فەیسبووک ریکلامێکی ترەمپ دەسڕێتەوە

19-06-2020
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن ترەمپ فەیسبووک
A+ A-

رووداو – هەولێر

کۆمپانیای فەیسبووک ریکلامێکی کەمپەینی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ دەسڕێتەوە، لەبەرە ئەوەی لە ریکلامەکەدا دروشمێک بەکارهێنراوە، کە پێشتر لەلایەن نازییەکانەوە بۆ زیندانیانی سیاسی بەکارهێنراوە.

گەورەترین تۆڕی کۆمەڵایەتیی جیهان، کە لە چەند مانگی رابردوودا بەهۆی خۆبەدوورگرتنی لە دەستوەردان لە پرسە سیاسییەکان مشتومڕی دروستکردووە، لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، ریکلامەکەی ترەمپ پێچەوانەی یاسای بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکەیان بووە و بە بڵاوکردنەوەی رق هەژمارکراوە، بۆیە لایانبردووە.

ناتانیێل گلیچەر، سەرۆکی یاسای ئاسایشی فەیسبووک لە کۆبوونەوەیەکی لیژنەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، گوتی: "ئێمە رێگە بەو دروشمانە نادەین کە گوزارشت لە بیری توندڕەو دەکەن مەگەر لەگەڵ پەیامی گشتی یەکبگرن یان بە مەبەستی ئیدانەکردنیان بەکاربهێنرێن. ئەمەش ئەو شتەبوو کە لەو ریکلامەدا بینیمان و لە هەر شوێنێکی دیکەش ئەو دروشمە بەکاربهێنرێت هەمان شت دەکەین".

گرتنەبەری ئەم هەنگاوە لەدژی ئەو ریکلامانەی کە ناوەڕۆکەکەیان هانی توندوتیژی دەدەن و لە لایەن گرووپە چەپڕەوەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، لە کاتێکدایە کە لە ئەمریکا مشتومڕێکی گەرم لە نێوان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەرکردە سیاسییەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت لەسەر ئەوەی کە کام بابەت دەبێت رێگەی پێ بدرێت بڵاوبکرێتەوە و کامەشیان قەدەخە بکرێت.

یەکێک لە هەژمارەکانی بەرگریکار لە کەمپەینی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکدا، بەکارهێنانی سێگۆشە سووری هەڵگەڕاوەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لەم سەردەمەدا بە بەربڵاوی و بەگشتی لە دژی گروپی چەپڕەوی ئەنتیفا بەکاردەهێنرێت.

بەڵام گرووپێکی چاودێریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناوی میدیا ماتەرز، لە تویتێکدا وەڵامیاندایەوە و گوتی کە بابەتەکە بەو شێوەیە نییە و بەکارهێنانەکەی هەڵە بووە.

هاوکات گروپەکە ئەوەشی راگەیاندووە کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە کەمپەینی ترەمپ دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەی ترس لە رێگەی ریکلامەکانی لە دژی گرووپی چەپڕەوی ئەنتیفا. هەرچەندە ریکلامەکە دژی مەرجەکانی فەیسبووک بووە، بەڵام سەرەتا رێگەی پێدراوە بڵاوببێتەوە.

لە ماوەی رابردوودا کۆمپانیای فەیسبووک بەردەوام رەتیکردووەتەوە بژارەی پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر بڵاوکراوەکانی سیاسەتڤانان زیادبکات.

یەکێک لەوانەی داوای دەکرد فەیسبووک ئەو کارە بکات جۆ بایدنی بەربژێری دیموکراتەکان بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە داوایکردبوو کۆتایی بەو زانیاریانە بهێنرێت کە کۆشکی سپی بڵاویاندەکاتەوە، چونکە ئەو بە "هەڵە و هەڵخەلەتێنەر" ناویاندەبات.

مارک زوگەربێرگ، دامەزرێنەری فەیسبووک رایگەیاندووە کە ئەوانەی خۆیان بەدووردەگرن لە دەستوەردان یان سنوردارکردنی ئەو گوتارە سیاسییانەی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەیان بڵاودەکرێنەوە، بەڵام بەردەوامدەبن لە سەپاندن و جێبەجێکردنی مەرجەکانی بەکارهێنانی فەیسبووک.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە