جیهان
کۆنفرانسەکە لەژێر ناونیشانی (ئاڵنگاریی "هەرگیز جارێکی دیکە با جینۆساید دووبارە نەبێتەوە." رێگریکردن و پاراستن لە جینۆساید) دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری جۆهانسبێرگی ئەفریقای باشوور، کۆنفرانسێک لەبارەی جینۆسایدەوە بەڕێوەدەچێت، تێیدا دوو کورد بە توێژینەوەی جیا بەشدارییان کردووە و یەکێکیان دەڵێت، "ئامانجمان ئەوەیە ئەو تاوانانەی دژی کورد کراون، دووبارە نەبنەوە."
کۆنفرانسەکە لەژێر ناونیشانی (ئاڵنگاریی "هەرگیز جارێکی دیکە با جینۆساید دووبارە نەبێتەوە." رێگریکردن و پاراستن لە جینۆساید) لە 20ی تشرینی یەکەم دەستیپێکردووە و تاوەکو 24ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.
لە کۆنفرانسەکەدا نزیکەی 250 شارەزای نێودەوڵەتی لە بواری جینۆساید دا بەشدارن، هەریەک لە د. محەممەد ئیحسان، لە هەرێمی کوردستان و ئاورینگ شاوەیس لە هۆڵەنداوە بەشدارن.
د. محەممەد ئیحسان، شارەزای نێودەوڵەتی لە بواری جینۆساید، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "من و ئاورەنگ شاوەیس دوو توێژینەوەی جیاوازمان لەسەر جینۆسایدی کورد هەیە، دەمانەوێت ئەو تاوانەی دژی کورد کراوە بە جیهانی بناسێنین."
ئەو شارەزا نێودەوڵەتییەی بواری جینۆساید، کە وەزیری پێشووی هەرێمی كوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوو، گوتیشی، "بە شێوەیەکی زانستی توێژینەوەکانمان پێشکێش کردووە، ئێمە ئامانجمان ئەوەیە ئەو تاوانانەی دژی گەلی کورد کراون، دووبارە نەبنەوە."
کۆنفرانسەکە کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی زانایانی جینۆسایدە و دوو ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت.
لە کۆنفرانسەکەدا ئەم ساڵ چەند چالاکیی تایبەت بە کورد بەڕێوەدەچێت، لەوانە:
- پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی کە لەلایەن محەممەد ئیحسانەوە رێکخراوە.
- پێشانگەیەکی کاری هونەری کە لەلایەن ئاورینگ شاوەیس بە ناونیشانی "ئەو کارە هونەرییانەی چیرۆکی جینۆسایدی کوردان دەگێڕنەوە" رێکخراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ