ئەرجەنتین.. دووەم گەورەترین ئابووریی ئەمریکای لاتین و وڵاتێکی هەژار

19-12-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
ئەرجەنتینییەکان لە پایتەختی وڵاتەکەیان ئاهەنگ و خۆشی دەردەبڕن. وێنە؛ AFP
ئەرجەنتینییەکان لە پایتەختی وڵاتەکەیان ئاهەنگ و خۆشی دەردەبڕن. وێنە؛ AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژێک پێش یاریی کۆتایی مۆندیالی قەتەر لەنێوان ئەرجەنتین و فەرەنسا و لە رۆژی 17-12-2022، ئەرجەنتینییەکان لە پایتەختی وڵاتەکەیان گردبوونەوە بۆ پاڵپشتیکردنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان. هاوکات کرێکار و خەڵكی کەمدەرامەتی وڵاتەکەی مارادۆنا و لیۆنێل مێسی-ش بە رێپێوان بەرەو وەزارەتی ئابووریی وڵاتەکەیان چوون.
 
خۆپێشاندەرێک دەڵێت، "ئێمە زۆر دڵمان بە مۆندیال خۆشە، بەڵام حکومەت بۆ مەبەستی خۆی بەکاریدەهێنێت. ئەوان ئێمە نابینن. نابینن چۆن ئێمە سزا دەدەن. ئەوان کرێکار سزا دەدەن."
 
نرخی مانگێک خۆراک بۆ هەر خێزانێک لە ئەرجەنتین لانیکەم 100 دۆلارە. لە کاتێکدا تێكڕای مووچەی کرێکار 150 دۆلارە. یەک دۆلاری ئەمریکیش 172 پیسۆیە، کە دراوی وڵاتەکەیە.
 
خۆپێشاندەرێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمڕۆ سەبەتەی خۆراک لە وڵاتەکەماندا 150 هەزار پیسۆی تێپەڕاندووە. ئێمە مانگانە 27 هەزار پیسۆ وەردەگرین. ئێمە لە هەژارییەکی تەواوداین."
 
ژمارەی دانیشتووانی ئەرجەنتین 45.81 ملیۆن کەسە. رێژەی هەڵاوسان لە ماوەی ساڵێکدا گەیشتووەتە 92.4%، چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵ رێژەکە بگاتە 100%، واتە نرخی شتومەک بەراورد بە پار دوو هێندە ببێت. رێژەی هەژارییش گەیشتووەتە 40%. بە جۆرێک 17 ملیۆن کەس لە هەژاریدا دەژین.
 
خراپبوونی دۆخی ئابووری وایکردووە بەشێکی خەڵک خۆیان لە باج بدزنەوە. حکومەتیش پەنای بردووەتە بەر ئەمریکا بۆ رێککەوتنێک لەبارەی رێکارەکانی وەرگرتنی باج لەوانەی خۆیان دەشارنەوە.
 
سێرجیۆ ماسا، وەزیری ئابووریی ئەرجەنتین دەڵێت، "ئەمە کارێکە بۆ دادپەروەریی باج. مەبەستمانە هەموو ئەوانەی کە بەشێکن لە سیستمی ئابووریی ئەرجەنتین و لە چالاکی و بەرهەمەکەی سوودمەند دەبن، بەگوێرەی حکومەت باجەکانیان بدەن."
 
لە مانگی تشرینی دووەمدا کرێی خانوو، ئاو، کارەبا و سووتەمەنی 8.7% نرخیان بەرزبووەتەوە. ئەرجەنتین بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە کەرتی کشتوکاڵ دەبەستێت. لە ساڵی 2021 داهاتی کەرتی کشتوکاڵ نزیکەی 50 ملیار دۆلار بووە.
 
وڵاتەکە، لەدوای بەرازیل، دووەم گەورەترین ئابووریی ئەمریکای لاتینە، بەجۆرێک کۆی بەرهەمی نێوخۆی نزیکەی 492 ملیار دۆلارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای سۆماڵیلاند لەسەر نەخشەی وڵاتەکە

ئیسرائیل وەک یەکەم وڵات دانی بە سەربەخۆیی سۆماڵیلاند دانا

ئیسرائیل بووە یەکەم وڵات لە جیهاندا کە بە فەرمی دان بە سەربەخۆیی کۆماری (سۆماڵیلاند)دا بنێت. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتی، هەنگاوەکە دوای ساڵێک لە دیالۆگی چڕ و بڕیارێکی هاوبەشی نێوان نەتەنیاهوو و سەرۆکی سۆماڵیلاند هاتووە.