جیهان
کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا. وێنە: REUTERS/Denis Balibouse
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، لەگەڵ نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا، رۆژی هەینی 20ی حوزەیرانی 2025 لە جنێڤ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە؛ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا نیگەرانیی خۆیان لەبارەی دۆخی ناوچەکە و پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران راگەیاند.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەو چوار لایەنە نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە زیادبوونی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەربڕیوە، پابەندبوونی پتەوی خۆیشیان بە ئاسایشی ئیسرائیل دووپات کردووەتەوە.
هەروەها رایانگەیاندووە، پێویستە هەموو لایەنەکان خۆیان لە گرتنەبەری هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان لە ناوچەکەدا بەدوور بگرن و، بەپەلە چارەسەرێک لە رێگەی دانوستانەوە بدۆزرێتەوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
وەزیرانی فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا، نیگەرانییە لەمێژینەکانی خۆیان لەبارەی فراوانکردنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران دووپات کردووەتەوە، کە "هیچ ئامانجێکی مەدەنیی باوەڕپێکراوی نییە" و پێشێلکاریی زۆربەی بڕگەکانی رێککەوتنی ئەتۆمییە (JCPOA). هەروەها گفتوگۆیان لەبارەی رێگاکانی گەیشتن بە چارەسەرێکی دانوستاندنکراو بۆ پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران کردووە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر بەپەلەیی بابەتەکە.
ئەو چوار لایەنە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆکردن لەسەر هەموو ئەو پرسانەی پەیوەستن بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و پرسە فراوانترەکانەوە.
هاوکات، پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) دەربڕیوە و هانی ئێرانیان دا کە بە تەواوی هاوکاریی ئاژانسەکە بکات، بەگوێرەی پابەندبوونە یاساییەکانی و لەبەر رۆشنایی دوایین راپۆرتی ئاژانسەکە سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی پارێزگاری لە ئێران.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، پشتیوانیی خۆیان بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆکان راگەیاندووە و پێشوازییان لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو. هەروەها ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوەی دیکە لە داهاتوودا دەربڕیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ