رووداو دیجیتاڵ
کچێکی گەنجی تەمەن 19 ساڵ لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا بە فڕۆکەیەکی بچووک دەستی بە سووڕانەوە بە دەوری زەوی کرد. دوای ئەوەی کە گەشتەکەی تەواو بوو، دەیەوێت بگەڕێتەوە ماڵی خۆی لە بەلجیکا.
کچە گەنجەکە ناوی زارا رەزەرفۆردە. دوای گەشتەکەی، دوو ریکۆردی کتێبی گینس دەشکێنێت و دەبێتە گەنجترین ئافرەت کە بە دەوری جیهاندا سووڕاوتەوە، هەروەها یەکەم کەسیش کە ئەو گەشتە بە فڕۆکەیەکی سووک و بچووک ئەنجام دەدات.
زارا لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا سەردانی ئەوروپا، ئەمریکای باکوور، ئەمریکای باشوور و بەشێک لە ئاسیای کرد، لەو وڵاتانەی کە پێیدا تێپەڕی، پێشوازیی گەرمی لێکرا.
زارا رازەرفرۆد هەر لە منداڵییەوە فێری لێخوڕینی فڕۆکە بووە. دایکی بەلجیکییە و باوکی بەریتانی. دایکی دەڵێت زارا ئەزموونی چوار نەوەی فڕۆکەوانی لە پشتە.
بیاتریس دی سمێت، دایکی زارا دەڵێت، "باپیرم دەیزانی فڕۆکە لێبخوڕێت. ئەو بۆ کات بەسەربردن فڕۆکەی لێدەخوڕی. باوکیشم بە هەمان شێواز فڕۆکەوان بوو، ئەویش هەر بۆ کاتبەسەربردن بوو. منیش بە هەمان شێواز بۆ سەرگەرمی فڕۆکەم لێدەخوڕی. ئێستا زارا نەوەی چوارەمە لە فڕۆکەوانیدا. لە سەری باوکیشەوە، لەلایەن سامەوە کەسانێک هەبوون کە لە بواری فڕۆکەوانیدا شارەزابوون."
باوک و دایکی زارا بەردەوام چاودێریی خاڵ بە خاڵی گەشتەکەی زارایان کردووە و ستایشی بوێری و بڕوابەخۆبوونیان کردووە.
زارا خولیای هەیە لە داهاتوودا ببێتە کەشتیوان و بۆ ئەو مەبەستەش پلانی داناوە لە زانکۆیەکی ئەمریکی بخوێنێت.
سام رازەرفۆرد، باوکی زارا دەڵێت، "زارا دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام پێموایە زۆر نەمێنێتەوە. ئەو دەیەوێت بۆ خوێندن بڕواتە ئەمریکا. ئەو ئارەزووی هەیە ببێتە ئەستێرەناس. کەواتە ئەگەر تۆ ئارەزووت هەبێ بۆ شتێک و ئازادبی و بۆ ئەو مەبەستەش باڵت پێ بدرێت، دەتوانی بفڕیت. پێموایە ئێمە ئەو باڵەی کە زارا پێویستی پێی بوو بفڕێت، پێمانداوە."
گەشتەکەی زارای تەمەن 19 ساڵ بووەتە ئیلهامبەخشی ئافرەتانی گەنج بۆ ئەوەی بەدوای خولیا و ئارەزووەکانیاندا بن و دەستبەداریان نەبن.
پێش زارا، لە ساڵی 2017، شایستە واعز، فڕۆکەوانی ئەمریکی بە بنەچە ئەفغان کە ئەو کاتە تەمەنی 30 ساڵ بوو توانیی بە فڕۆکە بەدەوری جیهاندا بسووڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ