جیهان
ژمارەیەک کۆچبەر لەکاتی هەوڵدان بۆ چوونە وڵاتانی ئەورووپا. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە: ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو بەلەمێک لە سنوورە ئاوییەکانی ماڵتا و ئیتاڵیا ژێرئاو کەوت و چەند کۆچبەرێک بێسەروشوێنن و گیانیان لەدەستداوە. چالاکڤانێکی کۆچبەری دەڵێ، بەگوێرەی زانیاری سەرەتایی، سێ لەوانەی گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێنن کوردن و خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن.
بەلەمەکە دوو رۆژ لەمەوبەر بە 35 کۆچبەرەوە لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوو و شەوی رابردوو لە سنووری ئاوی ئیتاڵیا و ماڵتا ژێرئاو کەوت.
ئەمڕۆ 18ـی ئۆکتۆبەر، میدیای ئیتاڵیا بڵاویکردەوە: "11 کەس لە بەلەمەکە رزگار کراون، یەک تەرم دۆزراوەتەوە و نزیکەی 20 کەسیش بێسەروشوێنن".
رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەری لە ئەورووپا، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆچبەرەکان زۆرینەیان ئەفغانستانین، بەڵام زانیاریمان پێدراوە ژمارەیەکیان کوردن و لەنێو قوربانییەکاندان".
ئەو سێ کۆچبەرەی دەنگۆی خنکان یان بێسەروشوێنبوونیان هەیە دووانیان دانیشتووی رانیە و ئەوی دیکەش دانیشتووی حاجیاوایە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی.
ناسنامەی کۆچبەرەکان دراوەتەوە رووداو، بەڵام لەبەر هەستیاری بابەتەکە و دڵنیانەبوونەوە بڵاوی ناکەینەوە.
سەرچاوەیەک بە رووداوی گوت، قاچاخچییەکان بە تەلەفۆن بە ماڵباتی سێ کوردەکەیان گوتووە کوڕەکانیان لەو بەلەمەدا خنکاون، بەڵام کەسوکاریان رەتیانکردووەتەوە و گوتوویانە: "کوڕەکانمان لە لیبیا دەستبەسەرن".
بەلەمەکە لەبری چوونە ئاوی ئیتاڵیا بە هەڵە چووەتە سنوورە ئاوییەکانی ماڵتا، دوای ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە پۆلیس بە هانایانەوە چووە.
پۆلیسی کەناراوەکانی ئیتاڵیا، سەرقاڵی گەڕانن بۆ کۆچبەرە بێسەروشوێنەکان، کە گومان دەکرێ خنکابن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ