'رێوییە کوردەکە' دەستگیرکرا؛ تیمی دیاسپۆرا لە سوێدەوە بەدواداچوون دەکەن

14-10-2023
رەوا مەجید کە بە "رێوییە کوردەکە" ناسراوە.
رەوا مەجید کە بە "رێوییە کوردەکە" ناسراوە.
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هەفتەی رابردوو میدیای سوێدی بڵاویانکردەوە کە رەوا مەجید، ناسراو بە "رێوییە کوردەکە" دەستگیرکراوە. رەوا لەلایەن پۆلیسی سوێدەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە سەرۆکایەتیی باندێکی گەورەی تاوانکاری دەکات لەو وڵاتە. بەڵام ساڵانێکە لەوێ ناژیت و لە تورکیا و هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتیی باندەکەی دەکات. 
 
تیمی دیاسپۆرا بۆ بنکۆڵکردنی هەواڵەکە چوونە سوێد، دۆسیەیەکی سەخت کە هێندە مەترسیدارە کەس ناوێرێ قسەی تێدا بکات. وەک سوێدییەکان باسیان دەکرد، رەوا مەجید لە دەوروبەری قەڵادزێ و لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراوە. بەڵام کەس، نە پۆلیس و نە هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی نەیانتوانیوە راستی و ناڕاستیی هەواڵەکە پشتڕاست بکەنەوە.
 
دوای هەوڵێکی چەند رۆژە یەکێک لەوانەی پێشتر لەنێو گرووپە تاوانکارییەکاندا بووە و کوردە و چەند هەفتەیەکە لە زیندان دەرچووە قسەی بۆ دیاسپۆرا کرد. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دۆخی سوێد یەکجار زۆر مەترسیدار بووە، بۆیە کەس ناوێرێ تەنانەت باسی ئەو گرووپە تاوانکارییانەش بکات.
 
ئەو شایەتحاڵە بوێرییەکی زۆری هەبووە کە بۆ دیاسپۆرا قسەیکرد و گوتی، "سەرەتا کێشەکە لە نێوان دوو گرووپ لە شاری مالمۆ دەستیپێکرد، لە نێوان کۆفەلەنگەر و ئێفەلەنگەر کە ئامۆزای یەکتربوون، شەڕی لە نێوانیان دەستیپێکرد و نزیکەی 22 کەسیان لەیەکتر کوشت، و دواتر پۆلیس هەموو ئەندامانی هەردوو گرووپەکەی دەستگیر کرد".
 
ئەو شایەتحاڵە کە نەیویست ناو و ناونیشانی ئاشکرابکرێت، ئاشکرایکرد کە گرووپەکان لە نەتەوەی جیاوازن، بەڵام زۆرینەیان توونسی بوون.
 
شایەتحاڵەکە بۆ تیمی دیاسپۆرا روونیکردەوە، دوای شەڕەکەی مالمۆ، کێشەکە بەرەو باکوور هەڵکشا و گەیشتە شاری یووتۆبۆری، بەڵام لەوێ هۆکاری کێشەکە جیابوو، بەهۆی کێشەی خێزانییەوە دروستبوو گوتی: "ئەو ژنانەی بۆ پیاوێک واز لە مێردەکانیان دەهێنن و پیاوەکانیان بەگر دەدەن، دواتر کاتێک کە هاوژینەکانیان لە زیندان دەردەچن ئەو کەسانە دەکوژن کە ژنەکەیان لێبردوون." 
 
شایەتحاڵەکە باسی کێشەو شەڕە گەورەکەی کرد و گوتی، "کێشە و شەڕی ئێستا لە ستۆکهۆڵم لەسەر مادەی هۆشبەرە و  ئێستا مادەی هۆشبەر بە تۆن لە کۆڵۆمبیا و ئەفغانستانەوە لە رێگەی تورکیا و رووسیاوە دەهێندرێتە سوێد، بازرگانییەکە داهاتی زۆری هەیە، بۆ نموونە کەمترین دەستکەوت لە بازرگانی ماددە هۆشبەرە لە رۆژێکدا 10 بۆ 15 هەزار دۆلارە بۆ کەسێکی ئاسایی، بەڵام بازرگانە گەورەکان بە سەتان هەزار دۆلار بەدەستدەهێنن."
 
ئەو شایەتحاڵە دەڵێت، "هۆکاری سەرەکیی کێشەکەش پانتایی جوگرافیای بازرگانییەکەیە، گرووپێکی کوردی و گرووپێکی بیانی کە هەردووکیان بازرگانیی مادەی هۆشبەر دەکەن دەیانەوێ دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرن بۆ بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر، گرووپە کوردەکە ناوی فۆکسترۆتە، هەروەها باندەکان لەکاتی تەواوبوونی ماوەی قەرز و لە ئەگەری نەگەڕاندنەوەیدا دەچن کەسێک لەوانە دەکوژن کە قەرزارن، دواتر ئەوانیش دێن ئەندامێکی گرووپەکە لەجیاتی کوژراوەکەیان دەکوژنەوە."
 
ئەو شایەتحاڵە روونیکردەوە، هەرچەندە لەو دوو گرووپە گەورەیەی ستۆکهۆڵم نەتەوەی جیاوازیان تێدان، بەڵام زۆربەی ئەندامەکانیان کوردن و  تەمەنیشیان لە سەرووی 11 ساڵییەوەن، واتە مێردمنداڵن.
 
رەوا مەجید تەمەنی 37 ساڵە، سەرۆکی تۆڕێکی قاچاخچیی مادەی هۆشبەرە بە ناوی فۆکسترۆت؛ لە سوێد بە "رێوییە کوردەکە" ناودەبرێت و هەموو پۆلیسی سوێد بەدوایەوە بوو، لەکاتێکدا رەوا و تۆڕەکەی، بە شەڕە تەقە و تەقینەوەی خوێناوی، سوێدیان بەگیر هێنابوو. 
 
بەهۆی دروستبوونی کێشە لەنێوان تۆڕەکەی رەوا مەجید و تۆڕێکی دیکەی مادە هۆشبەرەکان کە کەسێکی یۆنانی سەرکردایەتی دەکات، لەم ماوەی دواییدا شەپۆلێکی شەڕ و تووندوتیژی سوێدی گرتەوە. 
 
مانگی رابردوو، 12 کەس کورژان، کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون، بەڵام کەوتنە بەر ئاگری ئەو شەڕە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە