موسڵمانان 5.5٪ـی دانیشتووانی ئەڵمانیا پێکدەهێنن

15-04-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن، لە ساڵی 2022دا لانیکەم 272 تاوان دژی موسڵمانان لەو وڵاتەدا کراون، ئەوەش لەکاتێکدایە ژمارەی موسڵمانانی ئەڵمانیا نزیکەی 4.5 ملیۆن کەس دەبێت. 
 
ئامارە فەرمییەکانی ئەڵمانیا پیشانی دەدەن، لە ساڵی 2022دا لانیکەم 272 تاوان لەسەر بنەمای ئایین دژی موسڵمانان کراون کە "ئازاردانی جەستەیی، نامەی هەڕەشەئامێز و هێرشکردنە سەر مزگەوتەکان" لەخۆدەگرێت. 
 
موسڵمانانی وڵاتەکەش داوا لە حکومەت دەکەن هەڵوێستێکی تووندتری بەرامبەر بەو رق و کینەیە هەبێت دژی موسڵمانان دەکرێت.
ئەیمەن مازیک، سەرۆکی ئەنجوومەنی ناوەندی موسڵمانانی ئەڵمانیا دەڵێت، "وروژاندنی رق و کینە دژی موسڵمانان بە قسە نابێت، بەڵکو دەبێت کرداری لەگەڵ بێت". 
 
مازیک داوا لە حکومەتی ئەڵمانیا دەکات "هەنگاوی کۆنکرێتی" بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بنێت، هەروەها داواکاریی کۆمەڵگەی موسڵمان دووپات دەکاتەوە بۆ دانانی کۆمیسیارێکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی دژە ئیسلام. 
 
ژمارەی دانیشتووانی ئەڵمانیا 84.5 ملیۆن کەسە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئەڵمانیا، ژمارەی ئەو پەناخوازانەی لە نزیکەی دوو دەیەی رابردوودا لە وڵاتانی زۆرینە موسوڵمانەوە روویان لەو وڵاتە کردووە نزیکەی 1.2 ملیۆن کەس بووە و ژمارەی موسڵمانانیش لەو وڵاتە بەگشتی نزیکەی 4.5 ملیۆن کەس کە دەکاتە 5.5٪ـی کۆی دانیشتووانی ئەڵمانیا. ئەوەش وڵاتەکە دەکاتە خاوەن دووەم گەورەترین دانیشتووانی موسڵمان لە ئەوروپا لەدوای فەرەنسا. 
 
لە چەند ساڵی رابردوودا ئەڵمانیا لە رووی ئایین و کولتوورەوە بووەتە یەكێک لە وڵاتە هەرە فرەچەشنەکانی ئەوروپا. هاووڵاتییانی تورکیایی لە ئەڵمانیا گەورەترین ژمارەی موسڵمانانی ئەڵمانیا پێکدێنن، بەو پێیەی 50٪ـی ئەو موسڵمانانەی لە ئەڵمانیا دەژین لە باکووری کوردستان و تورکیاوە چوونەتە ئەو وڵاتە.  
 
لەدوای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانی ناسراو بە "بەهاری عەرەبی" لە ساڵی 2011؛ ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی موسڵمان لە وڵاتە نائارامەکان چوونە ئەوروپا و ئەڵمانیا یەکێک بووە لەو وڵاتە سەرەکییانەی کە پەناخوازان رووی تێدەکەن. جگە لەوەش، کۆچبەران لە باشوور و رۆژهەڵاتی ئاسیا و کیشوەری ئەفریقاوە چوونەتە ئەو وڵاتەی یەکێتیی ئەوروپا. 
 
موسڵمانە سوننە مەزهەبەکان 75٪ـی موسڵمانانی ئەڵمانیا پێکدەهێنن و شیعەش رێژەکەی دیکە پێکدەهێنن. 
 
لە مانگی ئەیلوولی 2006 دا، وەزارەتی نێوخۆی ئەڵمانیا بۆ یەکەمجار کۆنفرانسی ئیسلامی لە ئەڵمانیای راگەیاند. ئەوەش بووە یەکەمین جار نوێنەرانیی دەوڵەتی ئەڵمانیا لەگەڵ نوێنەرانی 10 رێکخراوی ئیسلامی لە وڵاتەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پرسەکانی پەیوەست بە موسڵمانانی ئەڵمانیاوە بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە