تەنیا لە یەک رۆژدا زیاتر لە هەزار کۆچبەر بە بەلەمی بچووک چوونەتە نێو خاکی بەریتانیا

21-09-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تەنیا رۆژی هەینیی رابردوو، زیاتر لە هەزار کۆچبەر بە بەلەمی بچووک و بە نایاسایی چوونەتە نێو خاکی بەریتانیاوە، ئەمە سەرەڕای رێککەوتنی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی.

بەگوێرەی ئاماری نوێی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، رۆژی هەینی، 19ـی ئەیلوول، هەزار و 72 کۆچبەر بە 13 بەلەم لە نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، بەمەش دەرکەوتووە هەر بەلەمێک زیاتر لە 80 کۆچبەری تێدا بووە.
 
چوونی زیاتر لە هەزار کۆچبەر لە رۆژێکدا بۆ نێو بەریتانیا، تەنیا رۆژێک لەداوی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نێوان بەریتانیا و فەرەنسایە لەبارەی چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران کە بە رێککەوتنی "یەک دیپۆرتکردنەوە و یەک وەرگرتن" ناسراوە. 
 
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، بەریتانیا لەبەرامبەر هەر کۆچبەرێک دیپۆرتی دەکاتەوە و رەوانەی فەرەنسای دەکاتەوە، کۆچبەرێکی دیکە وەریدەگرێتەوە، کە کەسوکاری لەوێیە. 
 
هەر رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، لە هەمان رۆژی جێبەجێکردنی رێککەوتنامەکە، پەناخوازێکی ئێرانی بووە سێیەم پەناخواز بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە دیپۆرت کرایەوە.
 
جگە لە دپۆرتکردنەوەی پەناخوازە ئێرانییەکە، تاوەکو ئێستا پەناخوازێکی هیندی و ئەریتیری دیپۆرتی فەرەنسا کراونەتەوە. 
 
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش داوە، تاوەکو ئێستا ئەم ساڵ زیاتر لە 32 هەزار و 100 کۆچبەر لە فەرەنساوە بە بەلەمی بچووک خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.
 
چاوەڕێش دەکرێت هەفتەی داهاتوو، بەریتانیا ژمارەی دیپۆرتکراوان زیادبکات و بەگوێرەی خاڵێک لە رێککەوتننامەکە، رێگە بە دەسەڵاتدارانی بەریتانیا دراوە دەستبەجێ هەر کۆچبەرێک دەگاتە نێو خاکی ئەو وڵاتە و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت، دەتوانن دیپۆرتیان بکەنەوە.
 
لەبارەی کاردانەوەی حکومەتی بەریتانیاش لەدوای گەیشتنی زیاتر لە هەزار کۆچبەر لە رۆژێکدا، شابانا مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بە رەگەز پاکستانی، رایگەیاند، "هاتنی ئەو شەپۆلی بەلەمە بچووکانەی پڕ لە کۆچبەران بە تەواوی قبووڵنەکراوە. ئەو باندی قاچاخچییانەی بازرگانی بە مرۆڤیشەوە کە ئەو بەلەمانە رەوانەی بەریتانیا دەکەن، بوونەتە هۆی وێرانکردنی دۆخی سنوورەکانمان."
 
وەزیری ناوخۆ رایگەیاندووە، دەستگیرکردنی ئەو پەناخوازانەشی مافی مانەوە و کارکردنیان لە بەریتانیا نییە، بەراورد بە پار، 50٪ زیادیکردووە، ئەمە جگە لەوەی ژمارەی ئەو هۆتێلانەی پەناخوازانیانی تێدا بوون کە لە هاوینی 2023دا زیاتر لە 400 بووە، ئێستا ژمارەکەیان کەمکراوەتەوە بۆ 210 هۆتێل.
 
بەگوێرەی ئامارە نوێیەکانی حکومەتی بەریتانیا، لە 12 مانگی رابردوودا زیاتر لە 35 هەزار پەناخواز کە مافی مانەوەیان لە بەریتانیا نەبووە، دیپۆرتکراونەتەوە، ئەمەش بەڕێژەی 13٪ زیاترە بەراورد بە رێژەی دیپۆرتکردنەوەی پار.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە