رووداو دیجیتاڵ
کەنەدا بەنیازە ژمارەی پەنابەرانی وڵاتەکەی لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا زیاد بکات، ئەوەش دوای کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لەمساڵدا روویان لە وڵاتەکە کردووە. شارەزایەکی کەنەدیش رێگاکانی بەدەستهێنانی مافی پەنابەری لەو وڵاتە ئاشکرا دەکات.
مارکۆ میندیسینۆ، وەزیری کۆچی کەنەدا رایگەیاند، ژمارەی پەنابەرانی وەرگیراو لە کەنەدا لە ساڵانی 2021 تا 2023 زیاد دەکەن، ئەوەش دوای پاشەکشەی ژمارەی پەنابەرانی ئەمساڵ بۆ وڵاتەکە بەهۆی کۆرۆناوە.
وەزیرە کەنەدییەکە رایگەیاند، وڵاتەکەی نیازی پێشوازیکردن لە 1.2 ملیۆن پەنابەری لەماوەی سێ ساڵی داهاتوودا هەیە، ئەمەش زیادکردنی 200 هەزار پەنابەری دیکەیە لە کۆی ئەو ژمارەیەی پێشتر وڵاتەکە بەر لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا رایگەیاندبوو.
جۆزێف زۆخور شارەزا لە بواری یاساکانی کۆچ لە حکومەتی کەنەدا، هەڵسەنگاندنی بۆ بڕیاری کەنەدا بۆ وەرگرتنی پەنابەر کرد و رایگەیاند ئەم پرۆسەیە بەشێوەی قۆناخ دەکرێت و تاوەکو ساڵی 2023 بەردەوام دەبێت و ساڵانە لانیکەم 420 هەزار پەنابەر وەردەگرێت.
لەبارەی مەرجەکان و شێوازی وەرگرتنی پەنابەران، جۆزێف زۆخور رایگەیاند، کەفیل بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری خێراترین و باشترین رێگایە، هەر کەسێک نیازی کۆچکردن و ژیانی لە کەنەدا هەبێت، پێویستە پەیوەندیی راستەوخۆ بە هاووڵاتیانی کەنەدی بکات بۆ ئەوەی ببنە کەفیلی، جا کەسوکاری بێت یاخود هاوڕێ و دۆستی بن. ئاماژەی بەوەشدا، خێزان هەن لە کەنەدا ئامادەییان هەیە ببنە کەفیلی پەنابەران، هەر پەنابەرێکیش دەبێ دوو کەفیلی هەبێت.
باسی لەوەشکرد، پەنابەرە سوورییەکان پشکی زیاتریان پێدەدرێت لە بابەتی کۆچکردن بۆ کەنەدا و حکومەتی کەنەداش لە بەرنامەیدایە زۆرترین پەنابەری سووری وەربگرێت.
لەماوەی رابردووشدا، کۆمسیاری باڵای پەنابەرانی کەنەدا رایگەیاندبوو، سیستەمی دووبارە نیشتەجێبوون و وڵاتینامەیی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو نوێ کردووەتەوە کە لەرێگەی ئەو سیستەمە، هەر پەنابەرێک نیشتەجێبووی هەمیشەیی کەنەدا بێت، مافی راکێشانی دایک و باوک و خوشک و براکانی دەبێت بۆ کەنەدا، بەو مەرجەی بەرپرسیارێتی بەخێوکردنیان و بژێوی ژیانیان بۆ 10 ساڵ فەراهەم بکات. ئەمەش لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانیاری تایبەت دەبێت بۆ ئەم بابەتە. هەروەها کەسی داواکار، بەرلەوەی فۆڕمی زانیارییەکان پڕبکاتەوە، دەبێ بەڵگەنامەی پاکانەی باجەکانی هەبێت، بەهۆی ئەوەی کەنەدا وەرزی نوێی پاکانەی باجەکان لە مانگی نیسان دەستپێدەکات.
جۆزێف زۆخور رێگایەکی دیکەی چۆنێتیی کۆچکردن بۆ کەنەدا ئاشکراکرد، کە بریتییە لە "کۆچکردنی ئابووری". ئەم رێگایەش چەند مەرجێکی دیاریکراوی هەیە وەکو تەمەنی لە 30 ساڵ کەمتر نەبێت و خاوەن بڕوانامەی باڵا بێت و بەگوێری پسپۆڕییەکەی دەبێت لە پیشەیەکدا شارەزایی هەبێت. لەپاڵ ئەمەش زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی بزانێت.
جۆرێکی دیکەی کۆچکردن بۆ کەنەدا "کەفالەتی پێنجی" پێدەگوترێت. ئەم جۆرە بریتییە لەوەی پێنج هاووڵاتی کەنەدی خۆیان کەسێک هەڵدەبژێرن و ببنە کەفیلی، سێ کەنەدی تەواوی خەرجییەکانی کۆچکردن و نیشتەجێکردن لە کەنەدا لە ئەستۆ دەگرن و دوو کەنەدییەکەی دیکەش یاوەری گەشتەکەی دەبن لەکاتی کۆچکردنی بۆ کەنەدا. ئەم کارەش دەبێ لە رێگەی رێکخراوی SAH بکرێت، کە رێکخراوێکی ئاینی، کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییە. کاردەکات بۆ سپۆنسەرکردن و دابینکردنی بەشێک لە خەرجییەکانی پەنابەران و دۆزینەوەی کەفیل بۆیان.
جۆزێف زۆخور، هۆشداری دەدات بەوەی چەندین کۆمپانیا هەن، کە خەڵک فریو دەدەن لە رێگەی پارە وەرگرتن لە بەرامبەر خزمەتگوزاریی راییکردنی مامەڵەکانیان و دەشڵێت، حکومەتی کەنەدا بەهیچ شێوەیەک پارەی خزمەتگوزاریی راییکردنی مامەڵەکان وەرناگرێت و بێبەرامبەرە. هەر لایەنێک داوای پارە بکات، ئەوا فریوتان دەدات. چونکە بابەتی کۆچکردن بۆ کەنەدا زۆر هەستیارە و جیاکاری لە نێوان نەتەوەکان ناکات و بە چاوی یەکسان مامەڵە لەگەڵ تەواوی کەیسەکان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ