جۆرە بۆقێک بەناوی لیۆناردۆ دیکاپریۆوە دەکرێت

17-02-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەکو رێزێک بۆ ئەو کارەی لەپێناو پاراستنی ژینگەدا کردوویەتی، زانایانی ئیکوادۆر جۆرە بۆقێک کە تازە دۆزراوەتەوە، بەناوی لیۆناردۆ دیکاپریۆ، ئەستێرەی هۆڵیوودەوە دەکەن.
 
دیکاپریۆ لەپاڵ کاری سینەمایی، وەکو چالاکڤانێکی ژینگەییش کار دەکات.
 
ئەو جۆرە بۆقەی کە ناونراوە فیلۆناستێس دیکاپریۆ، یەکێکە لەو حەوت جۆرەی کە تازە لەلایەن پەیمانگەی نیشتمانیی فرەچەشنیی زیندەیی ئیکوادۆر، زانکۆی کاسۆلیکی ئیکوادۆر و زانکۆی کویتۆی سانفرانسیسکۆی ئەمریکاوە دۆزراونەتەوە.
 
بۆقەکە لە دارستانێکی پارێزگای ئێل ئۆرۆی ئیکوادۆر دۆزراوەتەوە. ئەو بۆقانە لەو شوێنانە دەژین کە 1330 تاوەکو 1705 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزن.
 
ئەو تیمەی جۆرە بۆقەکەی دۆزیوەتەوە، داوای پاراستنی شوێنی سرووشتیی ژیانی دەکەن لەبەر ئەوەی شوێنەکە دەگمەنە. 
 
لیۆناردۆ دیکاپریۆ ساڵانێکە وەک داکۆکیکارێکی بواری ژینگە کار دەکات. لە ساڵی 1998 دامەزراوەی لیناردۆ دیکاپریۆی دامەزراند کە لە بواری پرسە ژینگەییەکاندا کاردەکات، لە نێویاندا پاراستنی ژیان و نشینگەی گیانەوەرانی کێوی و هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. 
 
یەکێک لە کارە هەرە دیارەکانی، پشتیوانیکردنی داخستنی پڕۆژەیەکی دەرهێنانی نەوت بوو لە پارکی نیشتمانیی یاسوونی لە ئیکوادۆر. 
 
ئەمە یەکەمین چەشنە زیندەوەر نییە بە ناوی دیکاپریۆوە دەکرێت. ساڵی 2023، زانایان جۆرە مارێکی زنجیرە چیاکانی هیمالایایان بە ناوی ئەنگیکولوس دیکاپریۆوە کرد. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە