دوو وەزیری پێشووی ئەفغانستان کاری دیلیڤەری دەکەن

21-03-2022
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
خالید بایندا، وەزیری پێشووی دارایی ئەفغانستان، دوای هەڵاتنی لە وڵاتەکەی، ئێستا لە ئەمریکا نیشتەجێیە و کاری شۆفێری دەکات و خواردن دەگەیێنێتە کڕیاران.
 
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی راپۆرتێکی لەبارەی ژیانی خالید بایندا، وەزیری پێشووی دارایی ئەفغانستان لەپێش هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەو وەزیرەی کە بودجەیەکی 6 ملیار دۆلاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبان تەرخانکردبوو، دوای شکستهێنانیان لەسەر دەستی تاڵیبان، وڵاتەکەی جێهێشتووە و چووەتە ئەمریکا، ئێستا ئەو ئۆتۆمبێلێکی جۆری (هۆندا ئەکۆرد)ی پێیە و لە ڤێرجینیا کاری گەیاندن (دیلیڤەری) دەکات.
 
بایندای تەمەن 40 ساڵان ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر لە دوو رۆژدا بتوانێت 50 گەیاندن بکات، ئینجا 95 دۆلاری دەستدەکەوێت.
 
خالید بایندا، بۆ پەیداکردنی بژێوی هاوژین و چوار منداڵەکەی ئەو کارە دەکات و لەوبارەوە دەڵێت هەست بە ئارامییەکی زۆر دەکات و ئەوە مانای ئەوەیە کە نابێ بێئومێد ببێت.
 
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەکانی ئەڵمانیا بڵاویانکردووەتەوە، کە وەزیری پێشووی گەیاندنی ئەفغانستان ئەحمەد شیت سەعدات، ئێستا لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و کاری گەیاندنی پیتزا دەکات بە ماڵان.
 
ئەحمەد شیت، بۆ کاری گەیاندنەکەی، لە کاژێرێکدا بڕی 15 دۆلاری ئەمریکی وەردەگرێت و قسەی بۆ راگەیاندنەکان کردووە، دەڵێت: ئاسوودەیە و ئێستا زمانی ئەڵمانی دەخوێنێت بۆ ئەوەی دواتر لە پیشەکەی خۆیدا "پیشەسازیی گەیاندن بە تەل و بێتەل" کەڵکی لێوەربگرێت.
 
وەزیرەکەی پێشووی حکومەتی ئەفغانستان، لە شەقام و کۆڵانەکانی لایپیزگدا بە پاسکیل کاردەکات و جلوبەرگێکی پرتەقاڵی لەبەردەکات، بە جۆرێک دەردەکەوێت کە هیچ کەس هەست بەوە ناکات پێشتر وەزیر بووە.
 
ئەحمەد شیت دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، لەگەڵ خێزانەکەیدا وڵاتیان جێهێشت. ئەو ئەندازیاری کارەبای لە زانکۆی ئۆکسفۆرد خوێندووە و لە ژیانی پیشەیی خۆیدا سەرکەوتوو بووە، لە ساڵی 2016 لە حکومەتی ئەفغانستان پۆستی وەزیری پێدرا.
 
 لە ساڵی 2021دا بزووتنەوەی تاڵیبان، هێرشێکی فراوانی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەفغانستان دەستپێکرد. رۆژی 15-08-2021 بەبێ ئەوەی ئاشکرای بکات بۆ کوێ رۆیشتووە، سەرۆکی هەڵاتووی ئەفغانستان رایگەیاند، کە وڵاتەکەی جێهێشتووە بۆ ئەوەی رێگە لە "خوێنڕشتن" بگرێت، هەروەها دانی بە سەرکەوتنی بزووتنەوەی تاڵیباندا نا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە