61 هاونیشتمانی لە لیبیا دەستبەسەر دەکرێن

15-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، ژمارەیەک هاونیشتمانی کە زۆرینەیان خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن لە پارێزگای سلێمانی، لە لیبیا دەستبەسەر کراون. خاڵی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان دەڵێت، "9 رۆژە هیچ ئاگامان نییە لێیان."
 
حەسەن قادر، هاونیشتمانی لە ئیدارەی راپەڕین، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خوشکەزایەکم بە ناوی هۆگر ئاسۆ لەگەڵ هاوڕێکانیدا 18 رۆژ لەمەوبەر چوونە لیبیا، بەڵام زانیومانە دەستگیرکراون و نۆ رۆژیشە بێ ئاگاین لێیان."
 
ئەو هاونیشتمانییانە کە زۆرینەیان گەنجن، بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە بەغداوە گەشتی لیبیایان کردووە.
 
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ژمارەی کۆچبەرەکان 61 کەسن، نزیک بنغازی لیبیا لەلایەن مافیاکانەوە دەستبەرکراون."
 
بە گوتەی بەکر عەلی، "لەنێوان قاچاخچییەکاندا لەسەر پارە کێشە دروستبووە و قاچاخچییەکی عەرەب هەموو کۆچبەرەکانی رادەستی گرووپێکی مافیا کردووە بۆ دەستبەسەرکردن و ئێستا راگیراون."
 
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان گوتی، چارەنووسی کۆچبەرەکان دیارە و پەیوەندییان بە کەسوکاریانەوە کردووە، ئەوەی هەیە ناکۆکی نێوان قاچاخچییەکان بووە بەهۆکاری راگرتنیان.
 
وەکو سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا باسی دەکات، ئەو هاونیشتمانیانەی رێگەی "پڕ مەترسی" لیبیا بۆ گەیشتن بە ئەورووپا بەکاردەهێنن، دەبێ هەریەکەیان 17 بۆ 20 هەزار دۆلار بدەنە قاچاخچییەکان لەپێناو گەیاندنیاندا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە