رووداو دیجیتاڵ
چەند دیپلۆماتێک دەڵێن، لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی ئێران و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چەندین جار بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوە دیپلۆماسییانە کە قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز کردووە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گوتووە، تاوەکو ئیسرائیل کۆتایی بە هێرشەکانی نەهێنێت، گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا دەستپێناکەنەوە.
ویتکۆف باسی لە پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ئێران کردووە کە لە کۆتایی مانگی ئایاری ئەم ساڵ پێشکێشی ئێرانیان کردووە.
لە پێشنیازەکە داوا لە ئێران کراوە، کۆمەڵە کۆمپانیایەک لە ناوچەکە یۆرانیۆمی ئێران بپیتێنن، بەڵام ئێران رەتیکردووەتەوە.
ئەمریکا و ئێران بڕیار بوو رۆژی یەکشەممەی رابردوو، 15ـی حوزەیران لە مەسقەتی پایتەختی عومان شەشەم گەڕی گفتوگۆی ئەتۆمی ئەنجام بدەن، بەڵام هێرشی ئیسرائیل لە رۆژی هەینی، گتوگۆی نێوانیانی وەستاند.
ئیسرائیل دەڵێت، ئامانجی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران، تێکشکاندنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانە و ناهێڵن ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
دپلۆماتێکی نزیک لە عێراقچی دەڵێت، ئێران ئامادەیە دەست بە گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا بکاتەوە، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر تاران بوەستێنێت.
"رەنگە هێرش بکەمە سەر ئێران، رەنگە نەیکەم"
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوو چەندین جار باسی لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران کردووە.
ترەمپ رۆژی سێشەممە، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا بڕیاری داوە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، گوتی: "رەنگە بیکەم، رەنگە نەیکەم."
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە پێویستە ئێران "بێ مەرج خۆی رادەست بکات" و گوتی: "هەفتەی داهاتوو چارەنووسساز دەبێت. رەنگە کەمتریش لە هەفتەیەک."
میدیای ئەمریکیش لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، ترەمپ پلانی هێرشکردنە سەر ئێرانی پەسند کردووە.
بەرپرسێکی ئیسرائیلیش بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئیسرائیل چاوەڕێ دەکات لە 24 بۆ 48 کاژێری داهاتوو، ترەمپ دەست بە هێرشکردنە سەر ئێران بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ