فەرەنسا لەبارەی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر: دەبێت بووەستێندرێت

16-01-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرەنسا بەتووندی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر سەرکۆنە دەکات و دەڵێ "دڵنیایی دەدەینە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەتەواوەتی هاوسۆزین لەگەڵیاندا" و، پێویستە ئەو هێرشانە بووەستێندرێن.
 
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئەمڕۆ (سێشەممە، 16-1-2024) لەبارەی هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر هەولێر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ "فەرەنسا زۆر بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە."
 
فەرەنسا سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەڵێ "ئەو کارانە پێشێلکردنی زەق و قبوڵنەکراون بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی عێراق کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لێی. دەشبێتە هۆی زیادبوونی گرژییە هەرێمییەکان و پێویستە بووەستێندرێت." 
 
هەر وەک لە راگەیەندراوەکەی فەرەنسادا هاتووە "فەرەنسا حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیادەکاتەوە لەوەی بەتەواوی هاوسۆزین لەگەڵیاندا." 
 
هێرشەکەی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر هەولێر بە 10 مووشەک بوو، کە نیوەیان بە ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر کەوتن، بەهۆیەوە پێشڕەو و کچێکی کە هێشتا تەمەنی نەبووەتە یەک ساڵ گیانیان لەدەستدا، جگە لەوان هاوڕێیەکی بەناوی کەرەم میخائیل، خاوەنی کۆمپانیای ئەلڕەیان بۆ هاوردەکردنی ئامێری کارەبایی لە عێراق و کارگوزارێکی ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی لە بە رەچەڵەک فیلیپینییە، گیانیان لەدەستدا. 
 
شەوی هێرشەکە، لەنێو ماڵی پێشڕەو دزەییدا بەبۆنەی گەڕانەوەی منداڵەکانی لە ئەمریکا، ئاهەنگی خێزانی هەبووە، بۆیە مووشەکەکان جگە لە کوشتنی ئەو چوار کەسە، بوونە هۆی برینداربوونی 17 کەسی دیکە، کە لە ئەندامانی خێزان، بنەماڵە و پاسەوان و خزمەتگوزارەکانی پێشڕەو دزەیی پێکدێن.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ "بە تووندی" سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی کرد و بە "دوژمنکارانە" وەسفیان دەکات، دەڵێت "لیژنەى لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە پێکهێنراوە و لە ئەنجوومەنى ئاسایش سکاڵا تۆمار دەکات."
 
سوپای پاسداران، بەرپرسیاریێتیی هێرشەکانی گرتووەتە ئەستۆ. شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێ راگەیێندراوی بڵاوکردەوە، دووانیان لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر بوون و تێیدا زانیاریی ناکۆکی بڵاوکردووەتەوە، سەرەتا رایگەیاند "بنکە سیخوڕییەکان و شوێنی کۆبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییە دژبەرە ئێرانییەکان" کراونەتە ئامانج، بەڵام لە راگەیێندراوی کۆتاییدا کە ماوەیەکی کەم دواتر و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ  بڵاویکردەوە، دەڵێ "بنکە سەرەکییە سیخوڕییەکانی رژێمی زایۆنی (موساد)" [ئیسرائیل] کراونەتە ئامانج."  

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە