رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رووخانی رژێمی ئێستای ئێران "رەنگە رووبدات". هاوکات جەختیشی کردەوە کە دەرگەی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئێران دانەخستووە. ترەمپ لە کاتێکدا ستایشی ئیسرائیلی کرد، دووپاتیکردەوە کە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەشداریکردنی سەربازیی وڵاتەکەیەوە نەداوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانەکانیدا هەڕەشە و ئاماژەی بە دیپلۆماسییەت کرد و رایگەیاند: "ئێمە نامانەوێت بچینە ناو جەنگێکەوە لەگەڵ ئێران، بەڵام ناشبێت چەکی ئەتۆمیی هەبێت."
ترەمپ لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی ئەمریکا لە هێرشەکاندا گوتی: "من بڕیاری کۆتاییم نەداوە لەبارەی ئەوەی بەشداری لە هێرشێکدا بۆ سەر ئێران بکەم، بەڵام هەندێک بیرۆکەم هەیە." ئەو ستایشی هەنگاوەکانی ئیسرائیلی کرد و گوتی: "ئیسرائیل کارێکی باش دەکات."
لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ دەرگای بۆ دیپلۆماسی بە کراوەیی هێشتەوە و گوتی: "من دەرگەم بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئێران دانەخستووە و ئەگەر هەیە رێککەوتن بکرێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێران چەند هەفتەیەکی مابوو بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی." ترەمپ هەروەها ئاشکرای کرد، پرسی ئێرانی لەگەڵ بەرپرسێکی سەربازیی پاکستانیدا باسکردووە و رایگەیاند، کاژێرێکی دیکە کۆبوونەوەیەک لەسەر ئێران و ئیسرائیل ئەنجام دەدەن.
لە کۆتاییدا، ترەمپ دۆخەکەی بە نادیاری هێشتەوە و گوتی: "دەکرێت هەموو شتێک رووبدات."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە شەشەمین رۆژی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دێن، کە تێیدا هەردوو وڵات رووبەڕووی شەپۆلی نوێی هێرشی مووشەکی بوونەتەوە. ئیسرائیل رایگەیاندووە، چەندین ئامانجی ستراتیژی لەنێوخۆی ئێراندا کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا "بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئێران" و دامەزراوەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی. لە بەرامبەردا، ئێران چەندین جار بە مووشەک وەڵامی داوەتەوە و هۆشداریی تووندی داوەتە ئەمریکا لەبارەی دەستێوەردانی سەربازییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ