رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە پەکیکەوت، چالاکڤانێکی کۆچبەران دەڵێت، پۆلیسی یۆنان هەموو کۆچبەرەکانی رزگارکردن و سەرجەمیان سەلامەتن.
رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران لە یۆنان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەلەمەکە بەیانیی دوێنێ لە تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتووە و ئێوارەی دوێنێ لە دەریای ئیجە لە سنووری یۆنان بەهۆی چەند کێشەیەکەوە پەکی کەوتووە".
ئەو چالاکڤانە گوتی: "بەلەمەکە ئێوارەی دوێنێ پەکی کەوتبوو، تاوەکو درەنگی شەو کەس نەچوو بەهانایانەوە و ژیانیان لە مەترسیدا بوو، بەڵام دواتر پۆلیسی یۆنانی هەموویانی رزگار کرد".
بە گوتەی پشدەری کە لەگەڵ لایەنی یۆنانی بەدواداچوونی بۆ کێشەی کۆچبەران کردووە، کۆچبەرەکان 90 بۆ 94 کەسن و هەموویان کوردن و خەڵكی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانن.
ئەو چالاکڤانە کوردە گوتی: "تەواوی کۆچبەرەکان سەلامەتن، بەڵام دیارنییە کە پۆلیسی یۆنان دیپۆرتی تورکیایان دەکاتەوە یان نا".
بە گوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ، ئەم ساڵ تاوەکو 12ـی ئاب، 85 هەزار و 747 کۆچبەر چوونەتە ئەورووپا کە 80 هەزار و 708یان بە دەریادا بووە. هەروەها، لە هەمان ماوەدا هەزار و 212 کەس لەو رێگەیە بێسەروشوێن بوون یان مردن لەکاتێکدا پار سێ هەزار و 812 کەس بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ