رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ کۆنگرێسمان ئەبراهام کۆبووەوە. ئەو کۆنگرێسمانە جگە لە تاوتوێکردنی چەند پرسێک لەگەڵ سەرۆکوەزیران، گوتیشی، "رەگێکی کوردیم هەیە و نەنکم کوردە."
رۆژی سێشەممە 20-05-2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ کۆنگرێسمان ئەبراهام (ئەیب) حەمادە کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنگرێسمان ئەیب ئاماژەی بەوە داوە، "شانازی دەکەم لە بنەماڵەکەماندا رەگێکی کوردیم هەیە و نەنکم (دایکی باوکم) کوردە و دایکیشم دوورزییە."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "کۆنگرێسمان ئەیب خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ واشنتن و واژۆکردنی دوو رێککەوتننامەی گرنگ لە بواری وزە دەربڕی، کە لە بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدایە." جەختیشی لە گرنگیی برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لە هەموو بوارەکاندا کردووەتەوە.
سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی لە کۆنگرێسمان ئەیب کرد، کە ساڵی رابردوو بە ئەندامی کۆنگرێس هەڵبژێردرا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست؛ هەروەها سوپاسی پشتیوانیکردنی لە هەرێمی کوردستان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ