پەیامی واشنتن گەیێندرایە تاران؛ بڕیارە ئەم هەفتەیە لە جنێڤ کۆببنەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا بڕیارە ئەم هەفتەیە گەڕێکی نوێی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە جنێڤ بەڕێوەبچن، سوپای ئەمریکا خۆی بۆ ئەگەری ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی "درێژخایەن" دژی ئێران ئامادە دەکات و دۆناڵد ترەمپیش دەڵێت، "یان رێککەوتن یان هەنگاوی زۆر تووند."
 
ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، بڕیارە رۆژی 17ی شوبات شاندێکی باڵای ئەمریکا و ئێران لە جنێڤی سویسرا کۆببنەوە. شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت. لە بەرامبەریشدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات.
 
رۆڵی عومان و پەیامە نهێنییەکان
 
بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، وەک نێوەندگیر لە نێوان هەردوو وڵات بەشداریی گفتوگۆکان دەکات.
 
بەگوێرەی سەرچاوەکان، ستیڤ ویتکۆف لە چەند رۆژی رابردوودا پەیامێکی تایبەتی لە رێگەی وەزیری دەرەوەی عومانەوە گەیاندووەتە عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، کە دواتر لاریجانی لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەیەوە وەرگرتنی پەیامەکەی پشتڕاستکردەوە.
 
رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو 10-2-2026 لاریجانی سەردانی عومانی کرد و یەکێک لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بوو. 
 
ئامادەکاری بۆ "جەنگێکی چەند هەفتەیی"
 
هاوکات لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکان، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی "چەند هەفتەیی و بەردەوام" دژی ئێران ئامادە دەکات.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەمجارە پلانەکە تەنیا بۆ لێدانی بنکە ئەتۆمییەکان نییە، بەڵکو دامەزراوە حکومی و ئەمنییەکانی ئێرانیش دەبنە ئامانج. پێنتاگۆن بۆ ئەم مەبەستە کەشتییەکی دیکەی فڕۆکەهەڵگر، هەزاران سەربازی زیادە، فڕۆکەی جەنگی و کەشتیی تێکشکێنەری موشەکهاوێژی رەوانەی ناوچەکە کردووە.
 
هەڕەشەکانی ترەمپ و بژارەکانی سەر مێز
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی 10ی شوبات بە ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ی راگەیاند: "یان رێککەوتنێک دەکەین یان ناچار دەبین کارێکی زۆر تووند بکەین، وەک ئەوەی جارەکەی دیکە کردمان." 
 
ترەمپ رۆژی هەینیش لە گوتارێکدا بۆ سەربازانی وڵاتەکەی لە کارۆلینای باکوور، ئاماژەی بەوە کرد کە رێککەوتن لەگەڵ ئێران کارێکی قورسە و گوتی: "هەندێک جار دەبێت ترست هەبێت، چونکە تەنیا ئەوە دەبێتەهۆی چارەسەرکردنی دۆخەکە."
 
لەلایەکی دیکەوە، ئانا کێڵی، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، "سەرۆک ترەمپ هەموو بژارەکانی لەسەر مێزە" و بڕیاری کۆتایی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکا دەدات.
 
بەرپرسانی باڵای حکومەت و سوپای پاسداران هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، سەرجەم بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە