وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بۆ رووداو: هیچ هۆکارێک نییە لە ئاسایشی سەربازەکانمان لە عێراق بترسین

14-11-2023
بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا. وێنە: Bloomberg
بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا. وێنە: Bloomberg
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، هیچ مەترسییەکی جیدی لەسەر ئاسایشی راوێژکارە سەربازەکانیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق نییە.
 
رۆژی سێشەممە 14-11-2023 بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە برۆکسل وەڵامی زنار شینۆ، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ رووماڵی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا دایەوە و گوتی، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن، بەڵام هیچ هۆکارێکی جیدی نییە بۆ ئەوەی ترسیان لە ئاسایشی راوێژکارە سەربازییەکانیان لەو شوێنانە هەبێت. 
 
ئەو گوتەیەی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، ماوەی سێ هەفتەیە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەستیان پێکردوەتەوە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە کەرتی غەززە. 
 
بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا-پێنتاگۆن دەڵێن، لە 17-10-2023ەوە زیاتر لە 40 جار بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا هێرشیانکراوەتە سەر. ئەمریکاش دووجار هێرشیکردووەتە سەر ئەو گرووپە چەکدارانەی کە نزیکن لە ئێرانەوە و باوەڕی وایە ئەنجامدەری هێرشی سەر ئەو بنکانە بووبن.
 
سوپای ئەڵمانیا لە ساڵی 2014ەوە ئەندامی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و نزیکەی 250 راوێژکاری سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە.
 
ئەرکی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بریتییە لە:
 
- راهێنان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
 
- هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
 
- کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری لەبارەی جموجۆڵەکانی داعش و پێدانی ئەو زانیارییانە بە پێشمەرگە و سوپای عێراق.
 
- دابینکردنی سووتەمەنی بۆ فڕۆکەکانی ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
 
دەقی پرسیاری زنار شینۆ و وەڵامی بۆریس پیستۆریوس:
 
رووداو: بەڕێز وەزیر، ئێوە لە ئاسایشی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق دەترسن، بە تایبەتی ئەوانەی لە چوارچێوەی ئەرکی ناتۆدا کارەکانیان رادەپەڕێنن؟ هەروەها ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانن لە باکووری عێراق؟
 
بۆریس پیستۆریوس: ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان. هیچ هۆکارێکی جیدی نییە لەوە بترسین، بەڵام لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکەین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە