رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە بە بەرپرسانی راگەیاند، سوپای وڵاتەکەی "پلانی بۆ هەموو شتێک" هەیە، لەنێویاندا پلانی ورد بۆ رۆژی دوای هێرشکردنە سەر ئێران.
لەکاتی دانیشتنێکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیران، ئێلیسا سلۆتکین، سیناتۆری دیموکرات لە ویلایەتی میشیگن، پرسیاری لە پیت هێگسەس کرد: "ئایا هیچ پلانێکت بۆ 'رۆژی دواتر' داڕشتووە؟ وەک پاراستنی هێزەکان، بەکارهێنانی هێزی زەمینی لە ئێران یان خەمڵاندنی تێچووەکان. ئایا رێگەپێدانت بۆ پلانی 'رۆژی دواتر' داوە؟"
هێگسەس لە وەڵامدا گوتی: "سیناتۆر، ئێمە پلانمان بۆ هەموو شتێکمان هەیە."
وەزیری بەرگریی ئەمریکا چەندین جار رەتیکردەوە بچێتە نێو وردەکاریی گفتوگۆکانییەوە سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و گوتی، لە دانیشتنێکی کراوەدا زانیاری ئاشکرا ناکات. هێگسەس گوتی، تاران 60 رۆژی لەبەردەستدا بووە بۆ قبوڵکردنی رێککەوتنێک و ئەوان "بە تەواوی دەزانن سەرۆک چی دەڵێت."
وەزیری بەرگری گوتیشی: "ئەوان دەرفەتێکیان هەبوو بۆ ئەنجامدانی رێککەوتن، دەبوو رێککەوتنەکەیان بکردایە. قسەی سەرۆک [دۆناڵد] ترەمپ مانای هەیە و لە وەزارەتی بەرگری، ئەرکی ئێمە ئەوەیە ئامادە و ساز بین بە بژاردەکانەوە و هەر ئەوەشە کە دەیکەین."
ئەم لێدوانانەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە شەشەمین رۆژیدایە و گرژییەکان لە لووتکەدان.
لێدوانەکان هاوکاتن لەگەڵ قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە رایگەیاندووە هێشتا بڕیاری نەداوە ئایا وڵاتەکەی بەشداری لە هێرشەکاندا دەکات یان نا و هانی ئیسرائیلی داوە "بەردەوام بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ