێدا لەئارادایە و لە هەندێک رووەوە دەکوڵێت و گۆڕانکاریی دراماتیکی تێدا روودەدات، کە هەندێکجار لە ئاستی چاوەڕوانیش خێراترن. بێگومان پێگە دەستووری و یاساییەکەی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدایە، بەڵام لە هەمانکاتدا خاوەن تایبەتمەندییە. بەتایبەتی لەدوای بەشداریی کارای هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر و پارێزگاریی لە ئاشتیی جیهانی، ئەوە نزیکەی دەیەمینجارە هەرێمی کوردستان بەشداری لەم کۆنفرانسەدا دەکات و جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رێزدار نێچیرڤان بارزانی شەشەمین جارە بەشداری دەکات، بێگومان ئەگەر دیقەت بدەینە سەر خوێندنەوەی گشتیی رووداوەکان، ئەمە هۆکارەکەی یەک شتە، ئەویش کاریگەریی پێگە و رۆڵی هەرێمی کوردستانە لە سەقامگیریی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بێگومان جێگەی تێڕوانینی زلهێزەکانە؛ هەر بۆیە ئەو مامەڵەیە لێرە لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت. ئێمە پاریش لێرە بەشدار بووین و هەموو ئەو دیدارانەی لێرە دەکرێن و ئەو گرنگییەی کە بۆ بۆچوونی هەرێمی کوردستان، جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ خوێندنەوەی رووداوەکان، بۆ سەقامگیری لە ناوچەکە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆ دۆخی عێراق، بۆ کاریگەرییەکانی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سووریا روویان داوە، تێکڕای ئەم پرسانە، پرسگەلێکن کە ئێمە تێیدا کاراکتەرێکی سەرەکین و خەڵکیش بە گرنگییەوە لە تێڕوانینەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڕوانن بۆ ئەم پرسانە.
رووداو: لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا باسی چی کرا؟
دڵشاد شەهاب: بێگومان هەردوو وڵات لە بەرەی جەنگی دژی تیرۆردا بوون و شایەتی ئەوە دەدەن لە دیدارەکاندا کە هەرێمی کوردستان چەندە رۆڵیکی کاریگەر و کارای بینیوە، پێشمەرگە چ رۆڵ و کاریگەرییەکی هەبووە لە پارێزگاریکردن لە ئاشتیی جیهانی.
من پێشتر باسم لەوە کرد لەو کاتەوە هەرێمی کوردستان لەو گۆڕەپانەدایە ئەم کاریگەرییەی هەیە، جێگەی تێروانینی هەموو خەڵکی جیهانە، بەنیسبەت سووریا بێگومان ئەوان پرسیاری تێڕوانینی ئێمە دەکەن، لە لایەکەوە وەکو عێراق کە ئێمە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقداین و مامەڵەی فەرمیمان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا هەیە، لە لایەکی دیکەوە، بەشێکی ئەو سنوورەی کە سووریا لەگەڵ عێراق هەیەتی، لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە و ژمارەیەکی یەکجار زۆر ئاوارەی سووری لە هەرێمی کوردستان هەن و هەروەها برایانی ئێمە، کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە سووریا هەن، کە ئەمە لە چەند رووەوە گۆڕانکارییەکانی دۆخی سووریا پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە و سەقامگیریی سووریا کاریگەری لەسەر سەقامگریی ناوچەکە دەبێت و پێچەوانەکەشی راستە.
تێڕوانینی ئێمە ئەوەی کە داواکاری لەلایەن جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەو زلهێزانەی کە تێڕوانین و گرنگییان بۆ رووداوەکانی ناوچەکە هەیە، ئەوەیە کە هەڕەشەی تیرۆر بەردەوامە و ئەو جموجوڵەی کە روودەدات خۆی ئاماژەیەکە، راستە لە رووی دەسەڵات لە ناوچەیەکی دیاریکراوەوە داعش نەماوە، بەڵام فکری داعش ماوە، ئەو کارانەی کە بوونەتە هۆی دروستبوونی جووڵەیەکی وا پەڕگیر ئێستا لە ناوچەیەکەدا بەردەوامن، ئەمەش هەڕەشەیەکی جیهانییە، بۆیە ئێمە دووپاتی دەکەینەوە تێڕوانینی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بەردەوامیی هێزی هاوپەیمانان و چالاکیی هاوپەیمانان بۆ پارێزگاریی لە ئاشتیی ناوچەکە گرنگە.
پەیامی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان ئەوەیە کە یەکبن و بەشداریی کارایان لە بیناکردنی سووریای نوێدا هەبێت، هەندێک لەو ئاماژانەی کە دەرکەوتن لە ئیدارەی نوێی سووریا، لە پەیامەکان پەیامی ئەرێنی هەن و چاوەڕوان دەکەین کە ئەو پەیامانە رەنگ بداتەوە لە بەڕێوەبردنی وڵات. ئێمە دواجار هەم بەهۆی دراوسێیەتی و هەم بەهۆی کوردبوونمان و هەبوونی براکانی ئێمە لەوێ و هەم بەهۆی دۆخی عێراق و پەیوەستبوونی بە دۆخی سووریاوە، هەموو ئەوانە دەخوازێت کە ئەوە جێگەی بایەخپێدانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بن. هاودەنگییەکیش هەیە، بەتایبەتی ئەم دوو دیدارەی کە ئەمڕۆ بەیانی هەبوون.
رووداو: کۆبوونەوەی لووتکەی ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کێ دەبێت؟
دڵشاد شەهاب: هەموو بەرنامەکە وابزانم لای ئێوەش هەیە، هەندێکجار خشتەکان گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت، بەڵام بێگومان هەموو دیدارەکان بۆ ئێمە گرنگن و گرنگیی ئەو هێزانەی کە تێڕوانین و گرنگیدانیان بە ناوچەی ئێمە هەیە، هەموو ئەو دیدارانە گرنگن و بوونی هەرێمی کوردستان بە شێوەی هەرێمێکی فیدراڵی، بەڵام بە مامەڵەیەکی وا کە لە ئاستێکی بەرزدا گوێ لە بۆچوونی ئێمە لەسەر دیاریکردنی سیاسەتی وڵاتان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگیرێت، من پێموایە ئەوە چوارچێوەی گرنگیی ئامادەبوونی هەرێمی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ