مۆڵەتی دوو هەفتەیی ترەمپ؛ چوونە نێو شەڕ لەگەڵ ئێران یان دانوستاندن؟

20-06-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن جەنگی ئێران و ئیسرائیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەم دوو هەفتەیەدا بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە ئایا بەشداری لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات یان نا، چونکە هێشتا "دەرفەتێکی باش" بۆ دانوستاندن و کۆتاییهێنان بە ململانێکە هەیە.
 
کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی پەیامێکی ترەمپی خوێندەوە و رایگەیاند، "مشتومڕێکی زۆر" هەبووە لەبارەی ئەوەی ئایا ئەمریکا "راستەوخۆ" بەشداری لە ململانێکەدا دەکات یان نا.
 
ترەمپ لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "لەبەرئەوەی دەرفەتێکی باش بۆ دانوستاندن هەیە، کە رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ ئێران بکرێن یان نەکرێن، لەم دوو هەفتەیەدا بڕیاری خۆم دەدەم کە ئایا بچینە نێو جەنگەوە یان نا."
 
پێشبینی دەکرێت ئەم راگەیێندراوە ببێتە هۆی ئارامکردنەوەی دۆخەکە و رێگە بۆ دیپلۆماسی خۆش بکات، ئەمەش دوای یەک هەفتەی پڕ لە گرژی دێت، کە گەیشتە ئەو رادەیەی ترەمپ هەڕەشەی کوشتن لە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات.
 
ترەمپ پێداگرە لەسەر ئەوەی نابێت هەرگیز تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
 
لێڤیت بە رۆژنامەڤانانی رایگەیاند، "هەرگیز هێندەی ئێستا ئێران لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نزیک نەبووە." گوتیشی، ئەگەر خامنەیی بڕیار بدات، ئێران دەتوانێت لە ماوەی "دوو هەفتە"دا چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت.
 
گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی، "ئێران هەموو ئەو شتانەی هەیە کە بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی پێویستن. تاکە شت پێویستیان بێت، بڕیاری رێبەری باڵایە بۆئەوەی ئەو کارە بکەن. ئەو کات تەنیا دوو هەفتەیان پێویست دەبێت بۆئەوەی بەرهەمهێنانی ئەو چەکە تەواو بکەن."
 
رۆژی چوارشەممە، ترەمپ رایگەیاندبوو کە ئێران داوای کردووە بەرپرسەکانی بنێرێتە کۆشکی سپی بۆ دانوستاندن لەسەر رێککەوتنێک سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و کۆتاییهێنان بە ململانێی لەگەڵ ئیسرائیل؛ بەڵام ئێران ئەو هەواڵەی رەتکردەوە.
 
لێڤیت ئامادە نەبوو وردەکاریی ئەوە بدات کە چی وای لە ترەمپ کردووە باوەڕی وابێت دانوستاندن لەگەڵ ئێراندا بکرێت، بەڵام رەتیکردەوە ترەمپ لە بڕیاری بەکارهێنانی هێز دوودڵ بێت، گوتیشی، "ئەگەر هەلێک بۆ دیپلۆماسی هەبێت، سەرۆک هەمیشە دەیقۆزێتەوە، بەڵام لە بەکارهێنانی هێزیش ناترسێت."
 
گوتەبێژەکە، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندیدا بووە، گوتی، "پەیوەندی لەنێوان واشنتن و تاراندا بەردەوام بووە."
 
"متمانەتان بە سەرۆک ترەمپ هەبێت"
 
رۆژی پێنجشەممە، ترەمپ بۆ سێیەم رۆژ لەسەریەک لە ژووری چاودێریکردنی ئۆپەراسیۆنە هەستیارەکان لە کۆشکی سپی کە توندترین رێوشوێنی ئەمنیی هەیە، کۆبووەوە و بەردەوام بوو لە تاوتوێکردنی ئەوەی کە ئایا بەشداری لە هێرشکردنە سەر ئێران بکات یان نا.
 
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هەنگاوی سەربازی دژی ئێران دەنێت، گوتبووی: "رەنگە بیکەم، رەنگە نەیکەم."
 
ترەمپ چەندین هەفتە بوو هەوڵی رێگەیەکی دیپلۆماسی دەدا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە جێگەی ئەو رێککەوتنە ئەتۆمییەی ئێران بگرێتەوە کە لە خوولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە.
 
بەڵام دواتر ئیسرائیل دەستی بە هێرشکردنە سەر ئێران کرد و لەو کاتەوە، ترەمپ پشتیوانی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و گەورە بەرپرسە سەربازییەکانی ئێران کرد.
 
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا لە هەمان کاتدا بیری لەوە کردووەتەوە کە ئایا راستەوخۆ لە شەڕەکەدا بەشدار بێت یان نا.
 
یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاکە وڵاتە کە خاوەنی بۆمبی گەورەی حەشارشكێنە کە دەتوانێت دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆی ئێران وێران بکات.
 
لەلایەکی دیکەوە، کۆشکی سپی داوا لە لایەنگرانی ترەمپ دەکات "متمانە" بە سەرۆک بکەن لەکاتێکدا بڕیار لەسەر پرسەکە دەدات.
 
ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارەکانی لایەنگری ترەمپ، لەوانە شرۆڤەکار تاکەر کارڵسن و یاریدەدەری پێشوو ستیڤ بانن، بە ئاشکرا دژایەتیی خۆیان بۆ هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران راگەیاندووە.
 
بەڵێنەکەی ترەمپ بۆ دەرهێنانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە "شەڕە هەمیشەییەکانی" رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رۆڵێکی گرنگی لە سەرکەوتنەکانی لە هەڵبژاردنەکانی 2016 و 2024دا هەبوو.
 
لێڤیت گوتی، "متمانەتان بە سەرۆک ترەمپ هەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا