تەندروستیی بەریتانیا لەبارەی کردنەوەی قوتابخانەکان: مەترسیی کۆرۆنا لەسەر منداڵان کەمترە لە هەڵامەت

21-09-2020
کۆشش بێستانسووری
نیشانەکردن کردنەوەی قوتابخانەکان بەریتانیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی تەندروستی لە هەر چوار نەتەوەکەی بەریتانیا کە پێکهاتوون لە ئینگلتەرا، سکۆتلەندا، باکووری ئێرلەندا و وەیڵز، بەڕوونی ئەوەیان راگەیاندووە کە مەترسییەکانی کۆرۆنا بەراورد بە مەترسیی نەچوونەوە بەر پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەکاندا کەمترن و دەشڵێت، مەترسیی هەڵامەتی وەرزی لەسەر منداڵان زیاترە وەک لە کۆرۆنا.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی دەزگای تەندروستیی بەریتانیا، بەڵگەیەکی زۆری پزیشکی لەبەدەستدان کە دەیسەلمێنن "مەترسییەکی زۆر کەم" لەسەر منداڵانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی هەیە، رێژەی مردن بۆ منداڵانی تووشبوو بە کۆرۆناش کە تەمەنیان لەنێوان 5-14 ساڵانە، تەنیا 14 کەسە بۆ یەک ملیۆن منداڵ، کە ئەوەش کەمترە لە رێژەی مردنی منداڵان بە هەڵامەتی وەرزی.
 
هەر بەپێی راگەیێندراوی دەزگا بەریتانییەکە، هەرچەندە مردنی یەک منداڵیش ناخۆشە، بەڵام "خۆشبەختانە" مردنی منداڵ و هەرزەکار "زۆر دەگمەنە و هەمیشەش بۆ ئەو منداڵانە روودەدات کە پێشتر نەخۆش بوون و نەخۆشییەکەیان تووند بووە".
 
بەڵگەکانی دەزگای تەندروستیی بەریتانیا ئەوە دەخەنەڕوو، رێژەی ئەو کەسانەی کە تووشی کۆرۆنا دەبن و پێویستیان بە چاودێرییە لە نەخۆشخانە، تەنیا 0.2% بۆ ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 0-19 ساڵانە. لێکۆڵینەوەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، زۆربەی منداڵ و هەرزەکاران کە تووشی کۆرۆنا دەبن، نیشانەیەکی کەمیان هەیە یان هیچ نیشانەیەکیان نابێت.
 
سەبارەت بە تەندروستیی مامۆستا و فەرمانبەرانی دیکەی قوتابخانەکان، دەزگای تەندروستیی ئەو وڵاتە ئاماژە بە زانیارییەکانی دەزگای ئاماری بەریتانیا دەدات و دەڵێت، پیشەی مامۆستا و کارمەندانی قوتابخانەکان، پیشەیەکی سەلامەتە و مەترسیی لەسەر نییە.
 
گاڤین ویلیەمسن، وەزیری پەروەردەی بەریتانیا رایگەیاندووە، داهاتووی قوتابیان بەهۆی نەچوونەوە بۆ قوتابخانە لە مەترسیدا دەبێت، بەجۆرێک دەرفەتەکانی فێربوونیان لەکیس دەچێت.
 
وەزیری پەروەردەی بەریتانیا پێشتر داوای لە دایک و باوکان کردبوو کە منداڵەکانیان بنێرنەوە و گوتیشی، قوتابخانەکان شوێنێکی سەلامەتن؛ داواکەی وەزیرەکەش دوای ئەوە هات کە لەلایەن مامۆستایانەوە، دوای بڵاوکردنەوەی رێکارەکانی چۆنێتی دەستپێکردنەوەی خوێندن، رەخنە لە حکومەت گیرا.
 
بە گوتەی گاڤین ویلیەمسن، ئەگەر قوتابی و خوێندکاران نەچنەوە بۆ قوتابخانە، ئەوا بەتەنیا چەند مانگێکی خوێندنیان لەکیس ناچێت، بەڵکو دەکرێت "زیانێکی زۆر گەورەی بۆسەر داهاتووشیان هەبێت".
 
تەندروستیی منداڵان، وەکو وەزیرە بەریتانییەکە دەڵێت، ئەگەر نەچنەوە بۆ قوتابخانە خراپتر دەبێت، ئاماژە بەوەش دەکات "پەروەردە مافێکی بنەڕەتیی قوتابیانە، هەربۆیە دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی کە دەگەڕێنەوە بۆ فێربوون، یاریکردن و جارێکی دیکە بوونەوە بە منداڵ".
 
بەپێی ئەو رێنماییانەی حکومەتی بەریتانیا بۆ گەڕانەوە بۆ نێو قوتابخانەکان خستوونیەتەڕوو، دەبێت قوتابیان پەیوەندییان کەمکەنەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە گومان دەکرێت نەخۆش بن و تووشی کۆرۆنا بووبن، داواشدەکات لە هەرکوێیەک پێویست بوو لە قوتابخانە، ماسک بپۆشن و دوورەپەرێزیی کۆمەڵایەتی رەچاوبکەن، بەڵام باسی ئەوە نەکراوە کە ماوەی نێوان قوتابیەکان چەند بێت.
 
هەروەها داوا لە قوتابیان کراوە کە دەستیان زیاتر لە جاران بشۆن، ئەو شوێنانەی دەستیان بەردەکەوێت بە ماددەی پاکژکەرەوەی ستاندارد خاوێن بکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە