رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ راگەیاند، بەڵام مەرجێکی روونی دانا کە بریتییە لە راگرتنی هێرشەکان. هاوکات جەختیشی کردەوە کە "بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ئاشتیانەیە."
عێراقچی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەورووپا بەجیا هاتە نێو رۆژنامەڤانان و چەند خولەکێک قسەی بۆ کردن و هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بە جەنگەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل و گەڕانەوە بۆ مێزی دانوستاندن دەربڕی.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر مافی وڵاتەکەی بۆ "بەرگریکردن لە خۆی" کردەوە و گوتی: "بەردەوام دەبین لە پەیڕەوکردنی مافی رەوامان لە بەرگریکردن لە خۆمان." لەبارەی توانای سەربازیی ئێرانەوە، بە روونی گوتی: "ئامادە نین دانوستاندن لەسەر توانا بەرگرییەکانمان بکەین."
عێراقچی، ئیسرائیلی بە "پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی" تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، "ئێران بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە خۆی لە دژی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل."
سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "بەرنامە ئەتۆمییەکەمان ئاشتییانەیە،"
وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا ئەمڕۆ گەیشتنە جنێڤ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەیان و تاوتوێکردنی پرسی جەنگ.
دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کە لە واشنتنەوە گەیشتبووە سویسرا و "پەیامی ئەمریکییەکانی بۆ ئێران پێبوو" لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا بە هێڵێکی گشتی باسی کۆبوونەوەکەی کرد لەگەڵ عێراقچی و گوتی: "هانی ئێران دەدەین لە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام بێت."
لامی و وەزیرەکانی دیکە هاوڕابوون کە "بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە" لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە دەکرێت پرسەکە چارەسەر بکرێ.
کۆبوونەوەی ئەم بەرپرسانەی ئەورووپا و بەریتانیا و ئێران لە کاتێکدایە، ئیسرائیل و ئێران نزیکەی دوو هەفتەیە جەنگیان هەڵگیرساندووە دژ بە یەکدی و رۆژانە چەندین جار بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکی بالیستی هێرشدەکەنە سەر یەکدی.
سەرەتای رووداوەکەش بە هێرشێکی لەناکاوی ئیسرائیل بۆ سەر تاران دەستیپێکرد، لە بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ