رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ بەلەمێکی چووپ لە نزیک دوورگەیەکی یۆنان بە ژمارەیەک کۆچبەرەوە ژێرئاو کەوت، "چوار کەس خنکاون و ئەوانی دیکەش بێسەروشوێنن".
رۆژی دووشەممە، 18-08-2025، رەنج پشدەری، چالاکڤانی بواری کۆچبەران لە یۆنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەیانیی ئەمڕۆ ژمارەیەک کۆچبەر کە هێشتا ژمارەیان بەتەواوی نەزانراوە (بەڵام بەپێی زانیارییەکان لەنێوان حەوت بۆ هەشت کەس دەبن)، لە ئیزمیری تورکیاوە بەرەو دوورگەی متلینیی یۆنان بەڕێکەوتوون".
بە گوتەی رەنج پشدەری، دوای ئەوەی لەنێو دەریا تووشی کێشە بوون، بەلەمەوانەکە هەڵاتووە و ئەوانی بەجێهێشتووە، بەلەمە چووپەکەش ژێرئاو کەوتووە. گوتیشی: "چوار کەس خنکاون، دوو کەس لەلایەن هێزی دەریاوانیی یۆنانەوە رزگارکراون و ژمارەیەکی دیکەش بێسەروشوێنن."
ئەو چالاکڤانەی بواری کۆچبەران گوتی: "تاوەکو ئێستا ناسنامەی قوربانییەکان پشتڕاست نەکراوەتەوە و نازانرێت خەڵکی کوێن، گەڕان و پشکنینیش بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووەکان بەردەوامە."
بە گوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ، ئەم ساڵ تاوەکو 12ـی ئاب، 85 هەزار و 747 کۆچبەر چوونەتە ئەورووپا کە 80 هەزار و 708یان بە دەریادا بووە. هەروەها، لە هەمان ماوەدا هەزار و 212 کەس لەو رێگەیە بێسەروشوێن بوون یان مردوون، لەکاتێکدا پار سێ هەزار و 812 کەس بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ